دەنگ نێت
وەزارەتی ناوخۆ ١٦ کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ سنوری هاتوچۆی گەرمیان دامەزراندوە بەبێ ئەنجامدانی هیچ تیروپشک و رێکارێکی شەفاف، ژمارەیەک لەوانەش کوڕ و برای بەرپرسانی هاتوچۆن.
بەپێی نوسراوێکی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان بە ژمارە (٢٢٩٦) لە رێکەوتی (٢٤/ ١٠/ ٢٠٢٢) کە کۆپیەکی تایبەت دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، هەستاوە بە دەرکردنی فەرمانی کارگێڕی بۆ دامەزراندنی (١٦) کەس بە شۆفێر بە شێوەی گرێبەست، کە موچەکەیان (٦٥٠) شەشسەد و پەنجا هەزار دینارە. ئەوەی مایەی سەرنجە بەشێک لەو کەسانە کوڕ و برای پلەدارانی خودی هاتوچۆی گەرمیانن.
لەمبارەیەوە، عەمید: محسن مەنسور، بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان بە رادیۆی دەنگی وت: ئەوانەی دامەزراون (١٤) کەسن بۆ کاری هێڵکاریی و بۆیەکردنی شەقامەکان بە گرێبەست بۆ مانگێک تا ٤٠ رۆژ، بەشێک لەوانە دەبێت بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگایان هەبێت و بەشێکی تر بڕوانامەی ناوەندی و دوانیشیان بڕوانامەی بە مەرج نەگرتوە.
هاتوچۆی گەرمیان لە رێکەوتی ٢٧ـی حوزەیرانی ئەمساڵ ئاگاداریی بۆ وەرگرتنی داواکاریی بۆ ئەم گرێبەستە لە
پەیجەکەی خۆیان لە فەیسبوک بڵاوکردوەتەوە و دواتر خەڵکی ناویان نوسیوە، بەڵام ئەوەی مایەی تێبینییە ئهوهیه كه نازانرێت بە چ شێوازێک ئەو ١٦ کەسە دەستنیشان کراون و ئەوەشی زانراوە بە تیروپشک و کێبڕکێیەکی شەفافانە نەبوە و رێکارەکە بۆ رایگشتی بڵاونەکراوەتەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی شوێنێکی وەکو پارێزگای
هەڵەبجەیە کە لەوێ بە شێوەیەکی ئاشکرا و شەفاف تیروپشک بۆ ناوەکان کراوە.
لەبارەی ئەوەی چۆن ئەو کەسانەیان دەستنیشان کردوە، عەمید: محسن مەنسور وتی: ئەوەی کە کوڕە شەهید بوە دامان ناوە، ئەوەی کە دەستنەچو بوە دامانناوە، بەشێکیشی بە هاوکاری بوە.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، چەند کەسێک لەوانەی دامەزراون، کەسوکاری پلەدارانی هاتوچۆن لە کوڕ و برا.
بەڕێوبەری هاتوچۆی گەرمیان، دانی بە بونی ئەم حاڵەتانەدا نا و وتی: یەکێک لەوانە کوڕی نەقیبێکی خۆمانە و من دامناوە بۆ هاوکارییان، ئەوانی تریش یەکێکیان ئەو کەسەی ناوی دەرچو بو ئامادە نەبو بچێت و برای ئەفسەرێکی خۆمان لە جێگەکەی دانا.

