دەنگ نێت
هاوڵاتییەک دەڵێت ١٠ دۆنم زەوییان بەر جادەی پشتێنەیی کەلار دەکەوێت لەلای فولکەی گردەگۆزینە، بەڵام حکومەت دەیەوێت بە بڕێکی کەم قەرەبویان بکاتەوە، بەڕێوبەی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیانیش دەڵێت: یاسا قەرەبوی دیارییکردوە.
هاوڕێ رەمەزان، کە خانوەکەیان بەر جادەی پشتێنەیی کەلار کەوتوە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ١٠ دۆنم زەویمان هەیە لە لای فولکەی گردەگۆزینە، پێنج خانوی تیایە کە مۆڵەتی شارەوانی هەیە لە ساڵی ۲۰۱۲، ئێستا حکومەت پێمان دەڵێن تەجاوزە و ئەیبەینەوە.
ئەو پێنج ماڵەی ئەو هاوڵاتییە باسی کرد، بەشێکە لەو ١١ ماڵەی کە بەر جادەی پشتێنەیی کەلار کەوتون و دوێنێ شەشیان پاش وەرگرتنی قەرەبو، روخێنران.
هاوڕێ رەمەزان، وتیشی:قەرەبوی ماڵەکانی تری سەر جادەکە کراوەتەوە بە پارچەیەک زەوی ۱٦۰ مەتری و دو دەفتەر دۆلار، ماڵەکانی تر قازانجیانە و ماڵ و موڵکیان ئەوەنە نەبو، بەڵام ئێمە ١٠ دۆنم و پێنج خانو و دوکانە، ئەیانەوێت بۆ ئەو هەمو موڵکە تەنها بە پێنج پارچە زەوی قەرەبومان بکەنەوە.
دەشڵێت: نەپارەمان پێدەدەن و نە هیچ، بۆ ئێمە پارە نیە، بەڵام بۆ ئەو خانوەکانی تر پارە هەیە و یەکی دو دەفتەریان پێدراوە کەچی ئێمە چوین بۆ لایان ئەڵێن دو دەفتەرەکە بە ئێوە نادەین.
لەبەرامبەردا بەرزان کەریم، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەپێی هەمواری یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ هەرماڵێک کە بەر نەخشەی بنەڕەتی بکەوێت، پێویستە بە زەویەک کە لە ۲۰۰ کەمتر نەبێت، قەرەبو بکرێتەوە.
وتیشی: لە ۱۱ ماڵەکە کە بەر بەشی سێیەمی جادەی پشتێنەیی کەلار کەوتوە، ٦ دانەیان قەرەبو کرانەوە و دەستکرا بە ڕوخانی خانوەکانیان، بەڵام ٥ ماڵیان ماوە، ئەگەر ئامادەن قەرەبو وەرگرنەوە بەپێی یاساکە ئێمە هاوکاریانین، ئەگەر نا دۆسیەکەیان لەداگایە و دادگا رێکاری خۆی وەردەگرێت.
لەبارەی پێدانی پارە بە خاوەن خانوەکانی دیکە، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان بێئاگایی خۆی پیشاندا و وتی: ئاگام لە مەسەلەی دو دەفتەر دۆلار نیە، ئێمە وەکو شارەوانی بەرپرسین لەجێبەجێکردنی یاسا.