دەنگ نێت
نوێنەرێکی کاسبکارانی عەلوەی کەلار دەڵێت کۆمپانیایەک لەعەلوەکەی کەلار کۆمەڵێک باجی لەسەر کاسبکارانی عەلوەکە داناوە، ئەمەش بە هەوڵدان بۆ "سەرانە وەرگرتن" دەزانێت، بەڕێوبەری عەلوەی کەلاریش ئەو قسانە رەد دەکاتەوە و دەڵێت: ئەگەر شتێکی نایاسایی هەیە ئەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.
کاسبکارانی عەلوەی کەلار کە ژمارەیان 116 دوکاندارە، گردبونەوەیان کردوە دژی زیادکردنی باج و هەروەها داوای دیاریکردنی خاوەندارێتی عەلوەکە دەکەن.
کامەران فەیزوڵڵا، نوێنەری کاسبکارانی مانگرتوی عەلوەکەی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تائێستا خاوەندارێتی عەلوەکە دیارینەکراوە، ئەم کۆمپانیایە بەناوی (سەبەج) هەمو پسولەی کارەبای کردوە بەناوی کۆمپانیاکەی خۆیەوە.
دەشڵێت: بازگەیەکی داناوە هەر بارێک لەدەرەوەی کەلار یان هەر شوێنێک بێتە ناو عەلوەکە بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە 10 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت و ئۆتۆمبێلی بچوکیش 5 هەزار دینار، ئەم پارەیە لەسەر ئێمە حسابە، چونکە ئەو بارانە بۆ ئێمە دێت، هەروەها پارەی خزمەتگوزاری کە 125 هەزار دینار بو ئێستا ئەڵێن دەیکەین بە 175 هەزار دینار .
جەختیشیکردەوە: چوار داواکاری سەرەکیمان هەیە، یەکەم: ئەمانەوێت خاوەندارێتی عەلوەکە دیاریی بکرێت، دوەم : پێوەری کارەباکان بکرێن بەناوی خاوەنی ئەسڵی خۆیان، سێیەم: ئەو بازگەیەی پارە لەهاوڵاتی وەردەگرێت نەمێنێ، چوارەم: پارەی خزمەتگوزاریش کەم بکرێتەوە.
لەبەرامبەردا، دیار عەزیز، بەڕێوبەری عەلوەی کەلار لەلایەن کۆمپانیای سەبەجەوە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ماوەی ساڵ و نیوێکە بەبڕیاری دادگا لەعەلوەکەین و خاوەندارێتی کۆمپانیەکە یەکلایی بوەتەوە.
لەبارەی وەرگرتنی پارەشەوە، وتی: پێش ئەوەی کارەبای نیشتمانی رابکێشین خزمەتگوزاری هەر 175 هەزار بوە، لەبەر خاتری کاسبکاران پارەکەمان کەمکردبوەوە بۆ 125 هەزار، بەڵام دواتر کۆمەڵێک مەسروفاتی ترمان کەوتبوە سەر وەکو روناکی و خەرجیی کارەبای نیشتمانی، لەبەر ئەوە پارەکەمان کردەوە بە نزخەکەی خۆی کە 175 هەزار دینارە.
دەربارەی دانانی بازگە و وەرگرتنی پارە، ئاماژەی بەوەدا ئەو 5 هەزار و 10 هەزارە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و کۆمپانیای سروشتی زینانەیە کە وەریدەگرێت و بۆ فەحسی مەوادەکانە، ئێمە تەنها هەزار دینار وەردەگرین ئەویش بۆ پاککردنەوەی عەلوەکەیە.
یەکێک لە داواکاری خاوەن قاتعەکان ئەوەیە کارەبای قاتعەکان بکرێت بەناوی خۆیانەوە، لەوبارەوە دیار عەزیز وتی: خاوەن قاتعەکان خۆیان رازی نەبون بەوەی کە پێوەری کارەباکان بەناوی ئەوانەوە بێت و نەدەهاتن بەدەم داواکاریەکانەوە، لەبەر ئەوە بەقانونی کراوە بەناوی کۆمپانیاکەوە.
جەختیشیکردەوە: ئەگەر شتێکی نایاسایی هەیە ئەتوانن سکاڵا تۆماربکەن.
لەبەرامبەردا، کامەران فەیزوڵڵا، نوێنەری کاسبکارانی مانگرتوی عەلوەکەی کەلار، پێیوایە ئەوەی رودەدات ویستێکە بۆ وەرگرتنی "سەرانە" لێیان و گومانیش لەم رێکارانە دەکات و دەڵێت: کێ دەتوانێت و دەسەڵاتی هەیە بازگەیەک دابنێت و پارە لەخەڵک وەرگرێت؟