ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سێ بنکە بۆ تۆمارکردنی چەک لە گەرمیان دەکرێنەوە

2022/12/31 - 01:32 | 257 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەپێى بریارێکى نوێى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم، دەبێت ئەو هاوڵاتیانەی چەکیان هەیە تۆماری بکەن، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت: لەگەرمیان سێ بنکە دەستنیشانکراون بۆ تۆمارکردنی چەک و لەدوای سەری ساڵەوە دەستبەکار دەبن.
 
بەپێى راگەیەنراوێکى وەزارەتی ناوخۆ، تۆمارکردنی چەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چەکی ژمارە 2ـی ساڵی 2022ـە کە شەش مانگی دیاریکردوە بۆ ئەم پرۆسەیە. هەر کەسێک لە دوای ئەم ساڵە کە لە تەموزی 2023 تەواو دەبێت، چەکی تۆمارنەکراوی لا بێت، وەکو چەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت و توشی ئیجرائاتی یاسای دەبێت.
 
لەبارەی ئەوەی لەگەرمیاندا چەند بنکە دەستنیشان کراوە بۆ تۆمارکردنی چەک و کەی دەستبەکار دەبن؟ عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەگەرمیاندا سێ بنکە کراونەتەوە (بنکەی مەیدان کە سەر بە قەزای خانەقینە، بنکەی شەهیدان لە قەزای کەلارە و بنکەی پۆلیسی کفری لەقەزای کفری)، لەدوای سەری ساڵیشەوە دەستبەکار دەبن.
 
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوە کردوە؛ وەزارەتى ناوخۆ دڵنیایى داوە کاتێک چەکەکەت تۆمار دەکەیت، حکومەت لێت وەرناگرێتەوە، بەڵکو لەگەڵ خۆت دەیبەیتەوە و لەسەر ناوی تۆ تۆمار دەبێت، بەڵام مافی دەرهێنان و هەڵگرتنت نیە تا مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بەدەست نەهێنیت.
 
وتیشی: ئەو چەکەی بە ناوی تۆ تۆمار کراوە، ئەگەر تەنیا لە ماڵەوە بیپارێزی و نەیبەیتە دەرەوە، روبەڕوی هیچ لێپرسینەوەیەک نابیت.
 
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ئەوەی کەسێک چەکەکەی تۆمار نەکات، دەڵێت؛ بەپێی یاساکە هەرکەسێک تا مانگی تەموز چەکەکە تۆمار نەکات دو ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن غەرامە دەکرێت و ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەند دەکرێت.
 
لەباری سودی یاساکەوە بەم هەموارە تازەیەوە، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەکرد؛ ئەم یاسا تازەیە سودی دەبێت بۆ بنبڕکردنی چەکی بێمۆڵەت، کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی کەمکردنەوەی تاوانەکان، چونکە زۆرێک لەتاوانەکان بە چەکی بێمۆڵەت ئەنجام دەدرێن.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,705,007     ژمارەی میوان 968