دەنگ نێت
کۆمپانیای گاردینیا وەڵامی ئەو هاوڵاتییە دەداتەوە کە خانوەکەی لە پرۆژەی قەڵای شێروانە لە کەلار لێوەرگیراوەتەوە و دەڵێت: لەکۆی ١٤ قیست تەنها ٤ قیستی داوە.
ئەمڕۆ رادیۆی دەنگ
هەواڵێکی لەسەر هاوڵاتییەک بڵاوکردەوە کە باس لەوەدەکات بەهۆی نەدانی قیستێکەوە، کۆمپانیای گاردینیا یەکەکەی لە پرۆژەی نیشتەجێبونی قەڵای شێروانە لێوەرگرتوەتەوە.
لەبەرامبەردا کۆمپانیای گاردینیا کە پرۆژەی نیشتەجێبونی قەڵای شێروانە لە کەلار جێبەجێ دەکات، رونکردنەوەیەکی بۆ رادیۆی دەنگ ناردوە، کە تیایدا دەڵێت: (ئەو هاوڵاتییە) تەنها چوار قیستی داوە نەوەک پێنج، ئەمەش لەکاتێکدایە بەشداربوان لەقۆناغی قیستی چواردەهەمینن واتا لەکۆی ١٤ قیست تەنها ٤ قیستی بەکۆمپانیا داوە!
ئاماژە بەوەشدەکات: چەندینجار ئاگادارکراوەتەوە لەڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی و یەکێتی فەرمانبەران و پێدانی هۆشداری (انذار) لەڕێگای فەرمانگەی دادنووسەوە و دەستپێشخەریمان بۆ ئاسانکاری و هاوکاری، بەڵام ناوبراو پابەند نەبوە.
دەقی رونکردنەوە:
بۆ بەڕێز ڕادیۆی دەنگ
بابەت/ ڕوونکردنەوە
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لەپەیجی فەرمی ڕادیۆکەتان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، تایبەت بەیەکێک لەبەشداربوانی پرۆژەکەمان بەناوی (ئازاد محمد حمەساڵح) بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوەی لای خوارەوە بۆ بەڕێزتان و ڕای گشتی بخەینەڕوو:
١/هاوڵاتی ناوبراو لەلێدوانەکەیدا ئاماژەبەوە دەدات کەوا پێنج قیستی بەکۆمپانیا داوە و لەسەر نەدانی قیستێک یەکەکەی لێوەرگیراوەتەوە! ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوە و بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە ناوبراو سەرەتا تەنها چوار قیستی داوە نەوەک پێنج! هەروەها ئەمەش لەکاتێکدا بەشداربوان لەقۆناغی قیستی چواردەهەمینن واتا لەکۆی ١٤ قیست تەنها ٤ قیستی بەکۆمپانیاداوە! جگە لەوەی چەندین جار ئاگادارکراوەتەوە لەڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی و یەکێتی فەرمانبەران و پێدانی هۆشداری(انذار) لەڕێگای فەرمانگەی دادنووسەوە و دەستپێشخەریمان بۆ ئاسانکاری و هاوکاری بەڵام ناوبراو پابەند نەبووە، بۆیەکۆمپانیامان بەپێی گرێبەستی پەسەندکراوی نێوان کۆمپانیا و بەشداربوو مامەڵەی لەگەڵ ناوبراودا کردووە، کەشێوازی پێدانی قیستەکان بەشێوەی مانگانەیە کەچی ناوبراو لە ماوەی ٢٢ مانگدا تەنها یەک قیستی واسڵ کردووە.
٢/ هاوڵاتی ناوبراو لەسەر ڕەزامەندی و داواکاری خۆی و بەنووسراو داوای لەکۆمپانیامان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بڕەپارانەی کەپێشووتر داویەتی، کۆمپانیامان لەو خاڵەشدا هاوکاری ناوبراوی کردووە بەگەڕانەوەی سەرجەم پارەکەی، چونکە بەپێی گرێبەستی نێوانمان کۆمپانیا مافی لێبڕینی ١٠٪ پارەکەی هەبوو وەکو تێچووی خەرجی کارگێڕی.
کۆمپانیامان بەپەرۆشەوە بەردەوامە لەکارکردن بۆ بنیاتنانی پرۆژەیەکی نموونەیی لەسنووری گەرمیان و سەرباری ئەوەی هەمیشە بارودۆخی دارایی و گوزەرانی هاوڵاتیانی بەشداربووی پرۆژەکەمانی لەبەرچاوگرتووە و لەماوەکانی پێشوودا بڕیاریداوە بەکەمکردنەوەی قیستی مانگانە لە نزیکەی ٨٣٤دۆلارەوە بۆ ٤٩٠دۆلار، هەروەها بەبەردەوامی کارئاسانی بۆ بەشداربووانی کردووە لەپێدانی قیستەکانیان و چاوپۆشی لێکردوون و چەندین جار لەسەر داواکاری بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان هاوکاری بەشداربوان کراوە.
کۆمپانیای گاردینیا
جێبەجێکاری پرۆژەی نیشتەجێبوونی قەڵای شێروانە ستی