وەزارەتی دارایی لەسەر دۆسیەکەیان لە دادگای گەرمیان رونکردنەوە دەدات

2021/03/02 - 11:06 | 682 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات کە تۆمەتی سەر بەرپرسانی وەزارەتەکەیان لە دۆسیەیەکدا لە دادگای قۆرەتو ھەڵوەشاوەتەوە، داواش لە دادگاکان دەکات رێزی ماندوبونی بەرپرس و کارمەندەکانیان بگرن.
 
لە رونکردنەوەیەکدا کە لە پەیجی فەرمی خۆیان بڵاویان کردوەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم دەڵێت: تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان جووڵاندبووی، دادگای تاوانی کەرکوک /گەرمیان (بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لە بەرواری (2021/2/9) تایبەت بە وردینی کردن و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان.
 
دەشڵێت: ئەوەی بەرپرسەکانیان لەسەری تۆمەتبار کراون، "تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنماییەکان لە دەروازەی پەروێزخان بە ئەنجام گەیەندراوە".
 
وەزارەتی دارایی داواش لە دادگاکان و دادوەرەکان دەکات کە "ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەرپرس و کارمەندانمان و ماندووبوون و دڵسۆزیان لە چوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت".
 
ئەم رونکردنەوە دوای ئەوە ھات کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتو/خانەقین لە گەرمیان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوبەری گومرکی ھەرێم و وتەبێژی مەرزی پەروێزخان دەرکردبو لەسەر دۆسیەیەک کە پێشتر بەڕێوبەری دەروازەی پەروێزخان و گومرک گەرمیانی تیا راگیرابون.
 
 
دەقی رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی
 
روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ رای گشتی
 
دوابەدوای ڕوونکردنەوەمان لە بەرواری (2021/2/11) تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان جووڵاندبووی، بە پێویستی دەزانین کە ڕوونکردنەوە و زانیاری زیاتر بخەینەڕوو.
 
ئاماژە بە بڕیاری دادگای تاوانی کەرکوک /گەرمیان (بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لە بەرواری (2021/2/9) تایبەت بە وردینی کردن و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی (نقص) ی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان، لە کاتێکدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنماییەکان لە دەروازەی پەروێزخان بە ئەنجام گەیەندراوە.
 
ئێمە لە کاتێکدا و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە پابەندبوونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری، لە هەمان کاتدا داوا لە دادگاکان و دادوەرە بەڕێزەکان دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەرپرس و کارمەندانمان و ماندووبوون و دڵسۆزیان لە چوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,755     ژمارەی میوان 553