دەنگ نێت- محەمەد مەحمود
ئەندامێکی رێکخراوی پاڵپشتی کفری رەخنە لە وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و بەڕێوبەرێکی وەزارەت دەگرێت، بەهۆی سەرپێنەخستنی زانکۆی پۆلیتەکنیک لە کفری و دەڵێت: "تەنها قوتعەی زانکۆکە لە کفری دانراوە"، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکیش ٣ خاڵ بە هۆکاری کارانەکردنی زانکۆکە لە کفری دەزانێت.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، لە مانگی تەموزی ئەمساڵ کرایەوە، پێشتر بڕیاربو لە کەلار بێت، بەڵام یەکێک لە داواکاریی مانگرتوانی کفری لە هاوینی ئەمساڵ، کردنەوەی زانکۆکە بو لە قەزاکەیان، هەربۆیە لە سێی ئابدا و لە میانەی سەردانیدا بۆ خێوەتی مانگرتوانی کفری، وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری دا سەرۆکایەتییەکەی لە کفری بێت و لە ١٦ـی ئابدا بە فەرمی سەرۆکایەتییەکە لە کفری دانرا و بۆ ئەم مەبەستەش بینای قوتابخانەیەکی بۆ تەرخانکرا.
بەڵام لەئێستادا گروپی پاڵپشتیی کفری، نیگەرانە لە سەرپێنەخستنی رێکارەکانی کردنەوەی سەرۆکایەتییەکە و ترسیان لەوەیە بخرێتە کەلار.
هاشم ساڵح، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: موئامەرە و موماتەڵەکردن بە داهاتوی زانکۆکەوە هەیە.
وتیشی: د.ئارام (وەزیری خوێندنی باڵا) بۆیە موماتەڵەی پێوە دەکات و دەڵێت من نامەوێت زانکۆکە شکست بێنێت، ئەمەش بەمانای ئەوەی لە کفری شکست دێنێت.
بەوتەی ئەو ئەندامەی رێکخراوی پاڵپشتی کفری، "فەرمانێک دەرچوە لە حکومەتەوە لەبارەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، بەڵام وەزیری خوێندنی باڵا لە نوسراوەکەدا ناوی کەلاری خستوەتە نێوان دو کەوانە، بەڵام ئێمە پێمان وت بۆ نیەت پاکیت فەرمانێک دەرکە ئەو کەلارە بکە کفری، باساڵێکیش لەکەلار بێت تا ئەکەوێتە سەر پێی خۆی، بەڵام تا ئێستا کەلارەکەی بۆ کفری نەگۆڕیوە".
وتیشی: کاتی خۆی وتی بەس با سەرۆکایەتیەکە لەکەلار بێ بەڵێن ئەدەم هەرچی بەش هەیە نایەڵم لەکەلار بێت تا کفری جێگا ئەبێتەوە با بەشەکان لەکفری بێت، ئەوە ئەمساڵ هیچ بەشێکیان نەهێناوە و تەنیا تابلۆیەکیان (قوتعەیەکیان) هەڵواسیوە.
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئەو لەوبارەیەوە، چەند جارێک پەیوەندی بە وەزیری خوێندنی باڵا، د. ئارام حەمەی میناوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بێوەڵام بو.
هاوکات ئەو ئەندامەی رێکخراوی پاڵپشتیی کفری، رەخنەی لە سەرۆکی زانکۆی پۆلێتەکنیکی گەرمیان کرد و وتی: هەفتەی دو رۆژ لە کفرییە، ئەگەر سەرۆکایەتی بڕیارە بێتە کفری، ئەبێت یەکجاریی بێت.
باس لەوەشدەکات داوایان کردوە پەلە بکرێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ زانکۆکە بەشەکانی بکرێتەوە و فێرخواز لە کفری وەربگرێت، بەڵام بێهیوایە لەوە. وتیشی: بەشە کشتوکاڵەکەشیان کرد بەقوربانی ئەو زانکۆ تازە، ئەویش ئەمساڵ فێرخواز وەرناگرێت، چونکە بڕیارە بگوازرێتەوە بۆسەر زانکۆی پۆلیتەکنیک و ناوەکەی بگۆڕی بۆ دڵنیایی جۆریی، کەچی بۆ ئەمەش فەرمانەکەیان دەرنەکردوە و هەموشی لەبەر دەستی وەزیری خوێندنی باڵایە، ئەمەش کەمتەرخەمیەکی بە ئەنقەستە.
لەبەرامبەردا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، ئەو قسانەی رەدکردەوە لەبارەی ئەوەی رایان لەسەر کردنەوەی زانکۆکە نیە لە کفری و وتی: بەتەواوەتی سەرۆکایەتی زانکۆکە لەکفریە و هیچ پاشگەز نەبوینەتەوە.
د. چیا محەمەد، بۆ رادیۆی دەنگ وتیشی: سێ هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ ئەوەی کەتائێستا لە کفری دەواممان دەستپێنەکردوە، یەکەم: بیناکەمان رادەست نەکراوە، دوەمیان: پارەمان لەبەردەستدا نیە، سێیەم هۆکاریش: فەرمانبەرمان نیە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی زانکۆکە ئیدارە بدەین.
وتیشی: بڕیارە لەم هەفتەیەدا بیناکە وەربگرین، نوسراومان کردوە بۆ وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆئەوەی پارەمان بۆ خەرجبکرێت و بتوانین بیناکە چاک بکەین وبەشێکی بکەین بەسەرۆکایەتی و بەشێکیشی بکرێت بەکۆلێژ و پەیمانگا، هەروەها داوای دامەزراندنی فەرمانبەرمان کردوە.
لەلایەکی دیکەوە، هاشم ساڵح- ئەندامی دەستەی پاڵپشتیی کفری، رەخنەی لە بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا (د. محەمەد کەلاری) گرت و بەوتەی خۆی "د.محەمەد لەبەشی پرۆپۆزەڵ و داخلکردنی زانکۆلاین ئیشی نەکردوە بۆ زانکۆکە و تائەم دەقەیە کفری و بەشەکانی نەچونەتە ناو زانکۆلاین، ئەگەریش نەچێتە زانکۆلاینەوە ئەوە بەچی جۆرێک فێرخواز وەربگرێت؟"
لەبەرامبەردا رادیۆی دەنگ پەیوەندی بە ناوبراوەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبو لێدوان بدات بەو هۆیەی وەزارەت وتەبێژی هەیە.
هاوکات رادیۆی دەنگ چەند جارێک پەیوەندیی بە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبو.
لایخۆشیەوە، ئەندامەکەی دەستەی پاڵپشتیی کفری، بێهیوایی خۆی لە کردنەوەی زانکۆکە لە کفری دەربڕی و وتی: "ئەمساڵ نایکەنەوە ئەڵێن ساڵێکی تر، ساڵێکی دیکە ئەڵێن مقەوەماتی نیە، دواتریش هەر قوتعەکە ئەمێنێ و چۆن بە دوتەنیەک قوتعەکەیان هاورد، ئاواش ئەیبەنەوە".
جەختیشیکردەوە: هیوادارم نیەتی ئەوەیان نەبێت زانکۆکە لەکفری لابەن.