گه‌شتوگوزارى گه‌رمیان: به‌ڵێنمان وه‌رگرتوه‌ 5 پرۆژه‌ گه‌شتیاریه‌كه‌ى گه‌رمیان به‌كار بخرێنه‌وه‌

2023/01/10 - 04:06 | 314 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
قەیرانی دارایی پێنج پرۆژەی گەشتیاری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان راگرتوە و بەڕێوبەری گەشتوگوزاری گەرمیانیش دەڵێت: بەڵێنیان پێداوین ئەو پرۆژانە قۆناغ بەقۆناغ بەکار بخەنەوە.
 
سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەساڵی 2014 لێکەوتەی لەسەر زۆر سێکتەر هەبو، یەکێک لەو سێکتەرانە گەشتوگوزارە، کە بەوتەی هێرش فەیزوڵڵا، بەڕێوبەری گشتى گەشتوگوزاری گەرمیان، 5 پرۆژەی گەشتیاری لەسنورەکە راگیراون بەگوژمەی نزیکەی ۷ ملیار دینار.
 
ئەو پێنج پرۆژەیەی کە گەشتوگوزاری گەرمیان باسی لێوە دەکات، سیانیان لەقەزای کەلارە یەکێکیان لەقەزای کفریە و یەکێکی دیکەیان لەقەزای خانەقینە.
 
هێرش فەیزوڵڵا، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتیشی: دوای ئەوەی لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و جێگری سەرۆکی حکومەت دانیشتوین، بەڵێنیان پێداوین ئەم پرۆژانە قۆناغ بە قۆناغ بخەنەوە کار.
 
ئەو پێنج پرۆژەیەی کە بەڕێوبەری گەشتوگوزاری گەرمیان دەڵێت راگیراون، یەکەمیان  پرۆژەی گەشتیاری بەنداوی ئەڵوەنده‌ لە خانەقین، به‌ گوژمه‌ى ملیارێک و چوارسەدوحەوت هەزار دینار لەساڵی 2014 دەستکراوە بەكاركردن تێیدا و 15%ـى ئیشی تێدا کراوە، قەیرانی دارایی هاتوە بەسەریداو راگیراوە.
 
دوەم پڕۆژەش، دەروازەی (کەلار ـ بەرلوت)ـه‌ له‌ 2014ـەوە بریاری دروستكردنی دراوه‌ له‌سه‌ر روبه‌رى 6 دۆنم زه‌وى به‌ گوژمه‌ى 1 ملیار دینار، له‌ ئێستادا نزیکەی 75٪ـى کارەکانی تەواو بوه‌. ئێستا بڕی 200 ملیۆن بۆ پرۆژەکه‌ خەرج كراوە و ته‌نها كێشه‌ى‌ خیتاب زه‌مانی هەیە كه‌ هی 2016یه‌.
 
سێیەم پرۆژەش، گەشتیاریی بەردەسوره‌، گوژمەی پرۆژەکە دو ملیارو 400 ملیۆن دینارە، بەردی بناغەکەی لە 2014ـه‌وە دانراوە و ئیشی تیانەکراوە، پارەشی بۆ تەمویل کراوە، بەڵام قەیرانى دارایی به‌سه‌ردا هات و راگیراوە.
 
پرۆژه‌ى چوارەم، بەنداوی باوەشاسوارە لەقەزای کفرییه‌، كه‌ بای ملیارێک دینارە، 15 بۆ 20%ـى کاره‌كانى ئه‌نجامدراوه‌ و له‌ 2014ـه‌وه‌ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوه‌.
 
پێنجەم و دوا پرۆژەش، جوانکردنی دەوروبەری قەڵای شێروانەیه‌ به‌ به‌های 2 ملیار دینار، کە ئێستا به‌ر پرۆژه‌ى زۆنی دوه‌مى سه‌ر روباری سیروان كه‌وتوه‌.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,829     ژمارەی میوان 562