حکومەتی هەرێم چۆن پارەی ٣ مانگەکەی دیکەی موچەی فەرمانبەران دابین دەکات؟

2023/09/17 - 09:25 | 548 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
حکومەتی هەرێم نیازی هەیە دوای خەرجکردنی ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییەی کە ئەمڕۆ عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی بۆ هەرێم دەربڕی، بۆ جارێکی تر گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێبکاتەوە بۆ خەرجکردنی موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.
 
شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە: "ناردنی ئەو سێ گوژمەیە (کە هەریەکەیان 700 ملیار دینارە) چارەسەری تەواوی کێشەکان ناکات، بەڵام دابەشکردنی موچە بەو پارەیە دەستپێدەکاتەوە و چارەسەری کێشەکان ئاسان دەکات، تا ئەو پارەیە بۆ موچە خەرج دەکرێت، گفتوگۆی تر لەگەڵ عێراق دەست پێدەکەینەوە".
 
حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی موچەی نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار موچە خۆر، بەپێی پلانەکە ئەو 700 ملیار دینارەی لە بەغداوە رەوانە دەکرێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ موچەی پێ دابەش دەکرێت.
 
لەلایەکی ترەوە، بەپێی وتەی خالد شوانی وەزیری دادی حکومەتی عێراق، حکومەتی عێراق ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە بۆ موچەی مانگەکانی 9 تا 11 دەنێرێت، بەمپێیەش بێت موچەی هەرسێ مانگی (7، 8 و 9) نادرێت.
 
بەڵام سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وتوە: هەتا ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە بۆ موچە دابەش دەکرێت، حکومەتی هەرێم ئامادەکاری دەکات بۆ رادەستکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە عێراق، لە پێناو خەرجکردنی بڕە پارەی تر بۆ موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەران.
 
سەرچاوەکە وتوشیەتی: حکومەت تا کۆتایی ساڵ دەتوانێت 5 موچە دابەش بکات، هەوڵی دابینکردنی موچەی ئەو مانگەش دەدات کە دەمێنێتەوە.
 
محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابوری، بە دەنگی ئەمەریکای وتوە: ئەم بڕە پارەی عێراق دەینێرێت یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدات بۆ دابەشکردنی موچەی سێ مانگ، بەڵام لە مانگی 10ـەوە دیسان گرفتی بێ پارەیی و دابەشنەکردنی موچە سەرهەڵدەداتەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,240     ژمارەی میوان 2806