ئاماده‌كردنى:
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ له رادیۆی ده‌نگ- محه‌مه‌د مه‌حمود
چوار لە پرۆژە تازه‌كانى نیشتەجێبون له كه‌لار روبه‌ڕوى مه‌ترسی کەمئاویی ده‌بنه‌وه، واش ده‌رده‌كه‌وێت كه چاره‌سه‌رى بنبڕ بۆ كێشه‌كه له‌ئارادا نییه، ئیداره‌ى گه‌رمیانیش تۆپه‌كه ده‌خاته گۆڕه‌پانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنان و كۆمپانیاكانه‌وه و ده‌ڵێت: خۆتان چاره‌سه‌رى بكه‌ن.
پرۆژەکانی: (بان سیتی، فەرمانبەران، بەهەشتی کەلار و لانە سیتی) كه له نزیكه‌ى 6 هه‌زار یه‌كه پێكدێن، ئەو پرۆژانەن كه ده‌كه‌ونه ئه‌ودیوی جاده‌ى پشتێنه‌یی "حولی" كه‌لار و گرفتی ئاویان هەیە. پرۆژه‌ى لانه سیتی ته‌واو بوه و به‌شداران تیایدا نیشته‌جێبون، پرۆژه‌ى بان سیتی ته‌واو بوه و له قۆناغی راده‌ستكردنێتى به خاوه‌نه‌كانیان و دو پرۆژه‌كه‌ى تر هێشتا ته‌واو نه‌كراون و كاریان تێدا ده‌كرێت.
كێشه‌ى ئه‌و پرۆژانه ئه‌وه‌یه كه له‌كاتى ته‌واوبونیان دا، روبه‌ڕوى مه‌ترسی بێئاویی ده‌بنه‌وه، چونكه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاوی سه‌ر زه‌وی له‌و ناوچه‌یه‌دا نیه، هه‌رچی ئاوی ژێرزه‌ویشه، ئه‌وا مه‌ترسی هه‌یه له‌وه‌ى بڕه‌كه‌ى كه‌مه و تواناى نابێت پێداویستی ئه‌و ژماره زۆره له هاوڵاتیان دابین بكات كه ده‌چنه یه‌كه‌كانه‌وه.
پرۆژه‌ى لانه سیتى ئاوی بیری هه‌یه و له‌ئێستادا كێشه‌یه‌كى نیه، به‌ڵام مه‌ترسی هه‌یه له داهاتودا روبه‌ڕوى كێشه ببێته‌وه، به‌وپێیه‌ى هێشتا پرۆژه‌كانى دیكه ته‌واو نه‌بون و خه‌ڵكى تێدا نیشته‌جێ نه‌بوه، كه پێشبینی دەکرێت به‌كارهێنانى بیری ئه‌و پرۆژانه كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى ئاوی بیری ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش.
له‌باره‌ى كێشه‌كه‌وه، بەڕێوبەری ئاوی کەلار دەڵێت: پاڵاوگەکەمان توانای نیە ئاو بدات به‌و پرۆژانه، بەڕێوبەری ئاوی ژێرزەوی گەرمیانیش ده‌ڵێت: به‌وپێیه بێت پرۆژه‌كان پێویستیان به چەندین بیر ده‌بێت، هەرچی بەڕێوبەری وەبەرهێنانی گەرمیانیشە باس لە بونی بەدیلی تر دەکات.
"ناتوانرێت سود لە ئاوی سەرزەوی ببینرێت بۆ پرۆژه‌كان"
ئاوی سەرزەوی کەلار کە سەرچاوەکەی روباری سیروانە، لە رێگەی پاڵاوگەی ئاوی کەلارەوە دەپاڵێورێت و دابەش دەکرێت بەسەر نزیکەی 60%ـى دانیشتوانی قەزای کەلار.
سامان رەحیم، بەڕێوبەری ئاوی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کاتێک نوسراوی ئەم پرۆژانە گەیشتە بەردەست ئێمە وتومانە رەزامەندین پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن، بەڵام توانای دابینکردنی ئاومان نیە بۆیان، چونکە پاڵاوگەکەمان بچوکە و توانای نیە ئاو بدات به شوێنێک کە سەروی 500 ماڵ بێت.
جەختیشی کردەوە: نه توانای پاڵاوتنی ئاو و نه توانای گەیاندنی ئاومان به‌و پرۆژانه نییه، چونکە نە بۆڕی گواستنه‌وه‌ى ئاومان لەو شوێنانە هەیە و نە پاڵاوگەکەشمان توانای پاڵاوتنی ئه‌و بڕه زۆره‌ى ئاوی هەیە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار، به‌و دو هۆكاره‌ى سه‌ره‌وه، تائێستا نه‌توانراوه ئاوی هه‌مو قه‌زاكه بخرێته سه‌ر پاڵاوگه‌ى سه‌ره‌كی كه‌لار، به‌ڵكو نزیکەی 40%ـى دانیشتوان تائێستاش سود لە ئاوی بیرەکان وەردەگرن.
"كێشه‌ى سودوه‌رگرتن لە ئاوی ژێرزەوی"
دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار ئاشكراى كرد توانایان نیە ئاوى سه‌ر زه‌وی بگه‌یه‌نن به پرۆژەکان، بژارده‌ى دوه‌م پەنابردنه بۆ سود وەرگرتن لە ئاوی ژێرزەوی (بیر).
حامد جومعە، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێرزەوی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: هەریەک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون چەند بیرێکیان هەیە ئێستا ئیشی لەسەردەکەن، بیرەکان هیچ کێشەیەکیان نەبوە لە ئێستادا، ئەگەر بیرەکانیش زیاد بکرێن نازانم ئەنجامەکەی چۆن دەبێت.
وتیشی: لەو ناوچەیە زۆر بیر لێدراوە، تا ئێستاش ئەو بیرانە هیچ کێشەیەکیان نەبوە.
بەپێی وتەی بەڕێوبەری ئاوی ژێر زەوی گەرمیان، پرۆژەی بان سیتی داوای کردوە 4 بیری بۆ لێبدرێت، بەڵام لە ئێستادا 2 بیری بۆ لێدراوە، پرۆژەی بەهەشتی کەلار داوای کردبو 10 بیری بۆ لێبدرێت، بەڵام لە ئێستادا 4 بیری بۆ لێدراوە، لانە سیتی دوای کردبو 2 بیری بۆ هەڵکەندرێت و هه‌ردوكیانى بۆ لێدراوە، پرۆژه‌ى فەرمانبەرانیش داوای کردبو نزیکەی 10 بیریان بۆ لێ بدرێت، بەڵام جارێک ماویەتی.
به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌و بیرانه‌ى كه لێدراو‌ن، تیایدایه 250 مه‌تر هه‌ڵكه‌نراوه.
حامد جومعە، له‌مباره‌وه دەڵێت: هیچ بیرێکمان نیه ئاوەکەی لە 250 مەتر بێت، به‌ڵكو بیری 250م هەیە ئاوەکەی لە 80 مەترە و ماتۆڕی سێ ئینج لەسەرێتی.
باسی له‌وه‌شكرد هۆكارى كێشه‌ى ئاوی ژێرزه‌وی له‌و ناوچه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه كه شوێنەکەی بەرزە، به‌شێوه‌یه‌ك وه‌كخۆی وتى: "لەناو کەلار و بۆنمونه له‌نێو به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ى ئێمه‌دا ئه‌و قوڵیه‌ى كه ده‌گاته ئاو 27 مەترە، بەڵام لەنزیک روباری سیروان 10 مەترە".
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: به‌و دۆخ و واقیعه‌ى كه هه‌یه، بیرەکان دەتوانن ئاو بۆ ئەو پرۆژە نیشتەجێبونانە دابین بکەن كاتێك هه‌مو پرۆژه‌كان ته‌واو ده‌بن و ماڵیان تێده‌چێت؟
حامد جومعە، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێر زەوی گەرمیان، دەڵێت: ئێمە کاتی خۆی بە نوسراو وەڵاممان داوەتەوە و پێمان وتون ئەو بڕە ئاوەی ئێوە داواتان کردوە، بیرەکانی ئێمە ئەوە دەرناکات لەو شوێنە، لە یەک حاڵەتدا ئەویش دەبێت ژمارەی بیرەکان زۆر بکەن.
وتیشی: "مەعقولیش نیە پرۆژەیەک بکەیت و سی بۆ چل بیری تێدا لێبدەی، بەو پێیەی لە گەڕەکێکدا ئەگەر 200 ماڵ بیرێکی پێویست بێت، باشە ئەی 4 هەزار ماڵ چەند بیری پێویستە؟ ئەبێت ئەوەنە بیری بۆ لێ بدەیت؟".
كێشه‌یه‌كى تری بیری ئاو ئه‌وه‌یه كه تواناى یه‌كترى كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك حامید جومعه ئاماژه‌ى پێدا "لێدانی بیر لە تەنیشت یەکدا ئەگەر سەرچاوە سەرەکیەکەی نەبڕێتەوە کێشە دروست ناکات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر سەرچاوە سەرەکیەکەی ببڕدرێت کێشە دروست دەکات".
لای خۆشیه‌وه به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، له گه‌وره‌یی بونى كێشه‌ی ئاو له‌و پرۆژانه كه‌مكرده‌وه.
هونه‌ر مه‌حمود، نمونه‌ى پرۆژه‌ى لانه سیتی هێنایه‌وه كه له (385) یه‌كه پێكدێت و 2 بیری ئاوی هه‌یه، به‌وته‌ى خۆی یەکەکانی رۆژناڕۆژێك ئاویان پێده‌درێت و كێشه‌یان نییه.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌و چوار پرۆژه‌یه خه‌زانى ئاویان هه‌یه و ده‌توانن ئاو كۆگا بكه‌ن.
وه‌كو نمونه‌ش ئاماژه‌ى به پرۆژه‌ى بان سیتی دا كه به‌وته‌ى خۆی خه‌زانێكى (2) ملیۆن و (500) هه‌زار لیتری هه‌یه، كه ده‌توانن له رێگه‌ى بیره‌كانه‌وه پڕی بكه‌نه‌وه و دواتر به‌پێی خشته‌یه‌ك دابه‌شی بكه‌ن به‌سه‌ر هاوڵاتیان دا.
به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێر زه‌وی گه‌رمیان، ئه‌و ناوچه‌یه ئه‌وه نیه ئاوی نه‌بێت، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه ئاوه‌كه‌ى به‌شى ئه‌و خواسته ناكات كه له سه‌رى هه‌یه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه دۆخی ئاوی ژێرزه‌وی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌موى وه‌ك یه‌ك نیه، به‌ڵكو ناوچه به‌رزه‌كان کە لە چینێکن بەناوی (لۆوەر بەختیاری Lower Bakhtiary) كێشه‌كه‌ى تیا زیاتره و ناوچه خواره‌كان دۆخیان باشتره.
به رای پسپۆڕێكى بوارى ئاو، په‌نابردنه به‌ر ئاوی ژێر زه‌وی به‌وهۆیه‌وه‌یه كه تێچونه‌كه‌ى كه‌متره، ئه‌گینا زیان و لێكه‌وته‌كانى زیاتره.
عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، وتى: لەمێژەوە حکومەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئاوى خواردنەوە تەنها دەستى بردوە بۆ ئاوى ژێرزەوى بەهۆى ئەوەى کە تێچوەکەى کەمترە، بەڵام ئەم رێگەیە لە روى زانستیەوە هەڵەیەکى زۆر گەورەیە و چاره‌سه‌رێكى كاتییه.
وتیشی: گەرمیان ناوچەیەکى وشکە و شوێنە بەرزاییەکانى گرفتى ئاوى ژێرزەوییان هەیە و لە داهاتودا بە هۆى زۆرى ژمارەى بیرەکانیەوە كه به‌بێسه‌روبه‌ریی لێدراو‌ن، دور نییە گرفتى گەورە لەو شوێنانە سەرهەڵبدات.
حكومه‌ت پێشتر به‌م كێشه‌یه‌ى زانیوه و چاره‌سه‌رى نه‌كردوه
به‌گوێره‌ى ئه‌و نوسراوانه‌ى كه ده‌ستمان كه‌وتوه، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره حكومییه‌كان به‌لای كه‌مه‌وه پێش دو ساڵ له ئێستا، زانیویانه كێشه‌ى ئاو له‌و پرۆژانه‌دا دروست ده‌بێت، به‌ڵام هه‌نگاوى جیدیی و بنبڕ نه‌نراوه بۆ چاره‌سه‌ركردنى.
له (26/10/2021) به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان به‌پشت به‌ستن به راپۆرتێكى هۆبه‌ى سه‌رپه‌رشتیارییان، بۆیان ده‌ركه‌وتوه كه ئه‌و پرۆژانه كێشه‌ى ئاویان هه‌یه و ئاوی ژێر زه‌ویش چاره‌سه‌رى ناكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نوسراویان بۆ ئیداره‌ى گه‌رمیان كردوه.
له نوسراوێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی كه‌لار له رێكه‌وتى (28/11/2021) ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه كه پێشتریش به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیانیان ئاگادار كردوه‌ته‌وه له‌وه‌ى ناتوانن ئاو بۆ ئه‌و پرۆژانه دابین بكه‌ن و به ناچارى پشت به ئاوی ژێر زه‌وی به‌ستراوه.
له نوسراوێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێر زه‌وی گه‌رمیان له رێكه‌وتى (6/9/2022)، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه ئاوی ژێر زه‌وی ئه‌و ناوچه‌یه به‌شى پرۆژه‌كان ناكات، ئەمەش لەکاتێکدایە خودی ئەم بەڕێوبەرایەتییە لە ساڵی 2017 بە راپۆرتێک رەزامەندی داوە لەسەر هەڵکەندنی 4 بیر بۆ پرۆژەکانی بان سیتی و بەهەشتی کەلار بە قوڵی 110-120 مەتر.
پرسیار ئه‌وه‌یه: پێشتر چۆن مۆڵه‌ت به‌و پرۆژانه دراوه و ئه‌م كێشه‌یه نه‌خراوه‌ته‌ڕو؟ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێر زه‌وی گه‌رمیان پێشتر بۆچی باسی له بونى ئه‌م كێشه‌یه نه‌كردوه و ره‌زامه‌ندى داوه له‌وه‌ى پرۆژه‌كان دروست بكرێن و كێشه‌ى ئاوی ژێر زه‌وییان نابێت؟
حامد جومعه، له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: پێشتر ئێمه وتومانه كه ئاوی ئه‌و سنوره كه‌مه و ئاوه‌كه‌ى دو ئینج بۆ دو ئینج و نیوێك ده‌بێت، به‌ڵام كۆمپانیا پشتی به راپۆرتى جیلۆجی خۆیان به‌ستوه و ئێمه‌ش وتومانه خۆیان به‌ڵێننامه پڕبكه‌نه‌وه له‌سه‌ری كه به‌رپرسیارێتى خۆیانه.
ئاماژه به‌وه‌ده‌كات بۆ ئه‌م بابه‌ته پشت به پشكنینی جیۆلۆجی به‌ستراوه و پشكنینى جیۆ-فیزیای بۆ نه‌كراوه به‌وهۆیه‌ى ئامێریان نیه بۆ ئه‌م پشكنینه.
وتیشی: زۆرتر پرۆژەی فەرمانبەران بەشی سەرەوەی کێشەی دەبێت، رەنگە ئاوەکە بەشی بەکارهێنانی هاوڵاتیان بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان بکات، بەڵام بۆ ئاودانی باخچە و سەوزایی کێشەی بێتەڕێ.
لایخۆشیه‌وه پسپۆڕێكى بوارى ئاو، سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م كێشه‌یه به "بێ به‌رنامه‌یی" ناوده‌بات.
عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، مامۆستاى زانكۆی گه‌رمیان، وتى: لە راستیدا ئەمە گرفتێکى زۆر گەورەیە و کەس خۆى ناکاتە خاوەنى، نه کۆمپانیاکان و نه لایەنە حکومییەکان، لە کاتێکدا ئاسایشى ئاو و دابینکردنى ئاو بۆ هاوڵاتیان ئەرکى دولایەنە ئەوانیش: حکومەت و کەرتى تایبەتە کە کۆمپانیاکانە.
وتیشی: کەرتى تایبەت گەورەترین سودیان لەم پرۆژانە بینیوە بەبێ ئەوەى مافى دانیشتوانى یەکەکانى نیشتەجێبون جێبەجێ بکەن، ئەمە بێ بەرنامەییە و ئاماژەیەکى گەورەیە بۆ ئەوەى کە حکومەت تا ئێستا لە ئەرک و مافەکانى خۆى تێنەگەشتوە و زۆرجار لایەنگرى کۆمپانیاکان دەکرێت چونکە سەر بە دەسەڵاتن.
ئیداره‌ى گه‌رمیان: خۆتان چارەسەری کێشەکە لە ئەستۆ بگرن
به‌پێی نوسراوێكى ئیداره‌ى گه‌رمیان كه ئاراسته‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیانى كردوه له رێكه‌وتى 28ـى ئادارى 2023، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه خه‌رج و تێچوى دابینكردنى ئاو بۆ ئه‌و پرۆژانه له رێگه‌ى دروستكردنى پاڵاوگه و هه‌روه‌ها لێدانى بیره‌وه زۆر جیاوازه (كه پێده‌چێت مه‌به‌ستى ئه‌وه‌بێت تێچوى دروستكردنى پاڵاوگه زۆر زیاتره).
هاوكات له نوسراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "بۆیه پێویسته له‌لایه‌ن خۆتان و وه‌به‌رهێنه‌رانى جێبه‌جێكارى ئه‌و سێ پرۆژه (بان سیتی، به‌هه‌شتى كه‌لار و فه‌رمانبه‌ران)، كێشه‌ى دابینكردنى ئاو بۆ دانیشتوانى ئه‌و گوندانه له ئه‌ستۆ بگرن به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان".
وه‌ك له نوسراوه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئیداره‌ى گه‌رمیان تۆپەکە ده‌خاته گۆڕه‌پانى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان و كۆمپانیاكان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه.
لایخۆشیه‌وه به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، به‌رپرسیارێتى ئه‌م بابه‌ته ده‌گوازێته‌وه بۆ سه‌ر شانى كۆمپانیاكان.
هونه‌ر مه‌حمود، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: كاتێك كۆمپانیا خزمه‌تگوزاریی پرۆژه‌كان له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و مانگانه‌یه‌ك له به‌شداربوان وه‌رده‌گرێت، پابه‌ند ده‌كرێت به دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان و له‌نێویشی دا ئاو.
پسپۆڕێكى بوارى ئاو، بونى ئه‌م كێشه‌یه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ بێده‌ربه‌ستى حكومه‌ت له پرسی ئاو دا.
عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، به نیگه‌رانیه‌وه وتى: "بەداخەوە پرسى ئاو ئەوەندە بێ بایەخە لاى حکومەت کە دوا شتە بیرى لێ دەکەنەوە، زۆرێک لە پرۆژەکان تەواو بون کەچى ئێستا بیر لە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەیان دەکەنەوە، لە کاتێدا ئەم بابەتە پێویستە پێش دەستپێکردنى پرۆژه‌كان یەکلابکرێنەوە".
"چارەسەر به‌كارهێنانى پاڵاوگەیه"
به‌گشتى بژارده‌ى پشتبه‌ستن به بیر له‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتو نییه، چونكه دارستانى ده‌ستكردى هه‌ژار كه هه‌ر له‌و زۆنه‌یه، پێشتر بۆ ئاودێرییكردنى پشت به ئاوی بیر ده‌به‌سترا، به‌ڵام دواتر ئاوى بیره‌كانى به ته‌واوى كه‌می كرد و ناچار بۆڕیه‌ك له پاڵاوگه‌ى ئاوی كه‌لاره‌وه بۆ دارستانه‌كه راكێشرا.
بەوتەی بەڕێوبەری دارستان و پاوانی گەرمیان، رەشید بەکر، ئێستا دارستانەکە 60% پشت بە ئاوی پاڵاوگەی کەلار دەبەستێت.
مه‌ترسی وشككردن یان كه‌مبونه‌وه‌ى ئاوی بیره‌كان، مه‌ترسیه‌كى زاڵه، بەو پێیەی کەلار به‌رده‌وام ئه‌گه‌رى رودانى وشكه‌ساڵی تیایدا هه‌یه و لە دو وەرزی بارانبارینی رابردوشدا روبه‌ڕوى ئه‌م حاڵه‌ته بویه‌وه. هاوكات به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى ئاوی ژێرزه‌وی گه‌رمیان، زیادكردنى لێدانى بیرى نوێ وه‌كو چاره‌سه‌رى كه‌مبونه‌وه‌ى رێژه‌ى ئاوی بیره‌كانى تر، گه‌ره‌نتیكراو نییه، چونكه وه‌كخۆی وتى: "نازانرێت ئەگەر ژمارەی بیرەکان زیاد بکرێت چی رودەدات".
به نوسراوێك له نیسانى 2022 دا به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، هه‌ر چوار كۆمپانیای جێبه‌جێكارى چوار پرۆژه‌كه‌ى راسپاردوه بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی كه‌لار هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى سێت و نه‌خشه‌ى پرۆژه‌ى راكێشانى ئاوی پاك له روباری سیروانه‌وه بۆ پرۆژه‌كانیان.
هه‌مو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان (وه‌به‌رهێنان، ئاوی ژێر زه‌وی و ئاوی كه‌لار) له نوسراوه‌كانیان دا كه له به‌رده‌ستدان، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م كێشه‌یه، په‌نابردنه‌به‌ر پاڵاوگه‌یه، ئەویش یان به گەورەکردنی پاڵاوگەی ئاوی کەلار، یاخود دروستکردنی کۆمپاکت یونت واتا وێستگه‌ى گه‌ڕۆكى پاڵاوتنى ئاو (محطة سفری)، كه دواتر له هه‌ریه‌كه له‌و پاڵاوگه و وێستگانه‌وه ئاوه‌كه به بۆڕی راده‌كێشرێت بۆ پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كانى ئه‌و سنوره.
سامان رەحیم، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی کەلار، دەڵێت: بە نوسراویش پێشنیاری ئەوەمان کردوە کە یەکەمجار سود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت، ئەویش بە دروستکردنی پاڵاوگە یان کۆمپاکت یونت، وتوشمانە بەوەش رازین ئەگەر پاڵاوگەکەی ئێمە فراوان بکرێت و بەشی ئەو گەڕەکانەی لێ جیا بکرێتەوە و خەرجیی لە لێدانی بیرەکاندا نەکرێت.
وتیشی: ئێمە توانا‌مان نیە پاڵاوگەکەمان گەورە بکەینەوە و ئاو بۆ ئەو پرۆژانە دابین بکەین، چونکە بودجەیەکی زۆری پێویستە، بۆیە دەرخستەیەکمان کرد بۆ بەڕێوبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان.
لە بەرامبەردا هونەر مەحمود، بەڕێوبەری گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، پشتگیری دروستكردنى پاڵاوگه ده‌كات و وتی: "نوسراوێکمان کرد و داوامان کرد ئه‌و پارانه‌ى له بیردا خه‌رج ده‌كرێن، بكرێن به یه‌ك و پاڵاوگه‌یه‌كى پێ دروست بكرێت". به‌ڵام به‌وته‌ى خۆی ئه‌و ده‌رخسته‌یه‌ى كه بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەلار كردویه‌تى بۆ پاڵاوگه‌كه بڕه‌كه‌ى 7 بۆ 8 ملیار دینار بوه، كه ئه‌مه‌ش زۆره.
پسپۆڕێكى بوارى ئاویش پێیوایه باشترین چارەسەر ئەوەیە پاڵاوگەیەکى تر یا کۆمپاکت یونت دروستبکرێت.
عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، وتى: کەلار یەکێکە لەو ناوچانەى کە گەشەى دانیشتوان تێیدا زۆر خێرایە، ئەمەش مەترسى لە سەر دابینکردنى ئاوى خواردنەوە دروست دەکات، بۆیە پێویستە حکومەت و کەرتى تایبەت پێکەوە ئەم گرفتە چارەسەر بکەن.