دەنگ نێت
دوای نزیکەی چوار مانگ لە راگەیاندنی گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری بۆ شێوەی ئەلیکترۆنی، بڕیارە هەفتەی داهاتو سیستەمەکە لەگەرمیان کارا بکرێت.
سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتی شۆفێری نزیکەی چوار مانگە لە هەولێر و دهۆک کارا کراوە، نزیکەی مانگێکیشە سیستمەکە لە سلێمانیش کارا کراوە.
لەبارەی کاراکردنی سیستەمەکە لە گەرمیان، سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: هەفتەی داهاتو سیستەمەکە لەلای ئێمەش دەکەوێتە کار.
رونیشیکردەوە: کارمەندەکانمان خولی پێویستیان بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی مۆڵەتی شۆفێری بینیوە، کارمەندی پێویستمان نیە، بەڵام لە هەر بەشێکدا کارمەندێکمان دەرکردوە بۆ ئەوەی ئەو بەشەی پێ کارا بکەین.
سیستەمی بەئەلیکترۆنی کردنی مۆڵەتی شۆفێری سیستەمێکی نوێیە کە پشت بەپلەبەندی دەبەستێت، تێچوی کاراکردنیشی نزیکەی ٦٥ هەزار دینار دەبێت.
لە سنوری گەرمیان بەپێی ئاماری هاتوچۆی سنورەکە، مانگانە ١٥٠ مۆڵەتی شۆفێری دەدرێت، بەڵام بەوتەی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان کۆمپانیا سێ کۆمپیوتەر و جیهازی بۆ دابین کردوین، هەرکۆمپیوتەرێکیش رۆژانە ۲۰ مۆڵەتی شۆفێری تازە دەکاتەوە کە بەکۆی گشتی دەکاتە ٦۰ بۆ ۷۰ مۆڵەت.
لەبارەی چارەسەر بۆ خاوی سیستەمەکە وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان دەڵێت؛ پەنجەمۆر و وێنەمان لێوەرگرتن ئەتوانین وەسڵیان پێ بدەین و کاتیان بۆ دانەیان بۆ وەرگرتنیان.