ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هەڵەیاساییەکانی رێنمای دارایی ژمارە (٤)

2021/02/25 - 09:31 | 1054 جار بینراوە    
 
رێبوار محمد ساڵح 
 
وەزارەتی دارایی لە رێنماییەکی دارایی چوار بڕگەییدا، زیاتر لە چوار هەڵەی یاسایی بەسەردا تێپەڕییوە، لەخوارە بە کورتی ئاماژەیان پێدەدەین، مەبەستمان لە هەڵەی یاسایی ئەوەیە کە رەچاوی بنەمایاساییەکانی دەرچواندو رێکخستنی یاسایی تێدانەکراوە، رونە لای هەموان کە رێنماییش جۆرێکە لەیاسا و وەزارەت یان حکومەت دەبێت تییادا رەچاوی بنەماکانی یاسا بکات و لە دەربرینەکانی وردبێتەوە چونکە حوکمی یاسایی لەسەر بنیادئەنرێ.
سەرەتا دەبێت بڵێین کە مووچە و شایستەداراییەکانی موچەخۆران بە یاسا چەسپێنراوە و ئەمەش  وادەکات کە حکومەت و وەزارەتی دارایی مافیان نەبێت لە دەستکاری و بڕین و کەم کردنی و نەدانی ئەو مافانە دا.
برگەی یەکی رێنماییەکی ناوبراو ئاماژەیەکی ڕوونە بە دانپێدانانی حکومەت لەسەر ئەو تاوانانەی کە حکومەت دەرحەق بە مووچەخۆران ئەنجامی داوە، وە دەستەواژەی  (موچەی شایستەی نەدراو) (رواتب مستحقه‌ غیر مدفوعه‌ ) داهێنراوێکی نوێیە لە کارە سەیروسەمەرەکانی حکومەتی هەرێم، چونکە خۆی ئەلێ موچەی شایستە، کەوایە بۆچی نەدراوە؟ ئەمە پەرلەمانی کوردستان دەخاتە ژێربەرپرسیارێتیەکی یاساییەوە، لە لێپرسینەوە لەحکومەت و وەزارەتی دارایی، پاشان چۆنیەتی پێدانەوەی مووچە خوراوەکانی دیاری نەکردووە تەنها دانپێدانانێکی یاساییە بە قەرزاری حکومەت بەرامبەر ئەو موچە نەدراوەکانی سالانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ .
لە بڕگەی دوی رێنماییەکەدا پاساو بۆحکومەت دێنیتەوە لەوەی کە مووچە ٧ مانگی ساڵی ٢٠٢٠ ی نەداوە ، و بە حسابی وەزارەتی دارایی ئەومووچانە قەرزە لەسەر حکومەتی عێراق ، ئەم جۆرە لە دەربرین لە رێکخستنی رێنمایی دا نادروستە و ئاماژەیە بۆ خۆدزینەوەی حکومەت بەرامبەر مووچەی ٧  مانگی موچەخۆران ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە لەم برگەیە ووشەی ( الدائنون) ی بەکارهێناوە کە جگە لەوەی ئەم وشەیە لەجێگەی خۆی دا نیە ، لەگەڵ ئەوەش دا پێمان دەڵێ کەحکومەتی هەرێم خاوەن قەرزە بەرامبەر بغداد ، لەراستی ئەمە پێچەوانەی بنەما سەرەتاییەکانی دەرچواندنی رێنماییە وەک جۆرێک لە یاسا، چونکە پەیوەندی نێوان هەرێم و بغداد وەک دوو کەسی ئیعتباری پەیوەندی بە مووچەخۆرانەوە نیە، واتە بابەتی رێنماییەکە باس لە رێکخستینی ماف و قەرزی نێوان موچە خۆران و حکومەتی هەرێمە نەک عێراق، وەهەروەها بڕگەی سێی رێنماییەکە هەمان تێبینیەکانی سەرەوە هەڵدەگرێ، لە برگەی چواردا دەلێ ( ئەم رێنماییە جێبەجێ دەکرێت لە رۆژنامەی وقائعی کوردستان بلاودەکرێتەوە) ، ئەم رێکخستن و دەربرینە هەڵەیە و دەبێ بڵێ ( ئەم رێنماییە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە ) ، ئەم دو دەستەواژەیە لەروی یاساییەوە ماناکەیان زۆر جیاوازە دەتوانین بەهەڵەیەکی رونی یاسایی ئەژماری بکەین.
ئەم چەن تێبینیە سادەیەی خرانەڕو ئەو راستیەمان پیشاندەدەن کە لە هەرێمی کوردستان دا شتێک نیە بەناوی دامەزراوەیی بون و پەیرەوکردنی بنەما یاساییەکان لە پێدان و پاراستنی مافەکان دا، هەر ئەم راستیەشە وای کردوە خەڵکی کوردستان ئینتمای بۆ خاک و نەتەوە نەمێنێت ولە بری قوربانی دان لەپێناو کوردستان دا داوای گەڕانەوە بکات بۆ سەر حکومەتی بغداد.
 
 
 
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,713,487     ژمارەی میوان 592