له‌ گه‌رمیان 9 كارگه‌ى کشتوکاڵی له‌ قۆناغى ده‌ست به‌كاربوندان

2022/10/23 - 11:36 | 204 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان له‌ سنورى گه‌رمیان 9 كارگه‌ى جیاواز ده‌ستیان به‌ كاركردوه‌ و له‌ قۆناغى ده‌ست به‌كاربوندان، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ په‌ره‌ به‌ لایه‌نى ئابورى ناوچه‌كه‌ و به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مى ناوخۆ ده‌ده‌ن. 
 
شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان، بۆ رادیۆى ده‌نگ وتى: له‌ ساڵى 2015ـه‌وه‌ پلانێكمان داڕشتوه‌ كه‌ له‌و رێگه‌ ته‌قلیدیانه‌ دوربكه‌وینه‌وه‌ كه‌ ته‌نها بنه‌تۆیه‌ك به‌ جوتیار بدات، بۆیه‌ بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وه‌به‌رهێن بهێنینه‌ ناو كه‌رتى كشتوكاڵه‌وه‌ و كاربكه‌ن، چونكه‌ وه‌به‌رهێنه‌كان ته‌نها له‌ بوارى بازرگانى و پرۆژه‌ نیشته‌جێبونه‌كاندا كارده‌كه‌ن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ زه‌وى ناوچه‌كه‌ گرانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى په‌روێزخان و عێراقه‌وه‌ هاوسنوره‌، بۆیه‌ له‌ گه‌رمیانیش كه‌مترین وه‌به‌رهێن پرۆژه‌ى كشتوكاڵییان هه‌یه‌. 
 
 هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: یه‌كه‌م هه‌نگاومان كارگه‌ى زه‌یتى زه‌یتون بو كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك جوتیاره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و خاوه‌ن پرۆژه‌ن له‌ ساڵى 2018ـه‌وه‌ ده‌ستى به‌كار كردوه‌، هاوكات كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى دیكه‌مان هه‌یه‌ كه‌ قوتاغى باشیان بڕیوه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست به‌كار ده‌بن یه‌كێك له‌وانه‌ كارگه‌ى شیره‌مه‌نى مروارییه‌. 
 
سه‌باره‌ت به‌ په‌ره‌دان له‌ لایه‌نى ئابورى ناوچه‌ى گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵى گه‌رمیان وتیشى: كاریگه‌رییه‌كى زۆرى ئابورى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵێت كه‌ له‌ ساڵانى داهاتوتر ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ده‌ستى كاریش ده‌ره‌خسێنێت بۆ هه‌زار ده‌رچوى به‌شى كشتوكاڵ و ڤێته‌رنه‌رى و جوتیارانیش كه‌ ئه‌ركى سه‌ر شانى حكومه‌تیش كه‌م ده‌كاته‌وه‌. 
 
ده‌شڵێت: ئه‌و زه‌ویانه‌شى كه‌ ته‌رخان كراون بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ هیچیان كه‌متر نین له‌ 100 دۆنم زه‌وى، ئه‌و پرۆژانه‌ش به‌رده‌وامى له‌ په‌ره‌سه‌ندندا ده‌بن، چونكه‌ فراونتر ده‌بن.



Dengnet.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 924,620     ژمارەی میوان 34