ڤاکسین وەرناگرن و كارتی ڤاكسینیان لە گیرفاندایە

2022/11/09 - 10:40 | 772 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت - سامان کەریم
 
هەژار (٥١) ساڵ هاوڵاتییەکى دانیشتوى قەزاى کفرییە لە ئیدارەى گەرمیان و کارمەندى یەکێک لە فەرمانگەکانى حکومەتە؛ بڕى ٦٠ هەزار دینارى داوە لەبەرامبەر ئەوەى کارتێکى وەرگرتنى هەردو ژەمى ڤاکسینى (کۆڤید١٩)ـى بۆ بەدەست بخەن. ئەو تا ئێستا هیچ پێکوتەیەکى ڤاکسینەکەى وەرنەگرتوە و کارتەکەشى هەیە!
 
ئەو فەرمانبەرەى حکومەت کە بەهۆى مەترسى (سزادانى) نەیویست ناوەکەى ئاشکرا بکات وتى: "من بڕوام بە وەرگرتنى ڤاکسین نییە و پێموایە زیانى بۆ تەندروستیم دەبێت، بۆیە، ئامادە نیم وەرى بگرم، لەبرى ئەوەش بە پارە کارتەکەم کڕیوە، چونکە، حکومەت بڕیارى داوە ئەو فەرمانبەرەى کارتى ڤاکسینى نەبێت، لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت''. ئەوەشى درکاند کە کارتەکەى لەهەرێمدا کارى پێدەکرێت و بۆ ڕاییکردنى کاروبارەکانى فەرمانگەش بەکارىهێناوە.
 
هەژار، تەنها کەسێک نییە ئەو کارەى کردبێت، بەڵکو لەسنورى ئیدارەى گەرمیاندا (سەدان) هاوڵاتى و فەرمانبەرى حکومەت لەڕێى چەند کەسێکەوە و بەپارە کارتى ڤاکسین لە ناوچەکانى پارێزگاكانى سەڵاحەدین و کەرکوک و دیالە بەدەست دەخەن، بەڵام لەبەر هەستیارى بابەتەکە، لەم بەدواداچونەدا نەتوانرا وێنەى کاتى پرۆسەکە دەستبخرێت.
 
سازان محەمەد (٢٤) ساڵ فەرمانبەرى بەگرێبەست دامەزراوە لە ناوەندێکى ئەکادیمى گەرمیان، بە بڕى (١٠٠هەزار دینار) کارتەکەى لە کەرکوک کڕیوە، ئەویش بۆ هەمان مەبەست ویستویەتى کارتى پێکوتەکەى (کۆڤید١٩)ـى هەبێت.
 
سازان دەڵێت: "ترسم لە وەرگرتنى ڤاکسین هەیە و ئەم ڕێگایەش هیچ کێشەیەکم بۆ دروست ناکات، چونکە کارتەکەم رەسمییە و لە وەزارەتى تەندروستیش تۆمار کراوە!".
 
بابەتى بازرگانیکردن بە کارتى ڤاکسینى (کۆڤید١٩)ـەوە لەگەرمیان بڵاوە، بەڵام هیچ لایەنێکى حکومەت خۆى لێ ناکاتە خاوەن و دەڵێن: "بابەتەکە تەنها دەنگۆیە و کەیسێک بەو بابەتە تۆمار نەکراوە".
 
نمونه‌یه‌ك له‌و كارتى ڤاكسینه‌ى كه‌ به‌ پاره‌ كڕدراوه‌ ... فۆتۆ: تایبه‌ت
 
ئەمە لەکاتێکدایە دەستخستنى کارتى ڤاکسین بە پارە و بەبێ وەرگرتنى پێکوتە، هۆکارێک بوە لە گەرمیاندا کە بەشێکى هاوڵاتیان متمانەیان بە پرۆسەکانى دەرهێنانى کارتەکە و وەرگرتنى ڤاکسینەکەش کەمتر بێتەوە.
 
عەباس عەبدولعەزیز، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان رایگەیاند، ئەوانیش گوێیان لەوە بوە کە خەڵک لەناوچەکانى (خورماتو لە پارێزگاى سەڵاحەدین) و (کەرکوک) کارتى ڤاکسین بە پارە پەیدا دەکەن، بەڵام هیچ شتێکى رەسمى نییە و دۆسیە لەبەردەستدا نییە.
 
ئەو وتیشى: "سیستەمى تۆمارکردنى کارتى ڤاکسین لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عێراق جیاوازە، هەر کەسێک لەو ناوچانە ناوى تۆمار بکرێت، لاى ئێمە دەرناکەوێت و بەپێچەوانەشەوە هەر راستە". جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان دانى بەوەشدا نا، کە چەندین کەس ویستیانە لە گەرمیاندا بەبێ وەرگرتنى ڤاکسین کارتەکەیان پێبدرێت، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
 
ئیسماعیل حەسەن (ناوى باوکى خوازراوە)، هاوڵاتییەکى دانیشتوى قەزاى خورماتوە لە پارێزگاى سەڵاحەدین. ئەو ئاشکراى کرد تا ئێستا چەندین کارتى ڤاکسینى بۆ خەڵک دەرکردوە و بە پارە فرۆشتویەتى.
ئەو هاوڵاتییە لەبارەى شێوازى پرۆسەى دەرهێنانى کارتى ڤاکسینى (کۆڤید١٩) بە پارە و بەبێ وەرگرتنى پێکوتەکە؛ وتى: "کەسێک دەدۆزینەوە کە خزم و ناسیاوى خۆمان بێت، دەیبەین بۆ یەکێک لەبنکەکانى تەندروستى و لەگەڵ ئەو کارمەندەى ڤاکسینەکە لێدەدات، پێشتر رێککەوتوین؛ لەبرى ڤاکسین، ئاو دەکاتە ناو سرنجەکەوە و نایخاتە ناو لەشى کەسەکەوە، یان هەر ڤاکسینەکە دەخاتە ناو سرنجەکە و لەبرى قۆڵى کەسە، دەیڕێژێتە زەوى!''.
 
ئیسماعیل ئەوەشى وت: ئەو کارمەندى تەندروستییەى کارەکە دەکات، بڕێک پارەى پێدەدەین، گەرەنتى ئەوەش دەکات کە ناوى ئەو کەسەى کارتەکەى بۆ دروست دەکرێت، لەسیستەمى وەزارەتى تەندروستى عێراق تۆمار بکرێت و هەرکاتێک ویستى، بکرێت بە پێناسى تایبەتیش بۆى.
 
بنكه‌یه‌كى وه‌رگرتنى ڤاكسین له‌ گه‌رمیان... فۆتۆ: ته‌ندروستى گه‌رمیان
 
تەندروستى پارێزگاى سەڵاحەدین ئەوە رەت دەکاتەوه‌ لە بنکە تەندروستییەکانى سنورى ئەو پارێزگایەدا بازرگانى بە کارتەوە کرابێت. جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سەڵاحەدین رایگەیاند؛ هەر بنکەیەکى کوتانى ڤاکسین زیاتر لە کارمەندێکى تیایە و چەند فلتەرێکیش هەیە بۆ ئەوەى کەسێک ڤاکسین وەربگریت و ببێتە خاوەنى کارتەکە.
د. ئەحمەد عەلى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سەڵاحەدین کە لەهەمانکاتدا بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتى خورماتوە، وتى: "ئێمەش ئەو بابەتەمان گوێ لێبوە، بەڵام بەدواداچونمان کردوە و نەمانتوانیوە بەڵگەمان دەست بکەوێت".
 
ئەوەشى ئاشکرا کرد لاى ئەوان بەشى پشکنین هەیە و بۆ ئەو کارانە لێپێچینەوەى قورس هەیە. وتیشى: "لەهەمو بنکەکانى تەندروستیدا کامێراى چاودێریمان داناوە بۆ رێگرتن لەو بابەتانە".
 
بەڵام ئیسماعیل حەسەن کە خۆى چەند جارێک لەخورماتو کارتى ڤاکسینى بە پارە دەرکردوە، دەڵێت: "مەبەست لەوەى کە ئێمەش کەسێکى خۆمان ئەبەین و گوایا ڤاکسینەکەى لێ دەدرێت، بۆ هەڵخەڵەتاندنى کامێراکانە"!.
 
ئامارێکى رەسمى لەبەردەستدا نییە کە ژمارەى ئەو کەسانەى لەناوچەکانى گەرمیاندا بەو رێگایە کارتى ڤاکسینى (کۆڤید١٩)یان دەستخستوە چەندە، بەڵام بەپێى ئامارە ناڕەسمییەکان زیاترە لە هەزار کەس.
 
ئەوانەى بەم رێگایە کارتەکە دەست دەخەن، زۆرینەیان فەرمانبەرى دەوڵەتن، یان ئەو کەسانەى بەمەبەستى گەشتى وڵاتان پێویستیان بە کارتى ڤاکسینە و نایانەوێت بە رەسمى لەگەرمیاندا دەریبهێنن.
 
هاوڵاتیه‌كى گه‌رمیان  له‌كاتى وه‌رگرتنى ڤاكسینی كۆرۆنا..... فۆتۆ: ته‌ندروستى گه‌رمیان
 
ئەم بابەتە زیاتر دواى بڕیارێک پەرەى سەند کە حکومەت هەمو فەرمانبەرانى ناچار کرد کارتى ڤاکسینیان هەبێت. لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بە بڕیارى ژمارە (٣١) لە (٢٥-١٠-٢٠٢١) و ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانیش بەبڕیارى ژمارە (١١٨) لە (٢٧-١٠-٢٠٢١) هەمو فەرمانبەرانیان ناچار کرد کارتەکەیان هەبێت بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن یان موچەکەیان پێنادرێت.
 
بەشێک لەو فەرمانبەرانە لەگەرمیاندا بەهۆى (ترس) و (نەبونى متمانە)یان بە وەرگرتنى ژەمەکانى پێکوتەى (کۆڤید١٩) پەنایان بردە بەر ئەوەى بەڕێگاى نایاسایی و بە پێدانى بڕە پارەیەک کارتەکەیان دەستبخەن.
 
عەلى جەمال، قەدورى وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان رایگەیاند: ئەوانیش ئاگادارى ئەم بابەتەن، بەڵام کەیسى وایان لە پۆلیسدا نییە و دۆسیەکەش پەیوەندى بە ئاسایشەوە هەیە. چونکە وه‌كخۆی وتى: "هەر کەیسێک لەناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستاندا روبدات، ئاسایش لێکۆڵینەوەى تیادا دەکات".
 
لەبەرامبەردا ئاسایشى گەرمیانیش دۆسیەى بۆ ئەم بابەتە نەکردوەتەوە و بەدواداچونیشى بۆ نەکردوە.
 
عوسمان عەبدولکەریم، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى گەرمیان، دەڵێت: "ئێمەش تەنها وەک بابەتێک بیستومانە و کەسى لەسەر دەستگیرنەکراوە، تەنانەت بەدواداچونیش نەکراوە، چونکە بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى هیچ داوایەکى لەئاسایش نەکردوە کە بەدواداچون بۆ بابەتەکە بکات".
 
بەپێى ئامارێکى نەخۆشخانەى (قەڵا)ى تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان لەگەرمیاندا لەماوەى یەک ساڵ و ١٠ مانگدا (مانگى ٦-٢٠٢٠ بۆ ٤-٢٠٢٢) لەگەرمیاندا (٤٧٢) کەس بە نەخۆشى کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
 
تەشەنەکردنى کۆرۆنا لەم ناوچەیەدا مەترسى لەسەر ژیانى هەزاران کەس و خانەوادە دروستکرد. وەرنەگرتنى ڤاکسین و بەدەستخستنى کارتەکەى بەڕێگاى نایاسایى و مەترسییەکانى زیاتر دەکات.
 
د. ئەحمەد سەعدى، پزیشکى پسپۆڕى هەناوى و شارەزا لە ڤایرۆسى (کۆڤید١٩)، ئەوە دوپات دەکاتەوە کە ئەم کارە هەڕەشە لەتەندروستى کۆمەڵگا دەکات لەگەرمیاندا.
 
دەڵێت:''بەکارهێنانى تەنها یەک ژەم لە ڤاکسین دەبێتە هۆى دروستبونى وەڵامدانەوەیەکى باش لەبەرگرى لەش بەبێ ئەوەى ببێتە هۆى توشبون بە نەخۆشییەکە''. هۆشداریش دەدات ئەوانەى ڤاکسین وەرناگرن مەترسى توشبونی سەختیان بە کۆرۆنا دەبێت.
 
بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى گەرمیان لەماوەى یەک ساڵ و حەوت مانگدا (مانگى ٣-٢٠٢١ بۆ ١٠-٢٠٢٢) کۆى (٧٧٢٠٠) کەس ژەمەکانى ڤاکسینیان وەرگرتوە، بەمپێیە (١٩.٣%)ـى کۆى دانیشتوانى گەرمیان پێکوتەى ڤاکسینیان وەرگرتوە و خاوەنى کارت و پێناسى ڤاکسینى (کۆڤید١٩)ن.
 
لەعێراقیشدا بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى هەتا کۆتایى مانگى ئەیلولى رابردو بەڕێژەى (١٩.٦%) هاوڵاتیان هەردو ژەمى ڤاکسینیان وەرگرتوە، بەڵام بە وردبونەوە لە ژمارەکانى دەستخستنى کارتى ڤاکسین بە رێگاى نایاسایى و بەبێ وەرگرتنى ڤاکسین و بەراورد بەو ئامارە؛ گومان دەخاتە سەر راستودروستى ئەو رێژەیەى کە حکومەتى عێراق پشتى پێ دەبەستێت، چونکە بڕێک لەو ژمارەیە ئەوانەن کە هیچ ژەمێکى ڤاکسینیان وەرنەگرتوە و ناویشیان لەناو سیستەمى وەزارەتى تەندروستیدا وه‌كو وه‌رگرى ڤاكسینى كۆرۆنا تۆمار کراوە.
 
 
* ئەم بەدواداچونە لە لایه‌ن رۆژنامه‌نوس: سامان كه‌ریم، له‌چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوكناو) جێبەجێدەكرێت، بەرهەمهێنراوە.
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,731     ژمارەی میوان 2301