ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
٢ کەس بەتۆمەتی توندوتیژی لە خۆپیشاندانێکی کەلار بە ٤ ساڵ زیندانی سزا دران

2022/11/09 - 02:26 | 560 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
٢ کەس بە تۆمەتی بەشدارییکردن لە توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکەی ئابی ٢٠٢٠ـی کەلار کە تیایدا ئۆتۆمبیلێک و بەشێک لە قایمقامیەت سوتا، یەکی بە ٤ ساڵ زیندانییکردن حوکم دران.
 
قانع ئەحمەد محەمەد، برای سابیر ئەحمەد محەمەد یەکێک لە سزاداراوەکان، بە رادیۆی دەنگی وت: براکەم کە تەمەنی ١٩ ساڵە، بە تۆمەتی بەشدارییکردن لەو خۆپیشاندانە و سوتاندنی شوێنێکی کارمەندی هاتوچۆ لەناو بینای قایمقامیەت، سزا دراوە.
 
رونیشیکردەوە؛ گەنجێکی تریش بەناوی عەبدوڵڵا هیوا فاتیح، تەمەن ١٧ ساڵ، بە تۆمەتی سوتاندنی ئۆتۆمبیلێک لەناو بینای قایمقامیەت هەر لەو خۆپیشاندانەدا، سزا دراوە.
 
ئاماژەی بەوەشدا سزادانەکە بریتی بوە لە بەندکردنیان بۆ ماوەی (٤) ساڵ، سزاکەش دادگا بەپشت بەستن بە مادەی ٣٤٢ لە یاسای سزادانی عێراقی دەریکردوە.
 
مادەی ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات هەرکەسێک بە ئەنقەست ئاگر لە ماڵ و موڵکێکی گوازراوە و نەگوازراوە بەربدات تەنانەت ئەگەر هی خۆیشی بێت و ئەو ئاگرە ببێتە هۆی مەترسی دروستکردن لەسەر ژیان و ماڵ و موڵکی کەسانی تر، سزادەدرێت بە بەندکردنێک کە لە ١٥ ساڵ زیاتر نەبێت.
 
ئێوارەی  ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٠، خۆپیشاندانێک دژ بە دەسەڵات لە ناوبازاڕی کەلار بەڕێوەچو، دواتر خۆپیشاندانەکە توندوتیژی بەخۆیەوە بینی و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران چونە بەردەم بینای قایمقامیەتی قەزای کەلار و پەلاماریان دا و ئاگر لە بەشێکی بیناکەدا کرایەوە کە دواتر وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد خۆپیشاندەرانیان بە کردنەوەی ئەو ئاگرانە تۆمەتبار کرد و باسیان لەوەکرد دو ئۆتۆمبێل و چەند بەشێکی نێو بینای قایمقامیەت بەوهۆیەوە سوتاون.
 
دوای روداوەکەش هێزە ئەمنییەکان بە پشت بەستن بە کامێرای چاودێریی، ژمارەیەک لەو گەنجانەیان دەستگیر کرد کە وەکخۆیان وتیان بەشدار بون لە خۆپیشاندانەکە و توندوتیژییەکانی ناوی و بەو تۆمەتە دایانن بە دادگا.
 
 بەوتەی قانع ئەحمەد، ئەو حوکمەی بەسەر براکەی دا دراوە تەمیز دەکەنەوە و داوای گۆڕینی مادە سزاییەکەی دەکەن و پێیانوایە سزایەکی قورس دراوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,402     ژمارەی میوان 2293