نووسینی: تارا عەزیز
وەرگێڕانی: ئاسۆ وەهاب
شارۆچکەی هەڵەبجە لە عێراق کەدەکەوێتە نێو شاخەکانی کوردستان ولە نزیک سنووری ئێران هەڵکەوتووە، زیاتر بە بەکارهێنانی کارەساتبارانەی چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکەکەی لەلایەن سوپای سەدام حوسێنەوە ناسراوە.
دوای چەندین ساڵ، شارۆچکەکە لە چوارچێوەی کایەی دیجیتاڵی کوردیدا ناسنامەی پەیدا کرد، ئەمەیش بە هۆی دووربینی گەنجێکی شارەکە بە ناوی بۆکان جاف. بۆکان لە ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی ئینگلیزی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە و ڕۆڵی وەرگێڕانی زانیاری بۆ دەورووبەرو کۆمەڵگەکەی گێڕاوە. بە تایبەتی ئەم کارە زۆر گرنگ بوو، چونکە بۆکان سەرنجیدەدا کە دەورووبەرەکەی ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە لە دەستگەیشتن بە زانیارییە سەرەکییەکانی سەر ئینتەرنت بە زمانی کوردی، لەوانەش هەواڵەکانی جیهانی، سەلامەتی، چاودێری تەندروستی و زۆر شتی تر. هەوڵەکانی بۆکان بە تایبەتی لەلایەن خوێندکارە کوردەکانی زانکۆکان جێگەی نرخاندنە کە لە هەوڵ و کۆششدان بۆ دۆزینەوەی زانیاری لەسەر ئینتەرنت بە زمانی زگماکی خۆیان.
بۆکان لەگەڵ زیاتر پەیبردنی بە کەمیی سەرچاوە کوردییەکان لەسەر ئینتەرنت و ئەو سەختییەی کە کورد زمانان پێیەوە دەناڵێنن بەهۆی سنوورداربوونی شارەزایی زمانی ئینگلیزی و عەرەبیان، بە پێویستی زانی بەپەلە تێکۆشان بکات بۆ ئاسان دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لەسەر ئینتەرنت بە زمانی کوردی.
بەهۆی ئیرادەی بەهێزیەوە، وەک خۆبەخشێک لە گووگڵ دەستی بە گەشتێکی هەشت ساڵە کرد. ئامانجی ئەو بریتی بوو لەگەڵ ئەو زمانانەی کە خزمەتگوزاری وەرگێڕانی گووگڵ پاڵپشتییان دەکات، دیالێکتی سۆرانی کە بە شێوەیەکی گشتی بە کوردی ناوەندی Nawendî ناسراوە، کە دیالێکتیکێکی دیاری ناو بنەماڵەی زمانی کوردییە، بۆ بەکارهێنەرانی کوردزمان بەردەست بێت.
بۆکان زیاتر لە 2,500,000 دەستەواژە و پەند و وشەی بە سەرکەوتوویی وەرگێڕاوە. لە ئەنجامدا دیالێکتی سۆرانی لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ بە فەرمی خرایە ناو خزمەتگزاری وەرگێڕانی گووگڵەوە و لە پرۆسەکەدا کۆمەڵگەی وەرگێڕانی سۆرانی هاتە ئاراوە. بۆکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گڵۆباڵ ڤۆیسس وتی، " نەبوونی ناوەڕۆک بە زمانی کوردی وایکردووە دۆزینەوەی ئەو زانیاریانەی کە پێویستمانە قورس بێت و بووەتە ڕێگر لە پەرەسەندنی زمانی کوردی لەو ناو جیهانی ئینتەرنتدا".
دیمەنی ئاڵۆزی زمانی کوردی لەسەر ئینتەرنت
زمانی کوردی زمانێکە یان کۆمەڵێک زمانە (لێرە مەبەست دیالکتیکە-وەرگێڕ) کە کوردەکان قسەی پێدەکەن، کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی ڕەسەنەو نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەسی تێدایە. ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا ناوچەی ڕەسەنی نیشتەجێبوونیانە، کولتوور و میراتی زمانەوانی و ناسنامەی هاوبەشیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراون کە بریتین لە تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران.
زمانی کوردی جۆراوجۆرێتی تایبەت بەخۆی هەیە کەجیاکاری دەکات لەزمانەکانی ترو لەوان دەوڵەمەندتری دەکات، لەگەڵ ئەوەیشدا ناڕوونی لە نێوان دیالیکتییەکەکانی هەیە. دوو دیالکتیکە سەرەکییەکەی بریتین لە کوردی باکور (کرمانجی) کە لە تورکیا، سوریا، قەفقاز، و ناوچەی خوراسان قسەی پێدەکرێت، هەروەها کوردی ناوەڕاست (سۆرانی) کە لە عێراق و ئێران دا بڵاوە. سۆرانی، شانبەشانی زمانی عەرەبی، پێگەی فەرمی دەستوری لە عێراقدا هەیە و بە شێوەیەکی باو لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بە “کورد” ناودەبرێت. هەریەکێک لەو دیالیکتیکانەی زمانی کوردی بە ملیۆنان کەس قسەی پێدەکەن.
ئەم دوو دیالکتیکە ڕێنووسی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ نووسین: کرمانجی ڕێنووسی لاتینی (ڕۆمانی) بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا سۆرانی ڕێنووسی ئارامیی (عەرەبی) بەکاردەهێنێت.
هەرچەند زمانی کوردی خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە، کە بەهۆی وشەسازیی فراوان و توانای دەربڕینی بەکارهێنەرەکانی بەوهۆیەوە بەهێزە، بەڵام کێشەی لەگەڵ کەمی سەرچاوەی هەیە لەسەر ئینتەرنت. نووسین بەزیاتر لە ڕێنووسێک لەگەڵ نەبوونی زمانی ستانداردو ململانێی دەسەڵاتداران و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، وایکردووە گرەوەکان زیاتر بن.
جگە لەوەش ئەم گرەوانە بەهۆی کۆتوبەندی حکومەتە ستەمکارەکان و سانسۆرەکانیان و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کورد تێیدا نیشتەجێیە، ئاڵۆزتر دەبن.
کەمی سەرچاوەی کوردی لەسەر ئینتەرنت وایکردووە کە کورد زمانەکان پشت بە زمانەکانی تری وەک عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی، فارسی ببەستن. لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پرۆفیسۆر دارا حەمید، خاوەنی دکتۆرای زمانی کوردی کە وانە دەڵێتەوە لە زانکۆی گەرمیان، بۆ گڵۆباڵ ڤۆیس ڕوونیکردەوە کە چۆن ئەم کەمی زانیارییانە لەسەرئینتەرنت و سەرچاوە تەکنیکییەکان بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر ئەکادیمییەکانی کورد لە عێراقدا کردووە.
دارا حەمید، وتى: "ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم گرەوانە دەبینەوە، بەتایبەتی لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆمان. بۆ نموونە لە بەشی کوردیدا و من پێموایە ئەمە پرسێکی هاوبەشە لە سەرانسەری بەشە جیاوازەکانی کۆلێژدا، کەمییەکی بەرچاو لە سەرچاوەی کوردی لەسەر ئینتەرنت هەیە. قوتابیەکانم لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری بە زمانی کوردی تووشی ئاستەنگ دەبن".
وتيشى: "ناچارن لە ڕێگەی وەرگێڕانی ئەلیکترۆنیەوە سەرچاوە بە زمانەکانی دیکە بەکاربهێنن، ئەمەش بێ کێشە نییە. یانیش هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەماوەتەوە جگە لەوەی ڕوو لە وەرگێڕانی گرانبەها بکەن. لە ئەنجامدا ئەم خوێندکارانە ناتوانن بە تەواوی سوودی لە تەکنەلۆژیا وەربگرن و بەکاریبهێنن".
حەمید زیاتر وردی کردەوە کە ئەم بابەتە لە بواری ئۆنلایندا قەتیس ماوە. ئهو زیاتری وت: "کێشەکە لە کایەی ئۆنلایندایە نەک ئۆفلاین (لەواقیعی ڕۆژانە-وەرگێڕ). زمانی کوردی لە ڕووی زمانەوانییەوە هەمەچەشنە. بیهێنە بەرچاوت کە تەنها شەش وشەت هەبێت بۆ “خۆشەویسی” (love).
پێویستە سەرنجمان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ستانداردکردن و دابەشبوونە دیالێکتیکییەکان و فشارە سیاسییەکان بێت، چونکە ئەم هۆکارانە زەحمەتە بۆ گەشەکردنی زمانی کوردی لەسەر ئینتەرنت."
چالاکی سیاسی کوردەکانی عێراق لەپێناو داننان بە مافە کەلتوری و زمانەکەیان
کورد چەندین سەدە خەباتی کردووە بۆ سەربەخۆیی و بۆ دانپێدانان لەناو ئەو وڵاتانەی کە وەڵاتەکەیان بەسەریدا دابەشکراون، کورد گەورەترین کۆمەڵگەی نەتەوەیی بێ دەوڵەتی جیهان پێکدەهێنن. خەباتی سەردەمی نوێیان دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامە کۆلۆنیالیزمەکانی وەک پەیمانی لۆزان ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ کە کوردی لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش کرد.
بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، کورد لە عێراق دۆخێکی تاڕادەیەک لەبار ئەزموون دەکات. بۆ نموونە عێراق تاکە وڵاتێکە کە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی ناسێنراوە، هاوکات تاکە شوێنێکە کە کورد لە خۆسەرییەکی بەرچاو بەهرەمەندە.
لێکۆڵینەوەکانی لۆرن واڵتەر لە زانکۆی دیپاول لە ساڵی 2018 دەریانخستووە کە لە سەردەمی ئیدارەی بەریتانیادا سۆرانی لەلایەن ناسیۆنالیستە کوردەکانی شارەکانەوە بەدڵ بووە، ئەمە لە کاتێکدا کرمانجی ڕۆڵێکی ئەدەبی بەهێزتری هەبووە، ئەمەش کاریگەری سیاسی زیاتری بە سۆرانی بەخشیوە. سەرەڕای ئەوەش، بەرژەوەندییەک لە دروستکردنی دابەشکاری لە نێوان قسەکەرانی ئەم زمانەدا هەبووە. دەشڵێت: "هەردوو زاراوەکە تاڕادەیەک هاوئاهەنگی ژیاون تا عێراق سەربەخۆیی بەدەست هێنا لە ساڵی 1931. دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی حکومەتی عێراق هەوڵیدا سۆرانی و کرمانجی قسەکەران لە دژی یەکتر هانبدات بۆ ئەوەی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی نەناسرێت".
وەرچەرخانێکی دیاری زمانی کوردی لە عێراقدا لە ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمی هاتووەتە ئاراوە، ئەو ڕێکەوتنەی کە بە ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمی ساڵی ١٩٧٠ دەناسرێتەوە، کە لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لەلایەن حکومەتی عێراق و مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەری کورد واژۆکرا، دوابەدوای دەیان ساڵ ململانێی چەکداری و گرژیی نێوان حکومەتی عێراق و پێکهاتە کوردەکانی عێراق، ئەم ڕێککەوتنە سۆرانی وەک زمانێکی فەرمی لەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردیان تێدابوو ناساند. هەروەها نوێنەرایەتی سیاسی کورد لە قەوارە حکومییەکان مسۆگەر کرد.
ڕێگای ئازادی ڕادەربڕین بۆ کورد لە عێراق ئاڵۆز بووەو بە تێپەڕبوونی کات تووشی ئاڵۆزی بووە. دوای ڕێککەوتنەکە، سەرکوتکردن لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێندا چڕ بوو، بەڵام لە ویستگە مێژووییەکانی تردا دانپێدانان بە مافەکانی پێکهاتە کوردەکان لە عێراقدا درا.
گرەوەکانی بە ستانداردکردنی زمان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو وڵاتانەی کە زمانە باڵادەستەکان هەژموونیان هەیە، زۆرجار قسەکەرانی زمانی کەمینەکان ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەبنەوە. لە کوردستانی عێراقدا ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان دیالێکتیکە کوردییەکان بەتایبەتی سۆرانی و کرمانجی، نەک هەر پەراوێزخستن و دابەشبوون توندتر دەکەن بەڵکو ڕێگرن لە نوێنەرایەتیکردن و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی لەسەر ئینتەرنت.
لە ئێستادا زمانی کوردی پێوەرێکی نووسینی گشتگیری نییە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکن لەسەر ستانداردکردن بوون. سەرەڕای هەوڵە جۆراوجۆرەکان، وەشانی ستانداردی کوردی هێشتا زۆر زەحمەتە پێی بگەین.
ئەم نەبوونی یەکگرتوویی زمانەوانی و ستانداردکردن ئاستەنگ بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە بەدوای زانیاری و سەرچاوەی ئۆنلاین بە زمانی زگماکی خۆیان دەگەڕێن. سەرەڕای ئەوەش، ڕێگری لە هاوبەشکردنی زانیاری کاریگەر دەکات، توانای کورد بۆ بەشداریکردن لە جیهانی دیجیتاڵیداو لەسەر ئینتەرنت سنووردار دەکات.
ئەم سیناریۆیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەگەر کوردێکی کرمانجی بیەوێت پەیوەندی لەگەڵ کوردێکی سۆرانیدا بکات، لەوانەیە پەنا بۆ بەکارهێنانی زمانی عەرەبی، تورکی، یان فارسی ببات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکە کارا بێت.
گۆران ڕەسوڵ، نووسەر و شاعیر و چیرۆکنووسێکی لێهاتووە لە قسەکانیدا لەگەڵ دەنگە جیهانییەکاندا، وردبووەوە لە دەرئەنجامە کەسییەکانی ململانێی ستانداردکردنی دیالێکتیکەکانی ناوخۆی زمانی کوردی. گۆران خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئەدەبی مۆدێرن لە زانکۆی هێرتفۆردشایر و ئەزموونی زیاتر لە ١٢ ساڵ لە بواری گەشەپێدان و کاری مرۆیی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەیە.
گۆران ڕەسوڵ، وتى: "زۆر لەو کەسانەی لە دەورووبەرمن بەردەوام لە هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە زانیارییەکان بە شێوەی ئۆنلاین یان دۆزینەوەی ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە بابەتەکانی وەک ئەدەب، سیاسەت و خوێندنی زمان. زۆرجار خۆم ناچارم بە زمانەکانی تر بگەڕێم بۆ زانیاری، بەتایبەت کاتێک باس لە پرسە تایبەتەکانی پەیوەست بە کورد و کوردستان و زمانی کوردی دەکرێت".
گۆران ڕوونیشیکردەوە، لەکاتێکدا لەماوەی ڕابردوودا ژمارەی قسەکەرەکان دیاریدەکرد کە ئایا زمانێک دەمێنێتەوە یان لەناودەچێت، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەستە بە بوونی ناوەڕۆک بەو زمانە لەسەر ئینتەرنت.
زمانێک کە لەمەترسیدایەو بەرەولەناوچوون دەچێت، ئەو زمانەیە کە بە کەمی ناوەڕۆکی لەسەر ئینتەرنت دەستدەکەوێت. گۆران ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمە بۆ هەموو زمانەکان ڕاستە، بەڵام بۆ زمانی کوردی بە تایبەتی گرنگە. ململانێی سیاسی و ئابووری ئازاری زمانی کوردی داوە". جەختيش لەسەر بەپەلەیی دانانی ئەولەویەتدان بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی دەکاتەوە.
به گەڕانەوە بۆ بۆکان جاف، ئەو و تیمەکەی لە هێزی ژیری دەستکرد بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی وەرگێڕانەکان کەڵک وەردەگرن، هەروەها هەوڵی پاڵنانی نووسەر و توێژەران دەدەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئۆنلاین کارەکانیان بڵاوبکەنەوە، بە ئامانجی زیادکردنی قەبارەی ناوەڕۆکی ئینتەرنت بە زمانی کوردی. بۆکان وتی: پێویستە بڵاوکراوەکان بە شێوەی ئۆنلاین لەسەر ئینتەرنت بەردەست بن، نەک تەنها لە شێوەی کتێب و گۆڤاری فیزیکیدا چاپ بکرێن. پێویستە دەق و کتێب و سەرچاوەکان بە درێژکراوەی جۆراوجۆری فایلەکان بە شێوەی ئۆنلاین باربکرێن وبڵاوبکرێنەوە، ئەمەیش بەمەبەستی دڵنیابوون لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاری گشتگیر و هەمەچەشن”.
جاف پێیوایە ڕۆشنبیرانی کورد بڵاوکردنەوەی ئۆنلاین لەسەر ئینتەرنت بە کەم دەزانن، بەڵام زۆر گرنگە دان بەوەدا بنێین کە سەرچاوە ئۆنلاینەکان لەسەر ئینتەرنت زۆر گرنگن لە بوژاندنەوەی زمانەکەدا. ئەوانەی توانای بەشداریکردنیان هەیە، پێویستە پاڵنەریان بۆ دروست بکرێت بۆ ئەوەی دەستڕاگەیشتن بەو سەرچاوە بەنرخ و ناوازانە ئاسان بێت و تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بەئاسانی پێی بگەن.