ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
لەبەرخراپی رێگای کەلار- سلێمانی نەخۆشی حاڵەتە لەناکاوەکان بە هەلیکۆپتەر دەگوازرێتەوە

2023/08/24 - 07:59 | 475 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەهۆی خراپی رێگاوبانەکانەوە، لە ئێستادا نەخۆش بە هەلیکۆپتەر لە گەرمیانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی، هەلیکۆپتەرەکانیش هی فریاگوزاریی نین، بەڵکو سەربازیین.
 
رزگار لەتیف، جێگری بەڕێوبەری فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: تەنها لەم دو مانگەدا ۲ جار نەخۆش بە هەلیکۆپتەر گوازراونەتەوە بۆ سلێمانی و جگە لەوەش جارێکی تر هاتون نەخۆش ببەن، بەڵام نەخۆشەکە دۆخی  تەندروستی خراپ بوە و گیانی لەدەستداوە.
 
ئەو هەلیکۆپتەرانەی نەخۆشیان پێ گوازراوەتەوە لە گەرمیان، هی هێزی پێشمەرگەی کۆماندۆ بون و هەلیکۆپتەری فریاگوزاریی تەندروستیی نین و زۆرتر وەک هاوکاری و رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان، دەیانگوازنەوە.
 
نەبونی پزیشک و کەرەستە و تیمی پزیشکی، لەگەڵ نەبونی هەندێک بەشی فریاکەوتنی ورد لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان، هۆکارن بۆ گواستنەوەی نەخۆش بۆ سلێمانی.
 
گواستنەوەی نەخۆشیش بە ئەمبوڵانس لە گەرمیانەوە بۆ سلێمانی قورس بوە، ئەوەش بەهۆی خراپی و قەرەباڵەغی رێگاکە کەوایکردوە روداوەکانی هاتوچۆی تیادا زۆر بێت.
 
بەپێی ئامارێکی هاتوچۆی دەربەندیخان کە تایبەت بە رادیۆی دەنگ دراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای ئەم هەفتەیە، ٤٦ روداوی هاتوچۆ لەسەر رێگای کەلارـ دەربەندیخان- سلێمانی تۆمارکراون، کە بەو هۆیانەوە ۱٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٦ کەسیش برینداربون.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,140,069     ژمارەی میوان 1760