ئاوارەكان ناگەڕێنەوە و تێكەڵ بە كۆمەڵگەی خانەخوێ دەبن

2023/06/05 - 11:09 | 635 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ/ كه‌ركوكناو
ئاماده‌كردنى: پەرژین كامەران
 
"بۆ كوێ بگەڕێمەوە؟ خانوەكەیان لەگەڵ زەویدا تەخت كرد، ژیانیشم پارێزراو نییە"، ته‌حسینه‌ محەمەد، ژنە ئاوارەییەكی كەمپی قورەتو لە سنوری ئیدارەی گەرمیان زیاتر وتی "بە زۆریش ناگەڕێمەوە سەعدییە، ئەگەر كەمپم لێ دابخەن دەچم رو لەم گوندانەی دەوروبەر دەكەم".
 
ناوەڕاستی 2014 كاتێك شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) دەستیپێكرد، خێزانەكەی تەحسینە روبەڕوی ژیانێكی ناهەموار بونەوە، ناچاربون بۆ پاراستنی ژیانیان ناحیەی سەعدییە لە پارێزگای دیالە چۆڵبكەن و رو لە قەزای كەلار بكەن لە پارێزگای سلێمانی.
 
دوای نزیكەی نۆ ساڵ لەو روداوە، هێشتا تەحسینە و خێزانەكەی لە ئاوارەییدا دەژین لە كەمپی قورەتو لە گەرمیان.
 
لەناو كەمپەكەدا تەحسینە دوكانێكی بچوكی كردۆتەوە، ئەوەش سەرچاوەی سەرەكی بژێوی ژیانیانە، "لێرە ئەمنیەتم پارێزراوە، ترسمان لە حەشدی شەعبی هەیە بۆیە ناگەڕێینەوە، خانوكەشم لە بۆردوماندا روخێنرا، ئیتر بۆ كوێ بگەڕێمەوە، ناچاریشم بكەن ناگەڕێمەوە".
 
پێداگری تەحسینە و هەزاران ئاوارەی تر لە قەزا و ناحییەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ مانەوە و نەگەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان، لەكاتێكدایە حكومەتی فیدراڵی عیراق، لە چوارچێوەی كارنامەكەیدا دەیەوێت هەرچی كەمپی ئاوارەیی هەیە دایبخات، بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
 
ئیبراهیم داود، خەڵكی قەزای شارەبانە و لەهەمان كەمپی تەحسینە دەژیت، وتی "هیچ قەرەبویەكمان ناكەنەوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، ئەگەر هاوكاریی نەكرێین ناتوانین لە زێدی خۆمان بژین".
 
 
لە گەرمیان دو كەمپی قورەتو و تازەدێ ماون، كە بەپێی ئیدارەی گەرمیان 250 خێزانیان تێدا ماوە، بەڵام بەگشتی زیاتر لە سی هەزار ئاوارە تێكەڵ بە كۆمەڵگەی خانەخوێ بون و لە شار و گوندەكانی ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێ بون. ئاوارەكان خەڵكی جرفی سەخەر، سەعدییە، شارەبان و رومادین.
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كورستان، 26 كەمپی ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستاندا هەن، بەڵام هیچ كەمپێك لە پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی نەماون و هەمویان داخراون.
 
جەختكردنەوەی ئاوارەكان لە بونی گرفتی ئەمنی لە ناوچەكانیان، لەكاتێكدایە ‎ئه‌حمەد زرگوشی، به‌ڕێوەبه‌ری ناحیه‌ی سه‌عدییه‌، ده‌ڵێت: "ئاوارەكان دەتوانن بگەڕێنەوە، ئێستا دۆخی ئەمنی سەعدییە زۆر باشە و دەستكراوە بە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و ئاوارەكان روبەڕوی هیچ كێشەیەك نابنەوە".
 
وتیشی: "لە ئیدارەی ناحییە لیژنەیەكی پێكهێنراوە بۆ ئەو خێزانانەی خانوەكانیان بەهۆی شەڕەوە روخێنراوە". لەگەڵ ئاماژەدان بە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی كە ئەركی نۆژەنكردنەوەی خانوە روخاوەكان لە ئەستۆ دەگرێت.
حکومه‌تی عێراق له‌ساڵی ٢٠٢٠ له‌چوارچێوه‌ی پلانێکدا زۆرینه‌ی که‌مپه‌کانی داخست و ئاواره‌کانی گه‌ڕانده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاواره‌کانی هه‌رێمی کوردستانی نه‌گرته‌وه‌.
 
سابر مه‌شکور، به‌ڕێوەبه‌ری نوسینگه‌ی سلێمانی کۆچ و کۆچبه‌رانی عیراق، دەڵێت: "ئەگەر ئاواره‌کان خۆیان رەزامەند نەبن بە گەڕانەوە، ئەوە نه‌ حکومه‌تی عێراق و نه‌ حکومه‌تی هه‌رێم ناتوانن زۆریان لێبکه‌ن، جگه‌ له هۆشیاركردنەوەیان بۆ گەڕانەوە... ئێمە ئێستا لەو قۆناغەداین نازانین چۆن چارەسەریان بۆ بكەین".
 
 
بەگشتی دۆخی ئەمنی، نەمانی شوێنی نیشتەجێبون و خزمەتگوزاریی لە گەورەترین بەرەبەستەكانی بەدرەم گەڕانەوەی ئاوارەكانی سنوری گەرمیانن، وەك ئەوەی خۆیان ئاماژەیان پیدا.
 
ره‌حمان یاسین، ئاواره‌یه‌کی قەزای شارەبانە لە دیالە، وتی: "ئه‌گه‌ر كەمپەكەمان دابخرێت و ناچار به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بکرێم، ئەوا له‌ ده‌ره‌وه‌ی که‌مپ و سه‌رجادە‌ خێمه‌ هەڵدەدەم و لە ناویا دەژیم".
 
ئه‌حمەد سه‌عید، ئاوارەیەكی ترە و خەڵكی رومادییە، وتی: "لە ناوچه‌که‌ی ئێمه‌ باری ئه‌منی جێگیر نییه‌، هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچانه‌ باڵادەستن و كێشە بۆ خەڵك دروستدەكەن".
 
لەگەڵ جەختكردنەوە لە نەگەڕانەوەیان، ئاوارەكانی نێو كەمپەكان روبەڕوی گرفتی كەمی هاوكاریی رێكخراوەكان و وەزارەتی كۆچ بونەتەوە، بۆیە ناچاربون بچنە دەرەوەی كەمپ و بژێوی ژیان پەیدابكەن.
 
بێستون ژاڵەیی، لێپرسراوی کاروباری مرۆیی له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان، وتی: ئه‌و رێکخراوانه‌ی لە ناوچەكە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان ماونه‌ته‌وه‌ ژماره‌یان زۆر که‌مه‌، نه‌بونی هاوکاری دارایی وایکردوه‌ بنکه‌ی ته‌ندروستی هه‌ردو که‌مپ خزمه‌تگوزارییه‌کانی رابگیرێت.
 
"سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراق ناو به‌ناو پاکێجی خواردن به‌سه‌ر ئاواره‌کاندا دابه‌شده‌کات، بەڵام له‌ڕوی بژێوی ژیانه‌وه‌ ئاواره‌کان ته‌نها پشت به‌و هاوکارییانه‌ نابه‌ستن خۆیان کارده‌که‌ن دۆخی ژیانیان به‌گشتی مامناوه‌نده‌".
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,888     ژمارەی میوان 2455