دەستگیرکردنی عەلی مەحمود نیگەرانییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە

2023/04/25 - 11:52 | 861 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
عەلی مەحمود، چالاکوانی سیاسی و ئەنفال و جینۆساید لە هەولێر دەستگیرکرا، ئاسایش دەڵێت تۆمەتباری داڵدە داوە، چالاکوانێکی بواری ئەنفالیش دەڵێت: هەر سیناریۆیەک رەد دەکەینەوە.
 
عەلی مەحمود محەمەد، ناسراو بە 'عەلی سیاسی' چالاکوانی سیاسی چەپ، بەتایبەتی لەبواری ئەنفال و جینۆساید دا چالاکە و لە دوای راپەڕینەوە رێکخەر و ئەنجامدەری چەندین چالاکی بوە لە بواری ئەنفال و جینۆساید دا.
 
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنییەوە، ئاسایشی هەولێر بڵاویکردوەتەوە: "داواکراوێک بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتن لەلایەن عەلی مەحموودەوە لە ماڵەکەی داڵدەدراوە. داواکراوەکە دەستگیرکراوە و عەلی مەحموودیش بەتۆمەتی داڵدەدانی داواکراوەکە دەستگیرکراوە."
 
لەبەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر لە سەنتەر و هاوڵاتیان و چالاکانی بواری ئەنفال و جینۆساید، ناڕەزایەتی خۆیان لە دەستگیرکردنەکە دەربڕیوە.
 
لەوبارەوە ئەحمەد مەجید، چالاکی بواری ئەنفال دەڵێت: "هەرسیناریۆیەک بۆ شەرعیدان بەهەڵکوتانە سەرماڵی علی سیاسی و ڕفاندنی شەرمەزاردەکەین داوکارین بکەرانی لەدادگایەکی بێلایەند دا دادگای بکرێن".
 
هاوکات، هاوڕێ پێشڕەو، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەڵێت: چارەنوسی عەلی سیاسی لە ئەستۆی هێزەئەمنییەکانی هەولێرە.
 
لایخۆشیەوە، سەنتەری میترۆ، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: "هەموو پاساوانەكانی دەستبەسەركردنی تا ئێستا لەلای ئێمە قایلكەر نیین و داوا دەكەین دەسبەجێ ئازاد بكرێت".
 
دەشڵێت: عەلی مەحمود داكۆكیكاری دیاری مافەكانی مرۆڤە بە تایبەتیش مافی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی كوردستان، دەسگیركردن و مانەوەی بە تەموومژاوی جیگەی بێزاری و رەتكردنەوەیە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,103     ژمارەی میوان 1533