قیرتاوکردنی ٤ گەڕەکی کەلار نزیکەی ١٠ ساڵە پەکی کەوتوە

2023/09/05 - 11:45 | 605 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
کارەکانی قیرتاوكردنى 4 گه‌ڕه‌ك له‌ قه‌زاى كه‌لار به‌ گوژمه‌ى زیاتر له‌ 6 ملیۆن دۆلار راگیراوە،‌ له‌ كاتێكدا له‌ %35ـی كاره‌كانى ته‌واو بوه‌، بەرپرسێکی شارەوانییش دواین زانیاری لەسەر ئەو پرسە دەخاتەڕو.
 
دلێر حەسەن، به‌رپرسى پرۆژه‌كان له‌ شاره‌وانى كه‌لار، بۆ رادیۆى ده‌نگ وتى: پرۆژه‌ى قیرتاوكردنى گه‌ڕه‌كەکانی (شه‌هیدان، خه‌بات، مامۆستایان و شاره‌وانى) كه‌ له‌لایه‌ن (كۆمپانیاى په‌رى شاد)ـه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت،‌ ‌ %35ـی كاره‌كانى ته‌واو بوه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی كاره‌كانى راگیراوه‌، چونكه‌ بودجه‌ى پرۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر پترۆدۆلار بوه‌.
 
وتیشى: گوژمه‌ى پرۆژه‌كه‌ سه‌ره‌تا خۆى له‌ 6 ملیۆن و زیاتر له‌ 401 هه‌زار دۆلار دەبینیه‌وه‌، دواتر گۆڕانكارى تێدا كرا به‌ 6 ملیۆن و زیاتر له‌ 785 هه‌زار دۆلار جێگیركرا.
 
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: ره‌زامه‌ندى 2 ملیۆن و 327 هه‌زار دۆلارى وه‌رگرتبو كه‌ رێژه‌یه‌كى كه‌مى بۆ خه‌رج كرابو، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ 27 هه‌زار و 300 مه‌تر دوجا قیرتاوكراوه‌ له‌و گه‌ڕه‌كانەدا.
 
لەبارەی ئەگەری دەستکردنەوە بەکارەکانی پرۆژەکە، بەرپرسی بەشی پرۆژەکانی شارەوانی کەلار، هیچ وادەیەکی نەخستەڕو، بەوپێیەی ئەو پرۆژانەی لەسەر بودجەی پترۆدۆلارن لە هەرێم راگیراون و دەستپێکردنەوەیان بڕیاری لێنەدراوە.



Dengnet.net - 2025
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,859,984     ژمارەی میوان 1158