ورده‌كارى سزادانى 2 مێردمناڵه‌كه‌ى كه‌لار

2022/11/11 - 01:52 | 1487 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
به‌پێی به‌دواداچونێكى رادیۆی ده‌نگ، دۆسیه‌ى سزادانى 2 مێردمناڵه‌كه‌ى كه‌لار، له‌سه‌ر سكاڵای قایمقامیه‌تى كه‌لار و تاپۆی گه‌رمیان بوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سوتاندنى به‌شێك له‌ پرسگه‌ى قایمقامیه‌ت و ئۆتۆمبیلێكى تاپۆ، سزادانه‌كه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ وته‌كانیان بوه‌ له‌ كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا كه‌ دانیان به‌ "تاوانه‌كه‌یان" دا ناوه‌.
 
رۆژى 8ـى تشرینی دوه‌مى 2022، سه‌رۆكایه‌تى دادگاى نه‌وجوانانى ناوچه‌ى كه‌ركوك/گه‌رمیان، فه‌رمانى سزادانی به‌سه‌ر 2 مێردمناڵ دا دا به‌ناوه‌كانى: سابر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د و عەبدوڵڵا هیوا فاتیح، ئه‌ویش دواى تاوانبار هه‌ژماركردنیان له‌ دۆسیه‌ى به‌شداریی له‌ توندوتیژیه‌كانى خۆپیشاندانی 22ـى ئابی 2020 كه‌ له‌ كه‌لار به‌ڕێوه‌چو و تیایدا به‌شێك له‌ بینای قایمقامیه‌تى كه‌لار و ئۆتۆمبیل و كه‌ره‌سته‌ و شمه‌كى تێدا سوتێنرا.
 
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانى رادیۆی ده‌نگ، له‌و دۆسیه‌دا 3 سكاڵاكار سكاڵایان تۆماركردوه‌، یه‌كه‌میان: ئه‌كره‌م ره‌زا حسێن- به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان "تاپۆ"یه‌، دوه‌میان: شه‌هاب ئه‌حمه‌د محێدین- قایمقامى قه‌زاى كه‌لار و سێیه‌میشیان پۆلیسێكه‌ به‌ناوى: ئیبراهیم قادر كاكه‌ره‌زا.
 
سكاڵاكارى یه‌كه‌م سكاڵاى هه‌بوه‌ له‌سه‌ر زیانگه‌یاندن به‌ بینای تاپۆ و سوتاندنى ئۆتۆمبیلێكى تاپۆ كه‌ ژماره‌ (195) حكومى وه‌زاره‌تى داد بوه‌. سكاڵاكارى دوه‌میش سكاڵاى هه‌بوه‌ له‌ زیانگه‌یاندن به‌ بیناى قایمقامیه‌ت و سوتاندنى به‌شێكی. هه‌رچی سكاڵاكارى سێیه‌مه‌، سكاڵاى هه‌بوه‌ له‌ سوتاندنى ئۆتۆمبیلێكى شه‌خسی خۆی كه‌ له‌ جۆری كیا سۆرینتۆ بوه‌ و له‌ناو بینای قایمقامیه‌ت بوه‌، چونكه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ به‌خۆی بوه‌ و ئه‌و كاته‌ش ئه‌و وه‌كو پۆلیس پاسه‌وانى بیناى قایمقامیه‌ت بوه‌.
 
له‌سه‌ر ئه‌م سێ كه‌یسه‌، ژماره‌یه‌ك كه‌س ده‌ستگیر كراون، له‌نێویاندا هه‌ردو سزادراوه‌كه‌، هه‌ردوكیان تۆمه‌تى ئه‌نجامدانى هه‌رسێ تاوانه‌كه‌یان ئاراسته‌كرابو، به‌ڵام یه‌كى له‌ یه‌ك كه‌یسدا تاوانبار كراون و سزا دراون، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ كه‌یسی یه‌كه‌م دا (سوتانى ئۆتۆمبیلی وه‌زاره‌تى داد كه‌ لای تاپۆی گه‌رمیان بوه‌)، عه‌بدوڵڵا هیوا تاوانبار كرابو و له‌ دو تۆمه‌ته‌كه‌ى تر بێتاوان دیاری كرابو. هه‌رچی كه‌یسی دوه‌میشه‌ (سوتاندنى پرسگه‌ى قایمقامیه‌ت)، سابر ئه‌حمه‌د تاوانبار كرابو و له‌ دو تۆمه‌ته‌كه‌ى تر بێتاوان دیاریی كرابو. هه‌روه‌ك تۆمه‌تى سوتاندنى ئۆتۆمبیله‌كه‌ى ئیبراهیم قادر به‌سه‌ر هیچ كام له‌و دوانه‌دا ساغ نه‌بوه‌ته‌وه‌.
 
 

ڤیدیۆی تۆمارى به‌شێك له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ى 22ـى ئابی 2020 له‌به‌رده‌م قایمقامیه‌تى كه‌لار كه‌ توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌ ..... ئه‌رشیڤی رادیۆی ده‌نگ

 
له‌ دۆسیه‌ى سوتاندنى ئۆتۆمبیله‌كه‌ى تاپۆی گه‌رمیان، دادگا به‌ پشت به‌ستن به‌ وته‌یه‌كى سزادراو: عه‌بدوڵڵا هیوا له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ دانى به‌ تاوانه‌كه‌دا ناوه‌ و هه‌روه‌ها به‌پێى راپۆرتى پشكنین "كشف"، بڕیاری سزادانى داوه‌ بۆ ماوه‌ى 4 ساڵ به‌ندكردن، ئه‌گه‌رچی سزادراوه‌كه‌ له‌ دادگاى نه‌وجوانان ره‌دیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌ى ئه‌نجام دابێت، به‌ڵام دادگا ئه‌م ره‌دكردنه‌وه‌یه‌ى به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌ و وته‌ى سه‌ره‌تاى كاتى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌ دان به‌ تاوانه‌كه‌دا ده‌نێت، هه‌ژمار كردوه‌.
 
له‌ دۆسیه‌ى سوتاندنى به‌شێك له‌ قایمقامیه‌تى كه‌لاریش دا، سزادراو (سابر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) پارێزه‌رى نه‌بوه‌ و دادگا پارێزه‌رێكى بۆ گرتوه‌ "ئینتداب كردوه‌"، سزادانه‌كه‌یشی به‌ پشت به‌ستن به‌ راپۆرتى پشكنین "كشف" وته‌یه‌كى خۆی بوه‌ له‌ كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌ قۆناغی سه‌ره‌تادا كه‌ وتویه‌تى: من به‌شدار بوم له‌ سوتاندنى پرسگه‌ى قایمقامیه‌تى كه‌لار، ئه‌گه‌رچی دواتر ئه‌م قسه‌یه‌ى ره‌د كردوه‌ته‌وه‌ و هه‌مو شایه‌ته‌كانیش له‌ وته‌كانیان دا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ به‌چاوى خۆیان سزادراوه‌كه‌یان نه‌بینیوه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌ بكات، به‌ڵام دادگا ئه‌م ره‌دكردنه‌وه‌یه‌ى به‌ خۆده‌ربازكردنی له‌ به‌رپرسیارێتى تاوانه‌كه‌ى زانیوه‌ و ره‌چاوى نه‌كردوه‌، هه‌ربۆیه‌ سزاى داوه‌ به‌ 4 ساڵ زیندانى كردن.
 
سزادانى ئه‌و دو كه‌سه‌، بەپشت بەستن بە مادەی 342 لە یاسای سزادانی عێراقی بوه‌، كه‌ مادەی ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات هەرکەسێک بە ئەنقەست ئاگر لە ماڵ و موڵکێکی گوازراوە و نەگوازراوە بەربدات تەنانەت ئەگەر هی خۆیشی بێت و ئەو ئاگرە ببێتە هۆی مەترسی دروستکردن لەسەر ژیان و ماڵ و موڵکی کەسانی تر، سزادەدرێت بە بەندکردنێک کە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.
 
له‌ حوكمى سه‌ر هه‌ردوكیشیان دا، دادگا مافی به‌ سكاڵاكاره‌كان داوه‌ كه‌ داواى قه‌ره‌بوی زیانه‌كانیان له‌ سزادراوه‌كان بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ك به‌وپێیه‌ى سزادراوه‌كان مێردمناڵ "قاصر"ن، به‌شێوه‌یه‌كى خۆكرد دۆسیه‌كه‌یان تێهه‌ڵچونه‌وه‌ "تمیز"ی تێداده‌كرێت، ئه‌گه‌رچی كه‌سوكاره‌كه‌شیان خۆیان به‌نیازی تێهه‌ڵچونه‌وه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌ بری ماده‌ى 342، به‌ یاساى ژماره‌ (11)ـى ساڵى 2010ـى رێكخستنی خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
 
ئێوارەی  22ـى ئابی 2020، خۆپیشاندانێک دژ بە دەسەڵات لە ناوبازاڕی کەلار بەڕێوەچو، دواتر خۆپیشاندانەکە توندوتیژی بەخۆیەوە بینی و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران چونە بەردەم بینای قایمقامیەتی قەزای کەلار و پەلاماریان دا و ئاگر لە بەشێکی بیناکەدا کرایەوە و دو ئۆتۆمبیلی تێدا سوتا و زیانى مادیشی به‌ر بیناكه‌ لێكه‌وته‌وه‌.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,907     ژمارەی میوان 807