زانیاری نوێ لەسەر لێدانی بیرە نەوتێک لە سنوری کفری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە

2023/08/18 - 07:35 | 626 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت- دەنگی ئەمریکا
 
بەڕێوبەی ناحیەی قەرەتەپە رایدەگەیەنێت ئەو بیرە نەوتەی کە بڕیارە لە سنوری کفری لێبدرێت، لە ناحیەکەی ئەواندایە، کارەکەش کۆمپانیایەکی ئیماراتی پێی هەڵدەستێت.
 
بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمریکا، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم-ـی ئیماراتی رێککەوتوە بۆ لێدان و دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە.
 
وەسفی عەلوان، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە: "قەرەتەپە لە مێژە ژمارەیەکی زۆر بیرە نەوتی تێدایە. ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت وەبەرهێنان لەو بیرە نەوتییانەدا بکات."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە کە تورکمانێکی شیعە مەزهەبە، دەڵێت: "هاتنی کۆمپانیاکان بۆ دەرهێنانی نەوت سودی بۆ ناوچەکەمان زۆرە؛ پاڵاوگە دادەنێن، هەلی کار دەڕەخسێنن و ناوچەکە لە پارەی پترۆ دۆلار سودمەند دەبێت."
 
بەپێی سەرچاوەکە، گومان دەکرێت چەند ناوچەیەکی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە ناوچەی نەوتی گرنگ بن، بە تایبەت سنوری گوندەکانی شۆکە، ئەبوعلج، خزێفە و گڵابات. چەند رۆژێک لەمەوبەر نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، پێش ئەوەی دەست بکەن بە کارکردن و لێدانی بیرە نەوت.
 
باسم محەمەد، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و گاز، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، وەزارەتی نەوت کار بۆ بەهێزکردنی یەدەگی سامانی نەوت و گاز دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەستاوە بە ئامادەکردنی پلانی روپێوی و لێدانی بیری نوێ.
 
هەرچەندە بریکاری وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە بەمنزیکانە دەست دەکەن بە لێدانی بیرێکی نەوت لە سنوری قەزای کفری لە پارێزگای دیالە، بەڵام بەرپرسانی سنوری گەرمیان رەتیدەکەنەوە هیچ هەنگاوێک بۆ لێدانی بیری نوێ لە سنوری ئەو قەزایەی گەرمیان نرابێت.
 
لایخۆشیەوە بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری وزە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند: حکومەتی عێراق بۆ لێدانی بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕاوێژی لەگەڵ هەرێم نەکردووە، لەکاتێکدا پێویستبوو ڕاوێژ بکات. هۆکاری راوێژنەکردنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچوە.
 
هەروەها پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "زانیاری لەبارەی دۆسیەی نەوت لای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە".
 
ناحیەی قەرەتەپەی سەر بە قەزای خانەقین، کە وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانە بۆ وەبەرهێنانی نەوت تێیدا، یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تا 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی کورددا بو.
 
بڕیارە کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی لە ماوەیەکی نزیککدا لە ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە دەستبەکاربێت، لە قۆناغی یەکەمیشدا بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێت و دواتر دەست بە لێدانی بیرە نەوتی نوێ دەکات.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,938     ژمارەی میوان 1417