ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
گومان لە داخلکردنی ٢٠ ئۆتۆمبێل لە مەرزی پەروێزخان دەکرێت

2022/11/30 - 02:02 | 360 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: داخلکردنی ٢٠ ئۆتۆمبیل لە مەرزی پەروێزخانەوە نایاساییە و لەسەر ئەوە سکاڵا لای داواکاری گشتی تۆمار دەکات.
 
پێرێ لە مەرزی پەروێزخان، ٢٠ ئۆتۆمبیل کە ماوەی ساڵێکە داخلکرابون و گلدرابونەوە بەهۆی ئەوەی خوارمۆدێلی رێگەپێدراون، رێگەی هاتنە ناوەوەی هەرێمیان پێدرا، دواتر لەلایەن هێزێکی کۆماندۆوە دەستیان بەسەردا گیرا.
 
دوێنێش سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان بە رادیۆی دەنگی وت: ئەو ئۆتۆمبیلانە غەرامە و گومرکیان دراوە و ئینجا رێگەی داخلبونیان پێدراوە و کێشەی نیە و دەستبەسەر گرتنەکەش بۆ هەڵەتێگەیشتن دەگەڕێنێتەوە.
 
لایخۆشیەوە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کەریم عەلی، گومان لە کارەکە دەکات و بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە وەزارەتی دارایی لیژنەی بۆ پێکهێناوە، ئەمانە پێشئەوەی داخل بکرێن بەڵگەنامەیان بۆ دروست کراوە لەناو دەروازەکە، واتە پێش داخل کردنیان.
 
وتیشی: ئەم ئۆتۆمبێلانە دوانیوەڕۆی ۱ـی ۱۱ـی ۲۰۲۱ داخلی هەرێمی کوردستان کراون و خوار مۆدێل بون و بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە بگەڕێندرێنەوە، بەڵام نەگێڕێندراونەتەوە و هەوڵدراوە بهێنرێتە ناوەوەی هەرێم، ئێمە ئەمە بەپێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینین.
 

دەقی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە کێشەی داخلبونی ئەو ئۆتۆمبیلانە

 
کەریم عەلی، هەروەها وتیشی: کاتی خۆی کە رێگە نەدراوە ئەم ئۆتۆمبێلانە بێتە ناو هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی رێز و سوپاسی بۆیان کردوە، بەڵام ئێستا رێگەئەدرێت بهێنرێتە نێو هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەم ئۆتۆمبێلانە بەنوسراوی وەزارەتی دارایی بێتە ناوەوە ئەوا بەپێچەوانەی نوسراوی ژمارە ٤۱٤٨ـە.
 
ئاماژەی بەوەشدا لەسەر ئەو کارە سکاڵا لای داواکاری گشتی تۆمار دەکات.
 
ئەو ٢٠ ئۆتۆمبیلە بەشێکن لە ٨٣ ئۆتۆمبیلی مۆدێل ٢٠١٩ کە بەوتەی سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان، ساڵی پار لە ٢و٣ـی مانگی ١١ دا داخل بە دەروازەکە کراون، بەڵام چونکە بە بڕیاری حکومەت لە رێکەوتی ١ـی ١١ـەوە چیتر رێگە بە هاتنی ئۆتۆمبیلی مۆدێل کەمتر لە ٢٠٢٠ نادرێت، لە دەروازەکە گلدراونەوە و بۆ هاتنە ژورەوەشیان دەبێت غەرامە و گومرک بدەن.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,713,108     ژمارەی میوان 305