ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
چالاکوانێک لە رزگاریی: هەرچی نەمامی ناحیەکە هەیە ئاژەڵ خواردویەتی

2023/09/18 - 03:00 | 208 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
لەپاڵ بونی هەڵمەتی سەوزکردن لە ناحیەی رزگاری، دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵیش لەنێو کۆڵانەکانەکانی ناحیەکە بەردەوامە ئەگەرچی بەپێی یاسا قەدەغەیە، چالاکوانێک دەڵێت: شارەوانی وەکو پێویست رێکاری نەگرتوەتەبەر و هەرچی نەمامە ئاژەڵ دەیخوات، سەرۆکی شارەوانیش جەخت دەکاتەوە لەوەی رێکاریان گرتوەتەبەر.
 
توانا ئەحمەد، چالاکوان لە ناحیەی رزگاریی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: شارەوانی لەجێگای واهەیە سێ جار نەمامی ناشتوە، بەڵام هەندێک کەس بە نابەرپرسیارانە ئاژەڵەکان ئەهێننە سەر ئەو شەقامە و دار و نەمامەکان دەخۆن و دەشکێننەوە.
 
وتیشی: ئەم دیاردەیە هەم بۆن و بەرامەکەی خەڵکی بێزار کردوە، هەم نەمامی واهەیە ۲۰ ساڵ بەخێو دەکرێت کەچی ئاژەڵەکان لەناوی دەبەن.
 
بەوتەی ئەو چالاکوانە، شارەوانی زۆر بەکەمی رێکاری دژ بە دیاردەی بونی ئاژەڵداریی لەناو گەڕەکەکاندا گرتوەتەبەر، وتی: خاوەنەکانی ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام وەکو پێویست نەهاتوە دەریان بکات.
 
لە بەرامبەردا، ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاری، بۆ رادیۆی دەنگ جەخت لە قسەکانی ئەو چالاکوانە دەکاتەوە و دەڵێت: لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتی سەوزکردن لە ناحیەکەماندا، ئاژەڵەکان دێن و نەمامەکان دەخۆن.
 
وتیشی: لیژنەیەکمان داناوە بۆئەوەی لە دوای دەوام چاودێری ئەو شوێنانە بکات کە سەوزکراون، چونکە لەکاتی دەوامی لیژنەکانماندا ئەوحاڵەتانە دروستنابێت، بەڵام دوای دەوام یاخود درەنگێکی شەو ئەو کارە دەکەن.
 
بەوتەی سەرۆکی شارەوانی رزگاری ئاژەڵداران "خان"یشیان پێدراوە لەدەرەوەی ناحیەکە بۆ ئەوەی لەوێ ئاژەڵەکانیان بەخێوبکەن، بەڵام تا ئێستا لەگەڕەکەکاندا بەخێوکردنی ئاژەڵ بەردەوامە، وتی: "هەربۆیە نوسراومان کردوە لەسەر دو شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ کە لاببرێن، چونکە تاوەکو لانەکەیان تێکنەدەی ئەو حاڵەتانە کەمنابێتەوە".
 
بەڵام توانا ئەحمەدی چالاکوان دەڵێت: هەرچەندە خان دابەشکراوە لە دەرەوەی ناحیەکە، بەڵام بە "ناعادیلانە" بوە.
 
پێشتریش بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان، رایگەیاندبو ئەو خانەی دابەشکراوە هەموی ئاژەڵدار نەبوە، بەڵکو فەرمانبەر و پۆلیس و مامۆستاشی تیابوە و دۆسیەکانمان داوە بە داواکاری گشتی و چاوەڕێی ئەنجامەکانیانین.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,905,997     ژمارەی میوان 345