'بەبێ هیچ هۆکارێک بارهەڵگرانی سوتەمەنی ٥٠ هەزاریان لێوەردەگیرێت'

2023/03/30 - 07:55 | 740 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: کۆمپانیایەک لە بازگەی سلێمانی- عەربەت دانراوە بێ هیچ هۆکارێک بڕی 50 هەزار دینار لە بارهەڵگرانی سوتەمەنی وەردەگرێت کە دێنە سنوری گەرمیان و ناوچەکانی دیکە.
 
کەریم عەلی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کۆمپانیایەک لە بازگەی سلێمانی- عەربەت دانراوە کە کاری وەرگرتنی پارەیە لەو بارهەڵگرانەی کە سوتەمەنی دەگوازنەوە بۆ سنوری گەرمیان و ناوچەکانی دیکەو هەر بارهەڵگرێک بڕی 50 هەزار دیناری لێوەردەگرن، بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزاریەکی پێشکەش بکەن.
 
وتیشی: ئەو پارە وەرگرتنەی کۆمپانیا هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە، پارەکەش بۆ کۆمپانیاو شەخسە.
 
بەپێی فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیران کە لە ساڵی 2018 دەریکردوە باس لەوە دەکات کە نابێت هیچ بڕە پارەیەک لەهیچ بازگەیەک وەربگیرێت، ئەگەر بە پسوڵەی فەرمی وەزارەتی دارایی نەبێت.
 
لەبارەی رۆڵی بازگەکە لە دانانی بنکەی ئەو کۆمپانیایە، کەریم عەلی باسی لەوەکرد: بازگەکەش هاوکاریان دەکات، چونکە ئەو پارە نەدات رێگە نادەن لە بازگەکە تێپەڕببێت.
 
دەشڵێت: لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە نوسراوم داوەتە قائیمقامیەتی سلێمانی و ئاسایشی سلێمانی و داواکاری گشتی سلێمانیش، بۆ ئەوەی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,384     ژمارەی میوان 1679