کێشەی ئەمنی و خزمەتگوزاریی ناحیەی نەوجول بەرەو چۆڵ بون دەبات

2023/04/20 - 05:08 | 645 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دانیشتویەکی گوندێکی ناحیەی نەوجول‌ ده‌ڵێت: له‌به‌ر خراپی بارودۆخی ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری به‌شێك له‌ هاوڵاتیان سنوره‌كه‌یان چۆڵ كردوه‌، بەڕێوبەری ناحیەکەش جەخت لەم زانیارییانە دەکاتەوە.
 
شاڵاو داودی، دانیشتوی گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ر به‌ ناوچەی داودە لە ناحیەی نەوجول، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتی: ماوه‌ی 6 ساڵە‌ و له‌ دوای روداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ بارودۆخی ئه‌منیمان تێكچوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێستا دانیشتوانی گونده‌كان خۆیان شه‌وان پاسه‌وانی خۆیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ نه‌ڕفێندرێن.
 
رفاندانی هاوڵاتیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دواتر ئازادکردنیان لەبەرامبەر بڕێک پارە، لەحاڵەتەوە بوە بەدیاردە. به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییە‌ حکومەتی هەرێم 6 لیوای لە ناوچەکە هەیەو حکومەتی عێراقیش هێزی هەیە لە ناوچەکە، بەڵام ناچنە ئەو بۆشایە ئەمنیەی کە لەنێوانیان هەیە.
 
جگه‌ له‌ كێشه‌ی ئه‌منی له‌سنوری ناحیه‌ی نه‌وجول، نه‌بونی خزمه‌تگوزاریش وایكردوه‌ هاوڵاتیان ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆل بكه‌ن.
 
شاڵاو داودی، باسی له‌وه‌شكرد لەناو سەنتەری ناحیەکەدا سەدا هەشتای دانیشتوانەکەی چۆڵی کردوە، بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری وەک کارەبا و رێگاوبان و 58 گوندی سنوری ناحیەکەش بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکەوە نیوەیان بەرەو چۆڵبونی تەواوەتی دەڕۆن.
 
ناحیه‌ی نەوجول کە زینانەشی پێدەوترێت، سەنتەرەکەی پێكهاتوه‌ له‌ 68 ماڵ و 58 گوندیشی له‌سه‌ره‌، له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 40 ماڵیان چۆڵیان كردوه‌ و هاوكات به‌شێک له‌ گونده‌كانیش چۆڵكراون.
 
لایخۆشیەوە به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی نەوجول‌ ده‌ڵێت: 68 ماڵ هه‌بون له‌ سەنتەری ناحیەکە، به‌ڵام 40 ماڵیان باری کردوە.
 
وه‌هاب ئه‌حمه‌د، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتی: به‌هۆی كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری و ئه‌منیه‌وه‌ هاوینی پێشو به‌شێكی زۆر له‌ خەڵکی ناحیەکە باری کرد، هۆکاری بارکردنەکەیان کەمی خزمەتگوزاری و كێشه‌ی ئه‌منی بو.
 
 
له‌ باره‌ی كێشه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌وه‌، به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی نەوجول‌ چه‌ند نمونه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: بۆ نمونە ئەو سنورە بنکەی تەندروستی هەیەو تا کاتژمێر دو دەوام هەیە، بەڵام دوای ئەوە دەوام نیە تا رۆژی دواتر.
 
باس له‌وه‌ش ده‌كات: کارەباکە ئەوەندە خراپە سودی لێوەرناگیرێ، لە ئێستادا کارەباکە بەهۆی ئاودێریەوە کراوەتە 24 کاتژمێر، بەڵام ئێمە تەناوبی پێ ئەکەین، نزیکەی 4 کاتژمێر لەشوێنێک ئەیبڕین و ئەیدەینە شوێنێکی تر بۆ ئەوەی سودی لێوه‌رگرن، بەڵام بۆ هاوینیش 24 کاژمێر بیدەن خەڵکەکە هەر سودی لێوه‌رناگرێت.
 
جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ناحیەکە به‌ته‌واوه‌تی چۆڵ نه‌كراوە، به‌ڵكو ئەو سنورە بەهۆی ئەوەی سنورێکی کشتوکاڵیە خەڵک دو بنەی داناوە، ماوەیەک لێرە دەبێت و ئیشەکانی تەواو دەکات، دواتر دەگەڕێتەوه‌ شار.
 
وه‌هاب ئه‌حمه‌د، له‌ باره‌ی چۆڵبونی گونده‌كانی سه‌ر به‌ناحیه‌کەیانەوە‌ ده‌ڵێت: گوندمان هه‌یه‌ 5 ماڵەو گوندیشمان هەیە 50 ماڵە.
 
له‌ باره‌ی كێشه‌ی ئه‌منیه‌وه‌، جەختی لە بونی ئەو کێشەیە کردەوە و وتی: هەریەک لە گوندەکانی 'شۆراو' و 'پەڵکانەکان' کە سێ پەڵکانەن، هەروەها 'قۆری چای' لایەکی بەدەست داعشەوەیە.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,868     ژمارەی میوان 2436