د.سمين قادر محەمەد
دكتورا (بۆرد) لە نەخۆشییەکانی مناڵان
* هەوکردنی پەردەکانی مێشک چیە؟
مێشکی مرۆڤ بە سێ پەردە دەورە دراوە، هەندێکجار ئەم پەردانە هەو دەکەن (توشی 'ألتهاب' دەبن).
* هۆکارەکانی:
بەکتریا یان ڤایرۆس ئەم دوانە زۆر باون دەکرێت هۆکاری تریش هەبن.
ئەو هۆکارانەی کە ئەگەری توش بوون زیاددەکەن:
١. ئەو مناڵانەی کە سیستەمی بەرگری لەشیان لاوازە.
٢. ئەو مناڵانەی کە کێشەی سپڵیان هەیە، بەباشی کار ناکات یان سپڵیان لابراوە.
٣. ئەو مناڵانەی بەهۆی روداوێکەوە زەبر بەر سەریاندەکەوێت و کاسەی سەریان درز دەبات.
٤. ئەو مناڵانەی کەلە قەرەباڵەخیدا دەژین چ قوتابخانە یان دایەنگە یان خێزان.
بەڵام مەرج نیە مناڵی توشبو ئەو خاڵانەی تێدا بەرجەستە بێت، مناڵ هەیە توش دەبێت و ئەو خاڵانەشی تیا نیە، بەڵام ئەو خاڵانەی سەرەوە ئەگەری توشبوونی زیادەکەن.
* نیشانەکانی:
١. زۆرجار پێش ئەوە مناڵەکە پەتا و کۆکە و هەڵامەتی هەبوە.
٢. سەرئێشە و بێتاقەتی.
٣. تا.
٤. دڵتێکەڵ بون و رشانەوە.
٥. بێزاربون بە روناکی و هەندێکجار بە دەنگیش.
٦. ئازاری مل و رەقبونی.
مەرج نیە هەمو ئەم خاڵانە لە مناڵێکدا هەبێت.
* چۆنێتی دەستنیشانکردنی:
هەرکات گومانت هەبوو کە مناڵەکە ئەم نەخۆشیەی هەیە ئەوا پێویستە بە دەرزی تایبەت ئاو لەپشتی دەرکرێت، بەڵام پێش ئەوەی ئەم پشکنینەی بۆ بکەیت پێویستە پشکنینی چاوی بۆ بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی کە پەستانی مێشکی بەرز نیە. ئەم پشکنینە هیچ کاریگەرییەکی خراپی ئەوتۆی لەسەر مناڵەکە نیە و پێویست ناکات دایک و باوک لێی بترسن.
* چارەسەر:
پێویستە منداڵەکە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و لەلایەن پزیشکەوە چاودێری بکرێت و چارەسەر وەربگرێت. ماوەی نەخۆشیەکەش لە ٧-١٤ رۆژە و هەندێکجاریش زیاترە.
* کاریگەرییە خراپەکانی ئەم نەخۆشییە:
١.لاوازبونی بیستن و بینینی.
٢. گەشکە.
٣. کۆبونەوەی ئاو لەمێشکیدا.
٤. لاوازی فێربون و یادگەی (زاکیرە) مناڵەکە.
خۆشبەختانە ئەم کاریگەریە خراپانە زۆرجار رونادات و مناڵەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.
* خۆپاراستن:
١. کوتانەکان زۆر گرنگن و پێویستە هەمو مناڵێک کوتانەکان لەکاتی خۆیدا و وەکخۆی وەرگرێت.
٢. جیاکردنەوەی مناڵەکە و بەتایبەتی چەند رۆژی سەرەتای نەخۆشییەکە.