عەبدولموتەڵیب رەفعەت
ماوەیەکە لە راگەیاندنەکانهوه باس لە تێکەڵبونى ئاو بە نەوت دەکرێت لە (کێڵگەى نەوتى حەسیرە) لە ناوچەى گەرمیان، کە لە راستیدا کێشەیەکە کە چارەسەرکردنى ئاسان نییە و پێویستى بە تێچوى زۆر هەیە بە تایبەتى بۆ کۆمپانیاى تایبەت بە دەرهێنانى نەوت.
ئەمە بەشێکە لە کێشەکە کە رەنگە گرنگ نەبێ بەلاى هاوڵاتیانەوە، بەڵام کێشە سەرەکیەکە کە پەیوەستە بە ژینگە و تەندروستى هاوڵاتیانەوە ئەوەیە، چۆن ئەو ئاوە دواى جیاکردنەوەى لە نەوت چارسەر بکرێت یا زیانەکانى لە سەر ژینگەو هاوڵاتیان کەم بکرێتەوە؟
رەنگە ئەمە گرفتێکى تازە بێت بە تایبەتى بۆ هەرێمى کوردستان وعیراق، بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتە نەوتیەکان ئەم کێشەیە هەیە وتاڕادەیەک گونجاوترین تەکنیکیان بەکارهێناوە بۆ کەمکردنەوەى زیانەکانى (نەوەک چارەسەرکردنى) چونکە چارەسەرکردنى زۆر زەحمەتە و پێویستى بە تێچویەکى زۆر هەیە کە رەنگە بە زیان بە سەر کۆمپانیا نەوتییەکاندا بشکێتەوەو ئامادە نین ئەو کارە ئەنجام بدەن.
لە راستیدا لە روى کواڵیتیەوە ئەو جۆرە ئاوە زۆر خراپە چونکە دو گرفتى سەرەکى هەیە لە پێکهاتەکەى ئەوانیش هەر یەکە لە: سوێرى و پاشماوەى نەوتى (بەتایبەتى میتاڵى قورس) و ئەو دو پێکهاتەیە پێویستیان بە تەکنیکى تایبەتە بۆ چارەسەرکردنیان، بۆ نمونە سوێرى ئەو ئاوە تاڕادەیەک ئاسانە و رێگا وتەکنیکى زۆر هەیە بۆ کەمکردنەوەى (TDS)، بەڵام کێشەى ئەم جۆرە ئاوە تەنها سوێرى نییە، بەڵکو کێشە گەورەکە پاشماوە نەوتیەکەیە بە تایبەتى (میتاڵى قورس) کە بە رێژەیەکى زۆر لەو ئاوە دەمێنێتەوە تەنانەت دواى چارەسەرکردنیشى.
حەقیقەتێکى زانستى هەیە کە تەنها خەڵکى ئەکادیمى دەیزانن ئەویش ئەوەیە کە (یەک دڵۆپ نەوت تواناى پیسکردنى زیاتر لە هەزار لیتر ئاوى هەیە) چجا ئاوێک بە تەواوەتى تێکەڵ نەوت بێت! بۆیە چارەسەرکردنى ئەم جۆرە ئاوە و جیاکردنەوەى لە نەوت ومیتاڵى قورس پێویستى بە پاڵاوگەیەکى تایبەت هەیە کە تێچوەکەى زۆر بەرز بێت، رەنگە ئەستەم بێت تەکنیکێکى لەو جۆرە لەلایەن کۆمپانیا نەوتیەکانى هەرێمى کوردستانەوە پەیڕەو بکرێت و ئەگەر تەنها پاڵاوتنێکى ئاساییش بۆ ئەو ئاوە بکرێت ئەوە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەکاربهێنرێت، تەنانەت لە روى پێشەسازیشەوە زۆر گونجاو نییە بەکاربهێنرێت.
وەکو پێشتر ئاماژى پێکرا، ئەم کێشەیە لە هەندێك لە وڵاتە نەوتییەکان روى داوە، یان هەندێك لەو وڵاتە نەوتیانە بۆ دەرهێنانى نەوت ئاو بەکاردێنن بە مەبەستى پاڵنانى نەوت لە قوڵاییەکى زۆرەوە و دواتر پاڵاوتنێکى ئاسایى بۆ دەکرێت و دوبارە ئینجێکت دەکرێتەوە ژێر زەوى. لە هەندێك لە وڵاتان ئەو جۆرە ئاوە دەکرێتە (هەڵم) و فڕێ دەدرێتە بەرگى هەواوە، ئەم تەکنیکەش بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە، چونکە دەبێتە هۆى پیسبونى هەوا و خاک و کارەساتى ژینگەیى و مرۆیى گەورەى لێ دەکەوێتەوە.
بۆیە باشترین وگونجاوترین رێگا بۆ چارەسەرکردنى ئەم جۆرە ئاوە دوبارە ئینجێکت کردنێتى بۆ ژێر زەوى بە قوڵاییەکى زۆر بە مەبەستى دورخستنەوەى زیانەکانى لە سەر مرۆڤ و ژینگە. ئەگەر چارەسەرکردنى ئاسان بوایە ئەوە وڵاتە پێشکەوتوەکان ئەو جۆرە ئاوەیان بەکاردەهێنا لە بوارى کشتوکاڵ وپیشەسازى و سودیان لێى دەبینى وەکو جۆرەکانى ترى پاشهڕۆ و بەهیچ شێوەیەک ئێنجێکتیان نەدەکرد.
بۆیە پێویستە حکومەت سەرپەرشتى وبەدواداچونى راستهوخۆ بکات بۆ شێوەى ئێنجێکت کردنى ئەو جۆرە ئاوە و بە هیچ شێوەیەک و بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت تا ئەو کاتەى چارەسەرى گونجاو دەکرێت بۆ پاشماوە نەوتیەکەى و(میتاڵە قورسەکان)ـى.