دەنگ نێت- رەنج زەیدان
لێپرسراوی ئیدارەی سەنتەری تیشک لە کەلار دەڵێت بەپارەی خێرخوازان و پارلەمانتاران کارەکانیان دەستیپێکردوەتەوە و مانگانە ٣-٥ ملیۆن دیناریان دەوێت.
کاروان محەمەد رەشید، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە مانگی ئادارەوە دوای ئەوەی بڕیار درا مانگانە تەنها بڕی ١٠٠ میلۆن دینار بۆ هەمو پێداویستییەکانی تەندروستی گەرمیان تەرخان بکرێت، لەو کاتەوە کەرەستە و پێداویستییەکانمان دای لە کەمی.
هێمای بەوەش کرد: نزیکی مانگێک مەواد نەما، بەڵام ئێستا سەنتەرەکەمان لەسەر ئەرکی خێرخوازان و ئەندام پەرلەمانانی عێراق کەوتوەتەوە کار.
وتیشی: لە ئێستادا ١٨ میلۆن قەرزارین و بۆ ئەوەی کارەکانمان بەردەوام بێت مانگانە پێویستیمان بە سێ بۆ پێنج میلۆن دینارە.
پێشتریش بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان ئاماژەی بەوەدابو ئەو ١٠٠ ملیۆنە بەشی پارەی هەمو کەرەستە و خزمەتگوزارییەکان ناکات، هۆشداریشی دابو لەوەی دۆخی خزمەتگوزارییەکانیان خراپتر دەبێت.