"ئاگاداربه‌ له‌ كڕینی ئه‌و ده‌رمانه‌ى وه‌ك چاره‌سه‌رى كۆرۆنا ناسێنراوه‌"

2020/09/08 - 10:46 | 985 جار بینراوە    
شاره‌زایه‌كى ته‌ندروستى رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و ده‌رمانه‌ى وه‌كو چاره‌سه‌رى نه‌خۆشی كۆرۆنا (كۆڤید19) ناسێنراوه‌، ژماره‌یه‌كى زۆر كاریگه‌ریی لاوه‌كى هه‌یه‌ و ته‌نها بۆ ئه‌و كاتانه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ به‌ سه‌ختى نه‌خۆشیه‌كه‌ى گرتبێت، داواش ده‌كات به‌بێ بڕیاری پزیشك كه‌س به‌كارى نه‌هێنێت.
 
چالاك محێدین، ماسته‌ر له‌ ته‌ندروستى، له‌ بابه‌تێك دا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌: hydroxychloroquine ئەو دەرمانی مەلاریایە کە ئەکرێت بە ناچاری وەکو بەشێک لەچارەسەر بەکاربھێنرێ بۆ توشبوانی پەتای Covid -19، ژمارەیەکی زۆر کاریگەری لاوەکی ھەیە، بۆیە ئەگەر لە ژێر سەرپەرشتی پزیشکێکی راھێنراو بە رێنمایی نوێ بەکارنەھێنرێت، لەوانەیە خودی ئەم دەرمانە ببێتە ھۆی مردنی توشبووەکە نەک ڤایرۆسەکە.
 
وتیشی: یەکێک لە کاریگەرییە خراپەکان ئەوەیە بۆی ھەیە بەکارھێنەرەکەی بینایی لە دەست بدات ئەگەر بە نادروستی بەکاری بێنێت، جگە لەوه‌ى ره‌نگه‌ کێشە بۆ  جگەر و دڵیش دروست بکات.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه‌ ئەم چارەسەرە پێشنیارکراوە، ھۆکارەکەی ئەوەیە لەم کاتەدا بژاردەی تر نییە، ئەگەر بڕیاربێت ئەم دەرمانە بەکاربھێنرێت، تەنھا لە کاتێکدایە کە کەسی تووشبو نیشانەکانی بە قورسی گرتبێت و ژیانی لە مەترسیدا بێت.
 
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌: "ھەر بەڕاستی hydroxychloroquine دەرمانێکی زۆر قورس و مەترسیدارە، نەوەک سەربەخۆ بیکڕن و بەکاری بێنن".
 
ئه‌م ده‌رمانه‌ كه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌ت دا بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشی مه‌لاریایه‌، پاش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن توێژه‌رانى فه‌ره‌نساوه‌ تاقیكرایه‌وه‌، ده‌ركه‌وت پاش تێكه‌ڵكردنى له‌گه‌ڵ ئەنتی بایۆتیکی ئەزیسرۆمایسین، كاریگه‌ری باشی هه‌بوه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشانى كۆرۆنا، هه‌مان ئه‌و ده‌رمانانه‌ش له‌چه‌ند شوێنێك دا وه‌كو چاره‌سه‌ر راگه‌یه‌نرا، له‌ سلێمانیش دوێنێ دروستكردنى ده‌رمانه‌كه‌ له‌لایه‌ن كارگه‌یه‌كى دروستكردنى ده‌رمانه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,901     ژمارەی میوان 1380