بۆكسی کارەبا دیمەنی شەقامە "ناوازەکەی" کەلاری شێواندوە

2023/10/26 - 03:43 | 703 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت- محه‌مه‌د مه‌حمود
 
(ئه‌سرا) هه‌مو كاتێك شه‌قامه‌ نوێكراوه‌كه‌ى ناو بازاڕى كه‌لار ده‌بینێت، زۆر دڵخۆش ده‌بێت به‌هۆی ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌تى، به‌ڵام نیگه‌رانه‌ له‌و (بۆكس) سندوقه‌ كاره‌بایانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ر شۆسته‌كانى شه‌قامه‌كه‌ دانراون و پێیوایه‌ "سیمایەکی ناشرینی بەخشیوە".
 
دواى نزیكه‌ى سێ ساڵ كاركردن، سه‌ره‌نجام شه‌قامى ناو بازاڕى شاری كه‌لار نۆژه‌نكرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌و شه‌قامه‌دا بوه‌ته‌ مایه‌ى نیگه‌رانى به‌شێك له‌ هاوڵاتیان و شاره‌وانییش، بونى سندوقی گه‌وره‌ى كاره‌بایه‌، كه‌ به‌وته‌ى خۆیان وایكردوه‌ دیمه‌نى جوانى شه‌قامه‌كه‌ تێكبدات.
 
له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شه‌قامه‌كه‌دا، كاره‌باكه‌یشی كرایه‌ ژێرزه‌مینی "ده‌فن"، هه‌ربۆیه‌ هیچ ستون و بگۆڕێكى كاره‌با (عامود و محاویله‌) له‌ شه‌قامه‌كه‌دا نه‌هێڵرا و ژماره‌یه‌ك سندوق دانران كه‌ هه‌م بگۆڕ له‌خۆده‌گرن و هه‌میش جۆین و تێكه‌ڵكردنى هێڵی دوكانه‌كان. كێشه‌ى ئه‌و بۆكسانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌باره‌یان زۆر گه‌وره‌یه‌ و دیمه‌نێكى ناجۆری له‌سه‌ر شۆسته‌ى شه‌قامه‌كه‌ دروستكردوه‌.
 
ئەسرا ئەحمەد، هاوڵاتى، دانانی ئەو بۆكسه‌ كاره‌بایانه‌ به‌وه‌ ناوده‌بات كه‌ سیمایه‌كى ناشرینی به‌خشیوه‌، پێیشیوایه‌ دەکرا لەجێگای ئەوە زۆر شتی جوان دابنرایە کە سیمایەکی جوانی ببەخشیایە به‌ شار.
 
 
 
هاوڵاتیه‌كى دیكه‌ پێیوایه‌ كه‌ بونى ئه‌و بۆكسانه‌ مه‌ترسیش دروست ده‌كات.
 
كاروان ئه‌حمه‌د، وتى: بۆكسه‌كان سیمایەکی ناشرینی داوەتە بازاڕه‌كه‌، ئەتوانرا دەفن بکرێت، به‌ڵام به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستاى به‌تایبه‌تى له‌كاتى بونى هه‌ر خۆپشاندان یان گرژیەک لەنێوبازاڕه‌كه‌، مەترسی دروست دەکات.
 
ئه‌م نیگه‌رانیه‌ به‌ته‌نیا لای هاوڵاتیان نییه‌، به‌ڵكو خودی شاره‌وانى كه‌لاریش كه‌ شه‌قامه‌كه‌ى نۆژه‌نكردوه‌ته‌وه‌، نیگه‌رانه‌ لێی.
 
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئه‌م بۆكسانه‌  سیمایەکی جوانی نیە لەناو بازاڕ، چونکە شەقامەکە جوانە و بەشێوازێکی سەردەمیانە دروست کراوە.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد وه‌كو خۆیان پێشنیازیانكردوه‌ لابدرێن و هەڵبگیرێن و كاره‌باكه‌ش به‌شێوه‌ى جۆینت و دایپۆشین چاره‌سه‌ر بكرێت.
 
 
لە بەرامبەردا، حازم کەریم، بەڕێوبەری گشتى کارەبای گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئەو کێبڵەی کە خراوەتە ژێرزەوی بۆ ئەوە دانراوە سبەی هێڵی کارەبا بۆ هەر بینایەکی بازاڕ راکێشرا پێویست ناکات کارەبای خەڵک ببڕین بۆ ئەوەی کێبڵی 11 جۆینت بکەین.
 
سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، باس له‌وه‌ده‌كات له‌وباره‌وه‌ چه‌ند پێشنیازێكیان بۆ كاره‌بای گه‌رمیان كرده‌ "پێشنیازم کردوە کە بیناکانی پشتەوەی شەقامی ناوبازاڕی کەلار نۆژەنکرایەوە، بۆرده‌كان لە ژێر بیناکاندا دایبنێن، بەڵام کە ئێستا نۆژەن ناکرێتەوە، وتومانە بە دائیرەی کارەبا بیبەن لە مەخزنی خۆتان بۆکسەکان هەڵگرن و ئێستا کێبڵەکان جۆینت بکەن".
 
به‌ڵام بەڕێوبەری گشتى کارەبای گەرمیان لەوەڵامدا دەڵێت: "ئەوە رینگەکانمان لابرد و خستمانە ژێر ئەرزەوە، ئەی محاویلەکان چی لێبکەین؟ محاویلەکە شتێکی لێبێت بازاڕ کارەبای نامێنێت، بەیانی بۆ کێشەیەکی بچوک کارەبای بینایەک ببڕم ئەمە چۆن قبوڵ ئه‌کرێ؟"
 
 
خه‌می شاره‌وانى كه‌لار ئه‌وه‌یه‌ دیمه‌نى شه‌قامه‌كه‌ به‌ جوانى بمێنێته‌وه‌ و ئه‌و بۆردانه‌ وه‌ك ئێستا دیمه‌نه‌كه‌ى نه‌شێوێنن به‌تایبه‌تى كه‌ پاره‌ و توانا و كاتێكى زۆر له‌ پرۆژه‌كه‌دا خه‌رج كراوه‌، خه‌مى كاره‌بای گه‌رمیانیش ئه‌وه‌یه‌ سیسته‌مى كاره‌باكه‌ وادابنێن كه‌ بۆ داهاتوش بشێت و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك رویدا ناچار نه‌بن كاره‌بای بازاڕ به‌ته‌واوى ببڕن، به‌تایبه‌تى كه‌ له‌ به‌رنامه‌یاندا هه‌یه‌ كاره‌بای نیشتمانى له‌ بازاڕه‌كه‌ بكه‌نه‌ 24 كاتژمێریی، به‌ ئاشكراش دیاره‌ كه‌ ته‌نسیق و ئاماده‌كاریی زوتر له‌نێوان ئه‌م دو فه‌رمانگه‌یه‌دا نه‌بوه‌ و ئێستا كه‌ پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بوه‌ ئه‌مه‌ به‌ زه‌قی ده‌ركه‌وتوه‌.
 
سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، وه‌كو پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕو كه‌ ئاماده‌ن تێچوى لادانى بۆکسەکان و جۆینتکردنی کێبڵەکان بگرنە ئەستۆ له‌به‌رامبه‌ر لادانیان.
 
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر مەجالی تێدابێت بۆردەکەی بچوک ئەکەینەوە و بۆردێکی بچوکتری بۆ دێنین کە رینگەکەی تێدا جێبێتەوە.
 
له‌م نێوه‌نده‌شدا (كاروان ئه‌حمه‌د) پێیوایه‌ كه‌ له‌م دۆخه‌دا كه‌ قه‌یرانى دارایی هه‌یه‌ و حكومه‌ت پرۆژه‌ ناكات، پێویسته‌ ده‌زگا حكومییه‌كان هه‌ماهه‌نگی و ته‌نسیقیان زیاتر بێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه‌ ده‌كرێت جێگه‌ى خۆی بگرێت و به‌هه‌ده‌ردانى تێدا نه‌بێت.
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,756     ژمارەی میوان 2326