کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر: نیگەرانین لە دەستگیرکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان

2022/10/17 - 05:08 | 798 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئیدانەی ئاستەنگ دروستکردن بۆ رۆژنامەنوسان دەکات و نیگەرانە لە دەستگیرکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسانی هەرێم.
 
ئێرڤن هیکس، لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەی بۆ رادیۆی دەنگ نێردراوە، دەڵێت: "کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا نیگەرانە لە دەستگیرکردن و ڕاگرتنی ڕۆژنامەنوسان بەتۆمەتێک کە پەیوەستە بەکاری ڕۆژنامەنوسیانەوە. نیگەرانیەکانمان سەبارەت بەو هەواڵانەشە کە باس لە  دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان بەبێ هۆ و بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانەو هەروەها پەلاماردان و هەڕەشە و یانیش پشکنینی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانیان بە بێ هەبوونی فەرمان دەکەن". 
 
هەروەک نیگەرانیش پیشان دەدات لەوەی "هەندێک ڕۆژنامەنوس و کەناڵی ڕاگەیاندنی دیاریکراو، بەتایبەتیش ژنان و ئەوانەی سەر بەو کۆمەڵگایانەن کە بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون، رێگەیان پێنادریت بەشداری کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی ڕەسمی بکەن و یانیش زانیاری یاسایی دژیەکیان پێدەدرێت کە ئاستەنگ دەخاتە بەردەم پرۆسەی خۆ تۆمارکردنیان".
 
باس لەوەشدەکات برەودان بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندن لە کارە هەرە لە پێشەکانی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
 
دەشڵێت: ئەو کارە لە پێشانە بە شێوەیەکی کاریگەر بە دیدێن لە ڕێی کارکردنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و ئەو پێکهاتانەی بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون و ڕێکخراوە دینیەکان و هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ هاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دڵنیابوون لەوەی کە بنەما و بەها دیموکراسیەکان بناغەن بۆ میدیای ئازاد و ئازادی کۆبونەوەی ئاشتیانەو ڕێگرتن لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری و دەرفەتی یەکسان بۆئەو کۆمەڵگایانەی کە بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون و لێپرسینەوە لەوانەی لە توندوتیژی دژی ژنان تێوەگلاون.
 
کونسوڵی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی دا روی دەمی دەکاتە حکومەتی هەرێم و دەڵێت: "چاوەڕوانیمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی یاسای بەدەستهێانی زانیاریە بۆ هاندانی بەرپرسیارێتی و بەهێزکردنی توانای ڕۆژنامەنوسان بۆ بەدەستهێانی زانیاری لە وەزارەتەکانەوە".



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,086     ژمارەی میوان 1516