ئاریان رهئوف
ئەو دیدارەی کە کەناڵی روداو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی (سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان) سازیدا بو، کۆمەڵێک پرسی گرنگی ململانێ سیاسی و ئەمنیەکانی نێوان یەکتێ و پارتی خستەڕو، لە راستیدا ئەم دیدارە لەم دۆخەی هەرێمی کوردستان شایەنی هەڵوهستە لەسەر کردنە، چونکە وەک لە دیدارەکەدا ئاماژەی پێدا ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی هێڵێ سوری بەزاندوە. ئەگەرچی ئەم دیدارە لە روی هەڵسەنگاندنی گشتیەوە بێت دیدارێکی گرنگ بو و بە وریایی و هاوسەنگەیەوە (لە توند و و نەرم) وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاری دایەوە لە هەمانکاتدا پەیام و ئاماژەی ترسناک لە ناوخندا هەڵگرتوە کە روبەڕوی هەرێمی کوردستان بوەتەوە، کە بە زمانێكی زۆر رون بافڵ تاڵەبانی وتی "لە نێو هێڵی سوردایە".
ئەم چەند سەرنجە کورتە دەخەمەڕو لە سەر کۆی دیدارەکە کە بافڵ تاڵەبانی چی پێی وتین:
1. داهاتی نەوت وخاڵە سنوریەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەرچاوەکانی کێشەکانیان، چونکە داهاتی ئەو خاڵە سنوریانە بۆ حکومەت ناگەڕێنەوە، ئەگەر پێشتر هەمو خەڵکی کوردستان ئەمەی زانیوە، بەڵام لە زمانی سەرۆکی پارتێکی خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ئەمە یەکەمجارە بوترێت.
2. پرسی دو ئیدارەی فۆرمی نۆرماڵی حوکمرانی بوە و ئەبێت لە هەرێمی کوردستان، و ئەگەری خراپتر لە بەردەماندایە، ئەگەر ململانێکان بەمشێوەی ئێستا لە هەڵکشان بێت.
3. هێنانی هێز بۆ سەر ماڵی جێگری سەرۆک وەزیران و رێگریکردن لە سەرۆکی (یەکێتی) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هەڵکردنی گلۆپە بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان.
4. ئەوەی لە ئیستادا هەرەشەی ئەمنیە لە سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان، داعش و حەشدی شەعبی و درۆنەکانی وڵاتان نیە، بەڵکو ململانێی نێوان خودی دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش مەترسیەکی ئێجگار گەورەیە.
5. لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشکراو و بێ پەردە ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ناتوانێت کۆتایی بە ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی بهێنێت، ئەگەر لایەنی بەرامبەر لە کێشەکە فەلسەفەی خۆی بەرامبەر مامەڵەکانی لە گەڵ یەکێتی نەگۆڕێت، بە کورتی ئەوەی پێ وتین سەرۆکی هەرێم ناتوانێت فشار لەسەر سەرۆکی حکومەت (مهسرور بارزانی) دروست بکات بە ئاراستەی هێورکردنەوەی ئاستی ململانێکە، چونکە لە نێو ماڵی پارتی ئاراستەی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ یەکێتی هەیە، لە ئیستادا ئەو ئاراستەی رەگی ئەمنی هەیە باڵا دەستە.
6. لە قۆناغی ئیستای حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان رەگی ئەمنی و سەربازی لە تێفکرینی حکومەتدا هەیە، هەربۆیە ئەم ململانێیانە مەحاڵە بگەنە چارەسەر، لە هەڵکشان و فشاری زیاتر بەرامبەر یەکێتی بژاردەی دو حکومەتی ئەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە فشارەکان بە دەر لەخەرجی خزمەتگوزاری سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و بڕینی موچەی دەزگا ئەمنیەکان و ململانێ ئەمنی و پرسی ئیمزا نەکردنی پۆستە بەرکەوتەکانی یەکێتی لە خۆی گرتوە.
7. پێی وتین هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان پرسێکە وەک فشار و ترساندن بەکاردەهێنرێت، نەک ئامرازێک بۆ پیادەکردنی بەشداری سیاسی.
8. لە ناواخنی قسەکانی وتی: (پەروەردەی دەستی ئیبراهیم ئەحمەدم)، لە کۆتای قسەکانیشیدا وتی من (دڵی مام جەلام هەیە).
ئەگەرچی سەرلەبەری ئەوەی پێی وتین کە دۆخی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە، بەڵام لە راستیدا وادیارە نە پارتە سیاسیەکانی (بە دەر لە یەکێتی و پارتی) و نە کەسایەتیە سیاسی و رۆشنبیریەکان ناتوانن دەستپێشخەری بکەن، هەروەها فشار و ئامۆژگاری و هەوڵەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانیش لە رابردودا بە هەند وەرنەگیراوە و جێگەی خۆی نەگرتوە، چونکە رەگی ئەمنی و سەربازی لە نێو کاراکتەری ململانێکەدا هەیە.