لیسته‌ کوردییەکانى پارێزگای دیالە: دۆخی هەرێم مەترسی لەسەر دەنگەکانمان دروست كردوه‌

2023/11/03 - 09:29 | 531 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت- سروه‌ كه‌ریم
 
لەگەڵ ده‌ستپێكردنى بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لایەنە کوردیەکان له‌ پارێزگاى دیالە بەچاوی ترسەوە لەیەکگرتویی عه‌ره‌ب  و پەرتەوازەیی کورد دەڕوانن، پارتی دەڵێت چاومان لە بردنەوەی یەک کورسیە، یەکێتیش پێیوایە ناتوانێت هیچ پێشبینییه‌ك بكات، هەرچی سۆسیالیسته‌ ده‌ڵێت: ئەگەر لایەنە کوردیەکان تەنها یەک  کورسیش بەدەست بهێنن براوەن.
 
پارێزگاى دیاله‌، له‌ ریزی 15 پارێزگاى عێراقیی دایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌و پارێزگایه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك قه‌زا و ناحیه‌ى كوردستانى تێدایه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و پارێزگایانه‌ى كه‌ "ناوچه‌ى جێناكۆك"ـى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌خۆده‌گرێت، كورد چاوی له‌ بردنه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ كورسییه‌كانێتى، ئه‌گه‌رچی په‌رته‌وازه‌یی خۆی و ئاماده‌كاری به‌رامبه‌ره‌كانى مه‌ترسیین له‌ به‌ده‌ستهێنانى كورسیی پێویست.
 
لە پارێزگای دیالە 892 هه‌زار و 710 کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ دیارییكردنى 15 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له‌ خانه‌قین كه‌ گه‌وره‌ترین شاری كوردنشینی پارێزگاكه‌یه‌، بەوتەی بەرپرسی کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌كه‌، نزیكه‌ى 70 هەزار کەس مافی دەنگدانیان له‌و قه‌زایه‌دا هەیە.
 
لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ كۆی 29 كورسیی ئه‌نجومه‌نى ئێستاى پارێزگاكاى دیاله‌دا، خاوه‌نى سێ كورسین (دوانى یه‌كێتى و یه‌كێكى پارتى)، له‌ ئه‌نجومه‌نى پێشوتریشدا خاوه‌نى 6 كورسی بو (3 كورسی یه‌كێتى و پارتى و سۆسیالیست و یه‌كگرتو یه‌كى كورسییه‌ك).
بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌، کورد بەسێ لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكه‌ دەکات، كه‌ ئه‌مانه‌ن:
 
1. یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بەلیستی ژمارە (120) بەشدارە و 30 كاندیدی هه‌ن (22 پیاو و  8 ژن).
 
2. پارتی دیموکراتی کوردستان. بەلیستی ژمارە (197) بەشدارە و 15 كاندیدی هەن (10 پیاو و 5 ژن).
 
3. پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان. بەلیستی ژماره‌ (202) به‌شداره‌ و 4 كاندیدی هه‌ن كه‌ یەکێکیان ژنە.
 
حزبی شیوعی کوردستان لە پارێزگای دیالە هیچ لیستێكی نییه‌، ئەگەرچی له‌ كه‌ركوك هاوپەیمانێتییان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی دا هەیە، بەڵام له‌ دیاله‌ هاوپەیمانى یه‌كێتى نین و دەنگ بە حیزبی شیوعی عێراق دەدەن.
 
هه‌رچی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتویی ئیسلامییه‌، هیچ لیستێكی تاك و هاوبه‌شیان نییه‌ و دیارنییه‌ ئه‌ندام و ده‌نگده‌ره‌كانیان ده‌نگ به‌ كێ ده‌ده‌ن.
 
 
یه‌كێتى پێشبینی بۆ ناكرێت
 
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانه‌قینی یەکێتی نیشتمانى كوردستان، بە (دەنگ نێت)ـی راگەیاند: ئەوان ئه‌گەرچی 30 كاندیدیان هه‌یه‌، بەڵام ناتوانن پێشبینی ئەوە بکەن کە چەند کورسی بەدەستدەهێنن .
 
 وتیشی: بۆئەوەی کورد پێگەی خۆی هەبێت لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، هەوڵیکی زۆری پێویستە، چونكه‌ دۆخی سیاسی هەرێم و کێشەی  موچە کاریگەری خراپی لەسەر رێژەی بەشداریی دەنگدەر دروست دەکات.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد خراپی دۆخی ئێستای هەرێم پەلیکێشاوە بۆ ئەو ناوچانەش، هه‌ربۆیه‌ هیچ هاوپەیمانێتیەکیش لەنێوان لایەنە كوردییه‌كان دروست نەبوە و وه‌كخۆی وتى: "کێشەی جیدی بەلاوە نراوە و خۆیان سەرقاڵی شتی لابەلا کردوە".
 
پارتى ترسی له‌ یه‌كگرتویی ركابه‌ره‌كانى كورد هه‌یه‌
 
هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە، یەکگرتویی لایەنە عەرەبییەکان و پەرتەوازەی کورد، بەمەترسی دەزانێت.
 
ئیبراهیم عەزیز، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنەکانی لقی 15ـى پارتی دیموركاتى كوردستان لە خانەقین، بو (ده‌نگ نێت)ـى وت: بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، ململانێکە زۆر توندە، ئێمە چاومان لەوەیە کە یەک کورسی بەدەستبهێنین.
 
دەشڵێت: زیادبون و کەمبونی ژماره‌ى کورسییەکان، پشت بە رێژەی بەشداریبکردنی دەنگدەر دەبەستێت، کە ئەگەر رێژەی بەشدارییکردن زیاتر بێت، ئەوا ئێمە پێویستمان بە دەنگێکی زیاترە تەنها بۆ بەدەستهینانی یەک کورسی.
 
 
سۆسیالیست، یه‌كێتى و پارتى تۆمه‌تبار ده‌كات
 
پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت: یەکێتی و پارتی رێگربون لە دروستبونی هاوپەیمانێتی لە نێوان لایەنە كوردییه‌کان دا.
  
حسێن جەلیل، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بۆ (ده‌نگ نێت) باس لەوەدەکات زۆر داوایان لە لایەنه‌ کوردییەکان کردوە کە پێکەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵام وه‌كخۆی وتى: "کێشەکانی نێوانی یەکێتی و پارتی، رێگربون لە دروستبونى ئه‌و هاوپەیمانیەتییە".
 
سەرنجی ئەو لەبەرامبەر خراپی  دۆخی هەرێمی کوردستان و نیگەرانی خەڵک بەو جۆرەیە کە دەڵێت: ئەگەر بەتەنها کورد یەک کورسی لەم هەڵبژاردنەدا له‌ دیاله‌ بەدەستبێنێت، براوەیە!
 
دۆخی هه‌رێم مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌نگی كورد له‌ دیاله‌ هه‌یه‌
 
لیسته‌كانى یەکێتی و پارتی زیاتر چانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌نگ و كورسی كورد له‌ دیاله‌ به‌ده‌ستبێنن، به‌تایبه‌تى كه‌ ئه‌وان لەسەر ئاستی زۆرێك له‌ قه‌زا و ناحییه‌كانى پارێزگاكه‌ كاندیدیان دیاریی كردوه‌، له‌وانه‌: خانەقین، مەندەلی، حەمرین، سەعدیە، جەلەولا، قه‌ره‌ته‌په‌، جەبارە، قۆرەتو.
 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌توانن تاكه‌ كورسییه‌كى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش به‌ده‌ستبێنن.
 
شێرکۆ میروەیس، وتى: باشتر وایە بۆ پێگەی کورد، کێشەی سیاسی دیكه‌ تێکەڵی هەڵبژاردنه‌كه‌ نەکرێت و خەڵک بەشداری بکات.
بەڵام نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ کێشەی موچەخۆران كاریگه‌ریی هه‌یه‌، بەجۆرێک نه‌توانن بە دروستیی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن "چونكه‌ ئێمە 20 بۆ 25 هەزار دەنگمان لە گەرمیانە و ئه‌مانه‌ش ژمارەیەکی زۆریان موچەخۆرن، لە دۆخێکی وەهادا چۆن داوای بەشداریی هه‌ڵبژاردن و دەنگدانیان لێبکەین؟".
 
حسێن جه‌لیل-یش جه‌ختى له‌ بونى ئه‌م نیگه‌رانییه‌ كرده‌وه‌ و وتى: له‌ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرخەری ئەوەبو کە خەڵک نیگەرانە و زیاتر لە 60%ـى دەنگدەره‌كانى  قەزای خانەقین بەشداریی هه‌ڵبژاردنیان نەکرد، ئەوەش دەرفەتی رەخساند حزبە بچوکەکان دەنگەکانیان زیاتر بێت.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,658     ژمارەی میوان 1137