سەندیکای کرێکاران داوا دەکات بەشدارانی پرۆژەی بان سیتی پارەی قیست نەدەن

2023/09/11 - 07:01 | 467 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
لقی گەرمیان سه‌ندیکای كرێكاران داوا له‌ به‌شداربوانی پرۆژەی (بان سیتی) لە کەلار ده‌كات قستى درێژخایه‌نی پرۆژەکە نه‌ده‌ن، چونكه‌ بەوتەی خۆی به‌شێكی بڕگە‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى ناو پرۆژه‌کە ته‌واو نه‌کراون، وه‌به‌رهێنانی گەرمیانیش ده‌ڵێت: به‌ڵێنامه‌مان بە ‌ كۆمپانیا واژوکردوە بۆ تەواوکردنی ئەو بڕگانە.
 
عه‌دنان محمه‌د، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى كرێكارانى كوردستان، بۆ رادیۆى ده‌نگ وتى: به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى هه‌یه‌ له‌ نێوان به‌شداربوانی پرۆژەی بان سیتی و كۆمپانیا كه‌ له‌ مانگى 8ـی ساڵى 2019دا كراوه‌، له‌ ئێستادا 810 یه‌كه‌كه‌ ته‌واو بوه‌ و هه‌ندێكى ماوه‌ ئه‌وانیش له‌ ته‌واوبوندان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرفته‌ ئه‌وه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ 2 قوتابخانه‌ى تیایه‌ ته‌نها 1 دانه‌ى دروست كراوه‌ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێى رێنمایه‌كانى وه‌به‌رهێنان دەبێت هه‌ر 500 یه‌كه‌ و قوتابخانه‌یه‌كى بۆ دروست بكرێت.
 
وتیشى: له‌ ئێستادا قوتابخانه‌یه‌ك و دایه‌نگه‌كه‌ى و بنكه‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌كه‌ى دروست نه‌كراوه‌ و پاره‌كه‌شى له‌سه‌ر به‌شداربوان حساب كراوه‌ و وه‌رگیراوە،‌ هاوكات بینا بازرگانیه‌كه‌شى ته‌واو نه‌كراوه‌.
 
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: یه‌كێى دیكه‌ له‌ گرفته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كۆمپانیا به‌بێ رەزامه‌ندى لایه‌نى فه‌رمى مانگانه‌ بڕى 10 هه‌زار دینار وه‌ك كرێى ئاو له‌ به‌شداربوان وه‌رده‌گرێت، له‌كاتێكدا ده‌بێت حكومه‌ت ئه‌وه‌ بكات و نرخه‌كان دیارى بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مو به‌شداربوانى پرۆژه‌كه‌یان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت پاره‌ى سكویریتى و باخچه‌كان و پاكوخاوێنى پرۆژه‌كه‌ بده‌ن، له‌كاتێكدا ده‌بێت ئه‌مه‌ به‌ته‌نده‌رین بكرێت له‌ رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نرخه‌كان دیارى بكرێت، چونكه‌ روبه‌رى یه‌كه‌كان جیاوازه‌.
 
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: پێویسته‌ به‌شداربوان قیستى درێژخایه‌ن نه‌ده‌ن تاوه‌كو ئه‌و گرفتانە یه‌كلاده‌بنەوە‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوامان له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان كردوه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنن له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
 
له‌ به‌رامبه‌ردا، هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، به‌ رادیۆى ده‌نگى راگه‌یاند: له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و رێكه‌وتنەى كه‌ كراوه‌ له‌ نێوان كۆمپانیا و سه‌ندیكاى كرێكاران، هه‌مو رێكاره‌كان به‌رامبه‌ر به‌ كۆمپانیا وه‌كخۆى گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى گرێبه‌سته‌كه‌.
 
وتیشى: كۆمپانیا هه‌مو پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ئه‌ستۆ ئه‌گرێت و به‌ڵێنامه‌شمان پێ پڕكردونه‌ته‌وه‌ و كاره‌كانیش ده‌كات.
 
پرۆژەی بان سیتی کەلەلایەن کۆمپانیای بامۆکەوە ئەنجام دەدرێت، پرۆژەی چین و توێژەکانە و بۆ توێژی کرێکاران و پیشەوەران دروستکراوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,782     ژمارەی میوان 1261