بەرپرسێکی تەندروستی گەرمیان هۆشداری دەدات له‌ بایکۆتکردنی ده‌وامى نەخۆشخانەکان

2022/10/05 - 07:01 | 316 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
بەرپرسی بەشی کردە پزیشکیەکان لە ته‌ندروستی گەرمیان ئاماژە بەدۆخی خراپی نەخۆشخانەکان دەکات و دەڵێت: چەندین گرفتمان هەیە، بایکۆتکردنی کارمەندەکانیشمان ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە.
 
لە سنوری گەرمیان 4 نەخۆشخانەی حکومی هەن، بەڵام به‌ به‌رده‌وامى گرفتی جۆراوجۆری نەبونی دەرمان و کەرەستە و پێداویستی پزیشكی و خزمه‌تگوزاریی تیایاندا سه‌ر هه‌ڵده‌دات، كه‌ دواترینیان كێشه‌ى دابه‌ش نه‌كردنى خواردنه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ كه‌ به‌وته‌ى به‌رپرسێك، بوه‌ته‌ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ و لێكه‌وته‌ى هه‌بوه‌.
 
ره‌فیق قادر، بەرپرسی به‌شى کردە پزیشکیەکان لە تەندروستی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: سەرباری  ئەوەی گرفتی کەمی دەرمان و نەمانی پێداویستیەکان هەیە، ماوه‌ى 10 رۆژه‌ كێشه‌ى دابین نه‌كردنى خواردن بۆ ستافی نه‌خۆشخانه‌كان و نه‌خۆشه‌كانیش سه‌ری هه‌ڵداوه‌.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌هۆی ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌كان چۆڵ ده‌بن، چونكه‌ زۆرێك له‌ كارمه‌ندان له‌كاتى ژه‌مه‌كاندا ده‌بێت بچنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.
 
وتیشی: ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، كه‌چى هیچ لایەنێک بەدەممانەوە نەهاتوە، به‌رده‌وامیشی ئه‌گەری بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە ده‌كاته‌ ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو.
 
پێشتر خزمه‌تگوزاریی دروستكردنى نانخواردن به‌ ته‌نده‌ر ده‌درا به‌ كۆمپانیا، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند كشایه‌وه‌ به‌و هۆیه‌ى زیانى لێده‌كات، راسته‌وخۆ له‌ چێشتخانه‌یه‌كى بازاڕ رۆژانه‌ خواردن بۆ نه‌خۆشخانه‌كان دابین ده‌كرا، به‌وهۆیه‌شى نزیكه‌ى 3 مانگه‌ هیچ پاره‌یه‌ك به‌و چێشتخانه‌یه‌ نه‌دراوه‌، ماوه‌ى نزیكه‌ى 10 رۆژه‌ چێشتخانه‌كه‌ش چیتر خواردن به‌ نه‌خۆشخانه‌كان نادات.
 
كێشه‌ى نه‌دانى پاره‌ به‌ چێشتخانه‌كه‌، به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌  چه‌كیان له‌ بانكه‌، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌ى نه‌بونى نه‌ختینه‌وه‌ بۆیان خه‌رج ناكرێت.
 



Dengnet.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 924,627     ژمارەی میوان 33