پارلەمانتارێک دۆسیەیەک لە دادگای کەلار دەباتەوە

2022/11/08 - 09:32 | 236 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پارلەمانتاری پێشوی کوردستان: بێستون فایەق، باس لەوەدەکات دۆسیەی سکاڵایەک کە لەسەری تۆمارکراوە و پەیوەندی هەبوە بە باسکردنی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان، بە قازانج و بردنەوەی ئەو لە دادگای کەلار تەواو بوە.
 
بێستون فایەق، لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە: لە سەر ھەوڵی رێگری و باسکردنی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ ، ئەمڕۆ ئامادەی دانیشتنێکی تری دادگا بوین و دۆسێکەمان بردەوە. 
 
ئەو دۆسیەیە کە پارلەمانتارەکەی پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لێدەکات، بۆ ساڵی ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەوکات بڵاوکرایەوە لە درەنگانێکی شەوی پێش هەڵبژاردن دا کلیلی ژوری میرەی بەڕێوبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی/٢ کە لە گەرمیانە، لەلایەن چەند کارمەند و ئەفسەرێکەوە لە بەرپرسی هۆبەکە وەرگیراوە و ئەوکات مەترسی خۆیان لەو کارە پیشاندابو، کە ئەمەش وا لێکدرایەوە مەترسییەکە ئەوەیە ئەو هۆبەیە ناسنامەی بەکارنەهێنراوی تیایە و ترس هەبوە لەوەی بەکاربێت بۆ ساختەکاریی لە دەنگدان.
 
 لەسەر بڵاوبونەوەی ئەم قسە و زانیارییانە، بەڕێوبەرایەتییەکە سکاڵای لەسەر ئەو پارلەمانتارە و چەند هەڵسوڕاوێکی تری بزوتنەوەی گۆڕان تۆمارکرد. ئەگەرچی هەر ئەوکات پارلەمانی کوردستان رەدیکردەوە رەزامەند بێت لە چونە دادگای پارلەمانتارەکە و لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵی.
 
بەوتەی بێستون فایەق، ئەمڕۆ دادگا بە قازانجی ئەو بڕیاری داوە و دۆسیەکەی داخستوە.
 
هاوکات نوسیویەتی: "بەشداری دامەزراوە و کارەکتەرە پلە جیاوازو رەسمیەکانی حکومەت لە ساختەکاری ھەڵبژاردنەکاندا پێویستی بە بەڵگەو بە سەلماندن نیە، ھەمولا لە بونی ساختەکاری رێکخراو دڵنیاو بێگومانن و کەسیش بڕوای بە ھەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی نیە".
 
دەشڵێت: "رێزی زۆر بۆ ئەو دادوەرانەی کە جگە لە یاساو بنەما دادوەریەکان ھیچی تر ئاراستەیان ناکا، بچوکی ھەمیشەیش نازناوی ئەوانەیە کە بۆ دەستخۆشیەکی حزبی پلەو پێگەو ناونیشانیان بۆ کاری ناڕەواو ساختەو نایاسایی بەکاردێنن".



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,663,489     ژمارەی میوان 563