حكومه‌ت ناتوانێت شوێنێك بۆ وێستگه‌ى نوێی كاره‌بای كه‌لار ده‌ستنیشان بكات

2023/01/09 - 05:59 | 1163 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت- محه‌مه‌د مه‌حمود
 
زیاتر له‌ پێنج مانگه‌ ره‌زامه‌ندى له‌ دروستكردنى وێستگه‌یه‌كى نوێی دابه‌شكردنى كاره‌با له‌ كه‌لار دراوه‌، به‌ڵام تائێستا پرۆژه‌كه‌ ده‌ستیپێنه‌كردوه‌ به‌هۆی دیاریینه‌كردنى شوێنه‌وه‌، چونكه‌ زانكۆی گه‌رمیان ناڕازییه‌ له‌و شوێنه‌ى كه‌ بۆ وێستگه‌كه‌ دانراوه‌ و به‌ڕێوبه‌رى كاره‌بای گه‌رمیانیش پاساوه‌كانى زانكۆ ره‌د ده‌كاته‌وه‌.
 
وه‌زاره‌تى كاره‌با به‌ گوژمه‌ى 18 ملیار دینار، بڕیاری داوه‌ به‌ دروستكردنى وێستگه‌یه‌كى دابه‌شكردنى كاره‌با له‌ قه‌زاى كه‌لار، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و فراوانبونه‌ى كه‌ قه‌زاكه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت، وێستگه‌ كۆنه‌كه‌ به‌ش ناكات.
 
حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى کارەبای گەرمیان، به‌ رادیۆی ده‌نگ وتى: ئەو وێستگه‌یه‌ بای 18 ملیار دینارە و دوای چەندین ساڵ هەوڵدان توانیومانە ئەو پارەیە لەم بێ پارەییە دابین بکەین، لە 16ـى ئابی 2022ـه‌وه‌ گرێبەستى دروستكردنى وێستگه‌كه‌ ئیمزا کراوە، كه‌چى تائێستا پرۆژه‌كه‌ ده‌ستیپێنه‌كردوه‌.
 
ده‌ستپێنه‌كردنى پرۆژه‌كه‌، به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تى زانكۆی گه‌رمیانه‌، چونكه‌ زه‌وی وێستگه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ته‌نیشت كه‌مپی زانكۆكه‌ له‌ به‌رده‌سور.
 
سه‌رۆكى زانکۆی گەرمیان، د. فەرهاد قادر، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: ئەو وێستگه‌یه‌ زۆر نزیکی کەمپی زانکۆیە، حەرەمی زانکۆ کۆمەڵێک مەرجی خۆی هەیە، رەنگە بۆ سیمای زانکۆ ئەو وێستگه‌یه‌ جوان نەبێت و سیمایەکی گونجاو ناداتە زانکۆکە، چونكه‌ زانکۆ لەهەمو شارێکدا دەبێت سیمایەکی جوانی هەبێت.
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ چه‌ندێك له‌ كه‌مپی زانكۆوه‌ نزیكه‌ و ده‌یانه‌ۆت چه‌ندێك دور بێت؟ د. فه‌رهاد قادر وتى: نازانم چەنێدک دورە و ئەمانەوێت چەنێک دور بکەوێتەوە، بەڵام ئەوەی بەمنیان وت زۆر نزیکە لە حەرەمی زانکۆکە کە زیاتر لە 6 هەزار خوێندکاری تێدایە.
 
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان، پاساو و داواكانى زانكۆی گه‌رمیان ره‌د ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: له‌ هیچ ستانداردێكدا نیه‌.
 
حازم كه‌ریم، وتى: ئێمە لەناو زانکۆدا وێستگه‌كه‌ دانانەین، بەڵکو پەنجا مەتر لەودیو سیاجى زانکۆیە، رێنمای موحەڕەماتی کارەبا لە وەزارەتی کارەبایە خۆ لە زانکۆ نیە.
 
وتیشى: زانکۆ هەندێك خاڵی نوسیوە وەک ئەوەی مەترسی شیرپه‌نجه‌ى لەسەرە و لەڕوی ژینگەوە زیانى هه‌یه‌، ئەو شتانەی زانکۆ داوای دەکات هیچ ستانداردێکی جیهانى نییە کە وێستگه‌ى کارەبا دەبێت ئەوەندە مه‌تر لەزانکۆوە دوربێت.
 
له‌باره‌ى زیانه‌ ژینگه‌ییه‌كانى پرۆژه‌كه‌وه‌، فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان، تێبینییه‌كى ئه‌وتۆی نیه‌.
 
د. دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: ئێمە لاری نەبونی خۆمان داوە وەک ژینگە بۆ ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كه‌، چونكه‌ لەڕوی ژینگەییه‌وە هیچ رێنماییه‌ك نیه‌ كه‌ رێگری بكات ئه‌و وێستگه‌یه‌ له‌و شوێنه‌ ئه‌نجام بدرێت.
 
له‌باره‌ى مه‌ترسیه‌كانى وێستگه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستى مرۆڤیش وتى: تاوەکو ئێستا بەتوێژینەوە نەسەلمێنراوە.
 
 
 
زه‌وی وێستگه‌كه‌ به‌رده‌ڵانییه‌ و لای فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵه‌، به‌شێكى به‌ر نه‌خشه‌ى پاركێكى شاره‌وانیش ده‌كه‌وێت، به‌ڵام شاره‌وانى به‌پێچه‌وانه‌ى زانكۆی گه‌رمیانه‌وه‌، كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌دا نیه‌.
 
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى:  ئێمه‌ لاری نەبونمان دەربڕیوە له‌ ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كه‌ له‌و شوێنه‌، بەڵام ئێمە لەبەرنامەمان هەیە ئەو شوێنە بکرێتە پارکێکی گشتی، بۆیه‌ داوامانكردوه‌ كه‌ پرۆژه‌كه‌ وانەبێت روكاری "واجیهەی" پارکەکە بکوژێت و ناشرینی بكات.
 
لاریی هه‌بونى زانكۆی گه‌رمیان، وایكردوه‌ كشتوكاڵی گه‌رمیان ره‌زامه‌ندى نه‌دات له‌ راده‌ستكردنى شوێنه‌كه‌ بۆ كۆمپانیای جێبه‌جێكار و ده‌ستكردن به‌ پرۆژه‌كه‌.
 
شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: ئێمە رای هەمو لایەنەکانمان وەرگرتوە، زانکۆ لاری هەیە، كاتێكیش نوسراوێك دێتە لای ئێمە، ئه‌گەر لایەنێک لاری هەبێت ئێمە ناتوانین نوسراوه‌كه‌ بەرز بکەینەوە.
 
به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان پێیوایه‌ بۆ ده‌ستكردن به‌ پرۆژه‌كه‌ پێویست به‌وه‌ ناكات رای زانكۆی گه‌رمیان وه‌ربگیرێت، چونكه‌ زه‌وییه‌كه‌ هی زانكۆ نییه‌.
 
لایخۆشیه‌وه‌ به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان، دان به‌ راستیی ئه‌م قسه‌یه‌دا ده‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وتى: "من شتێک دێنمە بەردەم ماڵەکەی تۆ و یاساییە، بەڵام خۆ هەر دەبێت پرست پێ بکەم".
ئه‌م مشتومڕه‌ى نێوان ده‌زگا حكومییه‌كان، وایكردوه‌ پێنج مانگه‌ كاركردنى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بوه‌ستێت، له‌كاتێكدا به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى كاره‌بای گه‌رمیان، ئه‌گه‌ر وێستگه‌كه‌ دروست نه‌كرێت، هه‌رچی پرۆژه‌ى نوێی نیشته‌جێبونه‌، كاره‌بای نیشتمانییان پێنادرێت.
 
حازم كه‌ریم، وتى: هەرچی پرۆژەی نیشته‌جێبونى تازەی کەلارە له‌گه‌ڵ زۆنه‌كانى سه‌ر روباری سیروان و ئه‌و بازاڕه‌ تازانه‌ى كه‌ ده‌ویسترێت دروست بكرێت، هه‌موى ده‌بێت له‌م وێستگه‌ تازه‌یه‌وه‌ كاره‌بایان بده‌ینێ، چونكه‌ وێستگه‌ كۆنه‌كه‌ تواناى نیه‌.
 
 
 
بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، ئه‌گه‌رچی تائێستا نه‌گه‌شتون به‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام ئیداره‌ى گه‌رمیان گه‌شبینه‌ به‌وه‌ى "به‌منزیكانه‌" چاره‌سه‌ر ده‌بن.
 
چۆمان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: ئیدارەی گەرمیان گەورەیی و گرنگی ئەو پرۆژەیە لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام ئەو ماوەیەی کە دواکەوتوە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە دیراسە کراوە بۆ ئەوەی شوێنێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
 
وتیشی: بەمزوانە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت، پێشتر تێبینی هەبوە لەسەر شوێنەکە لەلایەن زانکۆی گەرمیانەوە، بەڕەزامەندی هەمو لایەک ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەکرێت.
 
یه‌كێك له‌و پێشنیازانه‌ى وه‌كو چاره‌سه‌ر خراونه‌ته‌ڕو، پێدانى شوێنێكى دیكه‌یه‌ به‌ پرۆژه‌كه‌.
 
د. فه‌رهاد قادر، سه‌رۆكى زانكۆی گه‌رمیان، وتى: کۆبونەوەیەکمان کردوە لە ئیدارەی گەرمیان هه‌مو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان نوێنەری خۆیان دیاری کرد بۆ ئەوەی شوێنێک دیاری بکەن هەم لەبەرژەوەندی زانکۆ بێت هەم لە بەرژەوەندی خەڵکی گەرمیاندا بێت.
 
به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیانیش جه‌خت له‌م رایه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام وه‌كخۆی ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاوەکو ئێستا ئەو شوێنەیان دەستنەکەوتوە.
 
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ وتى: "مەعقولە لەو دەشتی سەید خەلیلە 3 هەزار دۆنم زەوی هه‌بێت و 5 دۆنمی بەر کارەبا نەکەوێت بۆ ئه‌وه‌ى وێستگه‌یه‌كى تێدا دابنرێت؟!".
 
حازم كه‌ریم، وێستگه‌كه‌شی به‌ پرۆژه‌یه‌كى گرنگ زانى بۆ شاره‌كه‌ و داواى كرد هەمو فه‌رمانگه‌كان هاوکاریان بن، نه‌ك وه‌كخۆی ده‌ڵێت: "ئاسته‌نگمان بۆ دروست بكه‌ن".
 
وتیشی: ئەو وێستگه‌یه‌ دانەنرێت، سبه‌ینێ كه‌ زانکۆش فراوان بکرێتەوە ناتوانیت ئەمپێرێک كاره‌بای زیاتری بدەینێ.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,051     ژمارەی میوان 1487