ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هێشتا بەرپرسى ئۆپراسیۆنی ئاسایشی گەرمیان نەچوەتە بەردەم دادگا

2022/09/20 - 02:15 | 1307 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دوای ئەوەى لەلایەن دادوەرێکەوە سکاڵای یاسایی لەسەر بەرپرسی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی گەرمیان تۆمارکرا، بەڵام تائێستا بەرپرسەکە نەڕۆیشتوەته بەردەم دادگا، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانیش دەڵێت: چاوەڕێی رەزامەندی مەرجەعی خۆمانین.
 
زیاتر لەمانگێکە، دادوەر: عەبدولئەمیر جومعه، دادوەرى دادگاى تاوانەكانى كەركوك/ گەرمیان، له دادگاى لێكۆڵینەوەى كفری سكاڵاى لەسەر موقەدەم: تۆڵه عادل، بەرپرسی ئۆپراسیۆنى ئاسایشی گەرمیان تۆمار كردوه، بەتۆمەتى هەڕەشەلێكردن "تهدید"، بەڵام تائێستا ئەو ئەفسەرە نەچوەتە بەردەم دادوەر.
 
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی وتەی ئەو لەبارەی هۆکاری نەچونە بەردەم دادوەر، پەیوەندی بە مقەدەم: تۆڵە عادل، بەرپرسی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی گەرمیانەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبو لێدوان بدات. هەروەک بۆ هەمان مەبەست رادیۆی دەنگ پەیوەندی بە بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاسایشی گەرمیانەوە کرد، بەڵام ئەویش ئامادە نەبو لێدوان بدات و تەنها ئەوەی وت: "ئەم بابەتە بابەتێکی ئیدارییە".
 
لایخۆشیەوە لیوا: بەرزان محەمەدفەرەج، بەڕێوبەری ئاسایشی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوەکرد: چاوەڕێی رەزامەندی مەرجەعین، بەڵام تائێستا هیچ نوسراوێکمان بەفەرمی لەوبارەوە پێنەگەیشتوە.
 
بە پێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لەکاتی سکاڵاکردن لەسەر هەر ئەفسەرێک یان دەرچونی فەرمانی دەستگیرکردنیان، بەپێی یاسای دادگاییکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ۱۷ـی ساڵی ۲۰۰٨، فەرمانەکە دەنێردرێت بۆ مەرجەعی ئەفسەرەکە، ئەوکات مەرجەع بڕیار دەدات بە ناردنی ئەفسەرەکە بۆ بەردەم دادگا یاخود نا.
 
سکاڵاکردن لەسەر بەرپرسی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی گەرمیان، لەلایەن دادوەر: عەبدولئەمیر جومعە، هۆکارەکەی وەک لە هەواڵێکی پێشوی رادیۆی دەنگ دا جەختی لێکردوەتەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ کە برایەکی دادوەرەکە کە شۆفێری تانکەرە لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە، دوای ئەنجامدانی گردبونەوەیەک، لەلایەن ئەو هێزەی ئاسایشەوە دەستگیر کراوە و لەکاتی دەستگیرکردنی دا ناوی دادوەر عەبدولئەمیر جومعەیان هێناوە و بە براکەیان وتوە "تۆڵه‌ى ئه‌ویش له‌ تۆ ئه‌كه‌ینه‌وە و ئه‌ویش وه‌كو تۆ ئه‌گرین و ئه‌توانین فه‌سڵیشی بكه‌ین". هەربۆیە دادوەرەکەش بە سکاڵای تۆمارکردوە و بە ماددەى (٤٣٢) له یاسای سزادانى عێراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەفسەرەکە دەرچوە.
 
ئەو مادە یاساییەی کە ئەفسەرەکەی پێ داواکراوە، تایبەته به هەڕەشەكردن "تهدید" و سزاکەی بەند کردنێکە کە زیاتر نەبێت لە ساڵێک یان پێبژاردنێکە کە لە سەد دینار زیاتر نەبێت.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,720,702     ژمارەی میوان 2858