ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سەنتەری میترۆ: بە هۆی دادگاییەكی عادیلانە گەندەڵییەك لە گەرمیان بو بە راستی

2022/12/18 - 03:16 | 1227 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ دادگای کەلار توانیویەتی راستی دۆسیەیەکی گۆڤاری رایەڵ بسەلمێنێت کە رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر ئامادەی کردوە و تایبەتە بە "داگیرکردنی" موڵکێک لەلایەن ئەندام سەرکردایەتییەکی یەکێتییەوە.
 
لە راگەیەنراوێکدا رێكخەری سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوەدراوە: ساڵی 2012 گۆڤاری رایەڵ كە شەهید كاوە گەرمیانی سەرنوسەری بو، راپۆرتێك لەسەر موڵكێك لەسەر شەقامی لیواكەی كەلار بڵاوكرایەوە كە لە لایەن ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە "داگیركراوە" ئەویش سكاڵای یاسایی دژ بە ئامادەكاری راپۆرتەكە (رۆژنامەنوس: دڵشاد ئەنوەر) تۆماركرد.
 
ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، عەدنانی حەمەی مینایە کە کاتی خۆی سکاڵای لەسەر ئەو راپۆرتەی گۆڤاری رایەڵ تۆمارکرد.
 
سەنتەری میترۆ باس لەوەشدەکات: دوای شەهید بوونی كاوە گەرمیانی، دادگای كەتنی كەلار دۆسیەكەی ئەو ئەندام سەركردایەتییە یەكلاكردەوە، سێ ملیۆن دینار غەرامە كرا، چونكە خاوەن موڵكەكان ئامادە نەبون بێنە دادگا شاهیدی بدەن داوای گەڕانەوەی موڵكی داگیركراویان بكەن. هەروەک سكاڵاكەر بەوەشەوە نەوەستا، بە تۆمەتی ناوزڕاندن سكاڵایەكی تری تۆمار كرد، داوای قەرەبوی درایی دەكات.
 
لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە: ئەمرۆ 18ی كانونی یەكەم، سەرلەنوێ دادگا دانیشتنێكی ئەنجامدا، ئەمجارەیان خاوەن موڵكە داگیركراوەكان ناچار كراون شاهێدی بدەن، وەكو خاوەن موڵك و شاهید لەبەردەم دادگا ئامادەبون، دوای ئەوەی دادوەر سوێندی داون، سەلماندووانە موڵكەكەیان داگیركراوە لە ئەو ئەندام سەركردایەتییەی یەكێتی و برایەكییەوە، تەواوی زانیاریەكانی ناو راپۆرتەكەی (دڵشاد ئەنوەر)راستن، بەڵام بەداخەوەو دادوەر دۆسیەكەی دواخست.
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ، لەوبارەوە دەڵێت: سەنتەری میترۆ پشتیوانی خۆی بۆ رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر دەردەبڕێت، پێشوازی لە پرۆسەی سەلماندنی راستی لەناو راپۆرتەكەی گۆڤاری رایەڵ دەكات لە لایەن دادگای كەلار.
 
وتیشی: ئەم راستییە نوێیەی دۆسییەكە سەلمێنەری ئەو راستییەن ئەگەر لە دانیشتنەكانی پێشوودا وردتر تەماشای دۆسیەكەیان بكردایە حەقیقەت زوتر بۆ رای گشتی ئاشكرا دەبو.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,717,055     ژمارەی میوان 1660