دەنگ نێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری رێگەدان بە گواستنەوەی میلاکی فەرمانبەران دەدات لە دەزگاکانی ترەوە بۆ فەرمانگەی جێبەجێکردنی (تنفیذ) داد لە کەلار، ئەمەش بەوتەی بەڕێوبەرەکەی.
سۆران ئەحمەد، بەڕێوبەری فەرمانگەی جێبەجێکردنی داد لە کەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی داوە لەسەر ئەوەی ئاسانکاریی بکرێت لە گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ سەر میلاكی فەرمانگەکەمان بەو هۆیەی ژمارەی فەرمانبەرمان کەمە و ئاستەنگی بۆ ئیشوکارەکان دروست کردوە.
وتیشی: چەندینجار داوامان لە ئیدارەی گەرمیان کردوە بۆ ئاسانکارییکرن بۆمان بەمەبەستی گواستنەوەی فەرمانبەر بۆمان، چونکە ئێستا نزیکەی ١٠ فەرمانبەرمان هەیە و نزیکەی ٣٠ فەرمانبەری دیکەمان دەوێت.
وتیشی: ئەو فەرمانبەرانەی لە فەرمانگەکانی دیکەن لەم پسپۆڕێتی و بوارانەن: یاسایی، ژمێریاریی، وردبین، ئایتی، شۆفێر و کارگوزار، دەتوانن راژەکەیان بگوازنەوە بۆ فەرمانگەکەمان.
فەرمانگەی جێبەجێکردنی داد لە کەلار، فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی دادە و بیناکەی لەناو دادگای کەلارە و تایبەتە بە راییکردنی ئەو مامەڵانەی پەیوەندییان بە لایەنی دارایی بڕیارەکانی دادگاوە هەیە لە نمونەی: نەفەقەی مناڵ و هاوسەر لەکاتی جیابونەوە، وەرگرتنەوەی مافی خاوەن قەرزەکان و ..هتد.