ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
مامۆستایانی وانەبێژی گەرمیان مانگرتنەکەیان شکاند

2022/12/06 - 06:12 | 202 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پاش نزیکەی هەفتەیەک، ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە گەرمیان بایکۆتیان شکاند، بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ فشاری بەرێوبەری قوتابخانەکان کە هۆشداریان پێداون لە پڕکردنەوەی جێگاکانیان.
 
مامۆستایەکی وانەبێژ لەگەرمیان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رادیۆی دەنگی وت: بێگومان فشارمان لێدەکرێت، خودی بەرێوبەرەکەم پەیوەندی پێوەکردم و وتی مامۆستایەکی دیکەمان لە شوێنەکەت داناوە، ئەمەش ناچاری کردم بگەڕیمەوە بۆ دەوامکرد.
 
رادیۆی دەنگ تۆمارێکی دەنگی بەڕێوبەری ناوەندێکی خوێندنی بەدەستگەشتوە کە هۆشداری بە مامۆستایانی وانەبێژ دەدات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، ئەگەرنا و پێویستی پێیان نابێت.
 
لایخۆشیەوە ئەو بەڕێوبەرە کە ناوی لای دەنگ پارێزراوە، نەیشاردەوە ئەو تۆمارە دەنگیە هی ناوبراوە، بەڵام  بەوتەی خۆی مەبەستی هەڕەشەلێکردن نەبوە.
 
هاوکات نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە قەزای کەلار، مەجید محەمەد، بۆ رادیۆی دەنگ جەختی لەوەکردوە: فشارلەسەر سەرجەم مامۆستایان هەبوە، بەڵام بەشیکی  مامۆستاکان خۆشیان کەمتەرخەم بون.
 
باسی لەوەشکرد؛ لە ئەمڕۆوە ئەوان بایکۆتیان شکاندوە، ئەگەرچی هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە و حکومەت بۆ ئەوان جێی دڵخۆشی نیە، چونکە ناڕازین لەوەی بەچەند قۆناغێک بکرێنە گرێبەست، بەڵكو داوادەکەن هەمو وانەبێژان  پێکەوە بکرێنە گرێبەست.
 
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە گەرمیان زیاتر لە ١٣٠٠ مامۆستایە، ئەو بڕە پارەشی پێیاندەدرێت بەپێی بڕوانامەکانیانە، کە دبلۆم ٣٥٠ هەزار دینار و بەکالۆریۆس ٤٠٠ هەزار دینار وەکو موچەی بڕاوە 'مقطوعة' بۆیان دیاریکراوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,014     ژمارەی میوان 3095