دەربەندیخان: لە چاوەڕوانی ئاودا

2023/02/15 - 04:30 | 291 جار بینراوە    
 
د. سەردار عەزیز
 
نزیکەی دە ساڵ لەمەوپێش -بە پێی ئەو نوسراوەی کە لە بەردەستمدایە- بەهرۆز محمد ساڵەح پارێزگاری ئەو کاتەی سلێمانی، بۆ كۆتاییهێنان به‌ گرژی و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان، به‌تایبه‌ت گرتنی ڕێگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان-كه‌لار كه‌ تێیدا سه‌رنجی خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر ڕێگریكردن بوو له‌ ڕۆشتنی ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت به‌ره‌و مه‌رزی په‌روێزخان، چه‌ند بڕیار و به‌ڵێنێك ده‌دات:
 
یەکەم، پرۆژەی ئاوی یوکەی فلتەر کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی لە گەڵ کردوە لە ماوەی سێ مانگ و نیودا تەواو بکرێت. گرێبەستەکە لە گەڵ کۆمپانیایەکی تورکیدا ئەنجامدراوە. وەک له‌ خاڵی یەکەمی نوسراوەکە دەڵێت. له‌ خاڵی دووەمدا، دەنوسێت، هەتا تەواوبونی پرۆژەی یوکەی فلتەر، لە ڕێگای تەنکەرەوە ئاوی پاک بە ماڵاندا دابەش بکرێت. 
 
دە ساڵی دوورودرێژ بە سەر ئەو خۆپیشاندانه‌ و به‌ڵێنه‌كانی پارێزگاری سلێمانیدا تێپەڕیووە. بە پێی ئەم نووسراوە زیاتر لە دەیەیەکە خەڵکی شاری دەربەندیخان داوا دەکەن، ناڕەزایی دەردەبڕن، پەیمانیان پێدەدرێت، دەستی دەستییان پێدەکرێت، تەنها لە بەر ئەوەی ئاوی پاکیان هەبێت. شایانی باسە دەربەندیخان لە سەر دەریاچەیەکە و ساڵێكیشه‌ بەنداوێکی تری بچوکتریش لە نزیک شارەکە دروست كراوه،‌ به‌نداوی دێوانه‌، کە ئه‌ویش به‌ هه‌مان گرفته‌وه‌ جێهڵڕاوه‌، گرفتی تێكه‌ڵبوونی ئاوی زێراب، ئه‌مجاره‌ ئاوه‌ڕۆی ده‌ربه‌ندیخان خۆی. بەم پێیە دەربەندیخان کێشەی نەبوونی ئاوی نییە، بەڵکو کێشەی پاڵاوتن و پاککردنەوەی هەیه.  ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا بە دوایدا بگەڕێم ئەو پرسیارە سادەیە: ئایا بۆچی ئەم پرسە پاش چەندین ساڵ و چەندین ناڕەزایی و چەندین وەعد و پەیمان، هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە؟ بە پێی داتاکان ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بە کۆمەڵێك ماددەی قورس ژەهراویی بووە و بەکەڵکی بە کارهێنان نایەت. لە ڕاستیدا ئەم دەستنیشانکردنە ترسناکە، چونکە ئاوێک بە کەڵکی خوردنەوە نەیەت بە تایبەتی کە بەر بوونی ماددەی قورس تیایدا، ئەوا بە کەڵکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش نایەت. ئەمە مانای وەهایە کە ڕوباری سیروان ڕوبارێکی ژەهراوییە. دیارە شار و شارۆچکەی تر لە سەر ڕوبارەکەن، بەڵام هەتا ئێستا نقەیان لێوە نایەت؟! پێده‌چێت له‌به‌رئه‌وه‌ بێت كه‌ ئاوی تانجه‌ڕۆ كه‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری له‌ ئاوه‌ڕۆی سلێمانی پێك دێت كه‌وتۆته‌ دامێنی ئه‌وانه‌وه‌، ئاوه‌ڕۆی ئه‌و ناوچانه‌ی خوارووی سلێمانیش دیسان هه‌ر ده‌چێته‌ ده‌ریاچه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نیا به‌ ڕاسته‌وخۆی زیانه‌كه‌ی به‌ر ده‌ربه‌ندیخان ده‌كه‌وێت. خەڵکی شاری دەربەندیخان هەموویان ئەو هەموو پەیمان و خۆپێشاندان و ناوی کۆمپانیا و سەردانی بەرپرس و فشەی باگەشەیان لە یادە، ئەمەش مایەی زیاتر توڕەبوونیانە. 
 
سەرەتا چەند دراوێکی سەرەتایی ئاماژە پێدەدەم. یەکەم، چارەسەرکردنی پرسەکە مەحاڵ نییە. دووەم، کێشەکە پێویستی بە تێچویەکی زۆر نییە. سێیەم، پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هەزاران کەسەوە هەیە.  لەبەر روناکی ئەم دراوانە، دەگەینە ئەو وەڵامە سەرەتاییە، کە چارەسەر نەبوونی ئەم پرسە نەبوونی خواستە بۆ چارەسەرکردنی. بۆچی نیەت نییە بۆ چارەسەرکردنی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە؟ ئەوەی لە سەرەتادا دەبێت بیزانین کە چارسەرکردنی پرسێک یان پشتگوێخستنی لە کوردستان نە پەیوەندی بە بودجەوە هەیە، نە ئیدارە، نە نەبوونی توانا، بەڵکو هەموو پرسەکان ڕاستەوخۆ سیاسی و حیزبین.
 
 لەم ڕوەوە چەند تیورەیەک هەیە: یەکەم، حکومەتی هەرێم بە گشتی حکومەتێکی خزمەتگوزار نییە، بۆیە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. کاتێک حکومەت خزمەتگوزار نییە، ئەوا بە پچڕ پچڕ بە هۆکاری جیاواز لە جێگای جیاواز پرۆژە، ئەنجام دەدات. بێگومان ئەم تیورەیە برێکی زۆری لە ڕاستی تیادایە، چونکە لە حکومەتی حیزبیی هەرێمی کوردستاندا هێشتا زۆری ماوە کوردستان وەک یەکەیەک ببێتە جێگایەک کە بیر لە چۆنێتی حوکمکردنی بکرێتەوە، چۆن بەڕێوەببرێت یان ئیدارە بدرێت، لە سەر بنەمای پێداویستی ناوخۆیی و بوژانەوەی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمەکە. بۆ نموونە نەبوونی بودجە نیشانەی ئەوەیە کە پلانێکی گشتی نییە، بۆ دابەشکردنی داهات و پرۆژە و پلان. دەکرێت بە زمانێکی گشتی بڵێین، حکومداریی لە سەر کۆمەڵێک بنەمای تر بەڕێوەدەچێت، وەک بوونی کەسی باڵای حیزبی، بایەخی دەنگدان، گرنگی ئابوریی لە گەڵ جێکەوتەی مایکرۆ-جیوپۆلەتیکی.شایانی باسە ئەم تیورەیە یەکێتی و پارتی وەک یەک دەبینێت. 
 
تیورەی دووەم، جیاوازی دەکات لە نێوان یەکێتی و پارتیدا. بە گشتی پاش بە پایتەخت بوونی هەولێر، وەها دەبینرێت کە پارتی سیاسەتی خزمەتگوزاری بەرامبەر سیاسەتی هەیە. کە بەشێکە لە سیاسەتی ڕەیعی و لە زۆر ڕوەوە دەچێتە سەر مۆدێلی چینی: گەشە بەبێ سیاسەت. دەکرێت بە پێی ئەزموون یەکێتی وەها ببینرێت کە حیزبێکە توانای حوکمڕانی نییە، چونکە، پێش ئەوەی بیپەرژێتە سەر حوکمڕانی ئەوانی تر، بە دەست قەیرانی حوکمڕانی خۆیەوە دەناڵێنێت. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوەی لەم دیدەدا کێشەیە، دۆخی جێگاکانی تری دەرەوەی هەولێرە لە سایەی پارتیدا. بۆ نمونە دهۆک زۆر ناڕازین. 
 
تیورەی سێیەم، زیاتر جەخت لە سەر بایەخ و گرنگی ناوچەکان دەکاتەوە. پێنجوێنییەکان سەرکەوتووبون چونکە مەرزیان هەیە و نەک هەر خۆیان بگرە ئێرانیش فشاری دەکرد بۆ چارەسەری کێشەکە لە پێناو کردنەوەی مەرزەکە، وەک دەنگۆکان دەڵێن. ئەگەر سەرچاوەی سەرەکی داهات مەرز و نەوت و غازبن، ئەوا مەرز لە هەمویان باشترە، چونکە کەمتر دەبێتە مایەی پیسبوونی ژینگە، دەرفەتی کار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی زیاتر دابین دەکات و سودی بۆ ناوچەکە زیاتر دەبێت، بە بەراورد بە کێڵگەی نەوت. بە پێی ئەم تیورەیە، داهات بڕبڕەی پشتی حوکمڕانییە. بەڵام ئەگەر حوکمڕانی بەو مۆدێلە بێت کە ئەو جێگایانەی کە داهاتیان هەیە خزمەتگوزاری بکرێن و ئەو جێگایانەی کە داهاتیان نییە خزمەتگوزارییان نەبێت، ئەوا کێشەیەک لە مۆدێلی حوکمڕانیدا هەیە. چونکە کرۆکی حکومڕانی بریتییە لە هاوسەنگکردن و پلانڕێژی بۆ سودمەندنی هەمووان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەرچاوی داهاتی تر لە جێگاکانی تر. 
 
تیورەی چوارهەم، پرسی سزای سیاسییە. ئایا ئەو شارانەی کە دەنگ بە لایەنێکی تایبەت نادەن، یان دەنگ بە لایەنێک دەدەن وەک ناڕەزایی لە ئەنجامدا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر خزمەتگوزارییەکانیان. هەرچەندە ئەم تیورەیە گشتگیر نییە، بەڵام لەبەر حیزبی بوونی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم، بێگومان بەشێکی زۆر لە ڕاستی تیادایە. 
 
ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیاری ئەوەی بۆچی دەربەندیخان ئاوی پاکی نییە؟ دەکرێت یەکێک یان چەندێک لەم هۆکارانەی  سەرەوە بێت. بەڵام رەهەندێکی تر هەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش میکانیزمی داواکاری و فشارە لە ناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا. وەک لە نامەکەی دە ساڵ لەمەوپێش دەردەکەوێت، خەڵکی دەربەندیخان دەیەیەکە لە هەوڵی گەیاندنی داواکەیانن لە ڕێگای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەوە. ئەم خۆپێشاندانە، لە ئاستێکی سنورداردا ماوەتەوە، گەرچی پرسکە پرسی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بەڵام هەمووان وەک یەک ناجوڵێنێت، ئه‌م بە جەماوەری نەبوونە خاڵی لاوازییە. دووەم، لە میانەی پرۆسەی دەنگداندا، خەڵکی دەربەندیخان نەیانتوانیوە نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی خۆیان بۆ پەرلەمان بنێرن کە زۆرینەی کاتی خۆی بۆ ئەم پرسە تەرخان بکات. ئەم دیاردەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێی دەڵێن .single-issue voter گەرچی ڕەنگە بڵێن ئەم شێوازە کاریگەری نابێت، بەڵام ئەگەر ڕووبدات چەند خەسڵەتێکی دەبێت، بۆ نمونە، خۆپێشاندان، هەر چەند ساڵێک جارێک بۆ چەند ڕۆژێک ڕودەدات، بەڵام پاش ئەوە دادەمرێکێتەوە و بەهۆی ڕوودانی قەیرانی زۆرە دەچێتە خانەی بیرچوونەوەوه‌. هەرچەندە لە میانەی دواندنی چالاکوانان ئەوان نەک یەک نوێنەر، بەڵکو هەردوو ڕێواس فایەق و عەلی حەمە ساڵەحیش بە نوێنەری خۆیان دەزانن، بەڵام هیچ لەو دووانە نوێنەری تاک پرس نین، هەروەها خۆیان تەنها بە نوێنەری دەربەندیخان نازانن. 
 
کۆمەڵێک خەسڵەتی تر هەن لە کردەی خواست و سیاسەتدا لە کوردستان لەبەر نوێیەتی خەڵکی کوردستان لە کایەی دیموکراسیدا هێشتا زیاتر تێگەیشتنی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتییان هەیە لە بڕی سیاسی. خەڵک ئەگەر جارێک هەوڵێکیاندا و سەرکەوتوو نەبون، ئیتر زوو نائومێد دەبن بە دوای لایەنێکی تردا دەگەڕێن، دیارە گەڕان بە دوای بژاردەی نوێدا کارێکی باشە، بەڵام دەبێت ستراتیژ هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانج، مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی هەر کارێک توانای بەردەوامییە. نەبوونی ئاوی پاک دیاردەیەک نییە، ناوە ناوە سەرهەڵبداتەوە، بەڵکو پرسێکی ڕۆژانەی هەموو خەڵکە، وەک چۆن پرسەکە بەردەوامە بە هەمانشێوە خواستەکانیش.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,687,877     ژمارەی میوان 510