دەنگ نێت
ئیدارەی گەرمیان داوای لێپێچینەوە لە بەڕێوبەری گشتی کاروباری مین لە گەرمیان دەکات بەوهۆیەی مۆڵەت و ئیفادی وەرگرتوە و ئەوانی ئاگادار نەکردوەتەوە، بەڕێوبەری گشتی کاروباری مینی گەرمیانیش دەڵێت بە فەرمی مۆڵەتی وەرگرتوە و ئیدارەی گەرمیانیشی ئاگادار کردوەتەوە، هەربۆیە نوسراوەکە بە ناوزڕاندن دەزانێت.
بەپێی نوسراوێکی ئیدارەی گەرمیان کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە و وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، داوا دەکات رێکاری یاسایی بەرامبەر بەڕێوبەری گشتی کاروباری مین لە گەرمیان بگیرێتەبەر بەو پاساوەی کە چوەتە ئیفاد و ئەوانی ئاگادار نەکردوەتەوە سەرباری ئەوەی ئاگاداریان کردونەتەوە کە دەبێت ئیدارەی گەرمیان ئاگادار بکەنەوە لەکاتی مۆڵەت و ئیفاد دا.
ئاماژە بەوەش دەکات بەڕێوبەری ناوبراو لە بەرواری (٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢) لەکار دابڕاوە و پابەند نەبوە بە دەوامەوە.
لەبەرامبەردا، جەلال شێخ جەعفەر، بەڕێوبەری گشتی کاروباری مین لە گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند؛ رێکارەکەی ئیدارەی گەرمیان بە هەڵە کراوە و ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە لەو رێکارە.
دەشڵێت: میکانیزمی ئەوەمان هەیە وەکو بەڕێوبەری گشتی مۆڵەت وەرگرین و ئیفاد بین، سەرباری ئەوەش ئیدارەی گەرمیانمان ئاگادار کردوەتەوە لەسەر ئەو بابەتە و ئیفادەکەمان بۆ ناردوە.
جەلال شێخ جەعفەر، وتیشی: من لەو بەروارەی کە باس کراوە، مۆڵەتی فەرمی بوم بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای کاروباری مین، پێش وەرگرتنی مۆڵەتەکەش ئیدارەی گەرمیانم ئاگادار کردوەتەوە، ئەتوانم بڵێم ناوزڕاندن بوە کە بۆ منیان کردوە، ئەگەر ناوزڕاندن نەبێت چی دیکەیە ئەگەر مۆڵەت بم و بە دابڕاو دام بنێت؟!