ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
ئیدارەی گەرمیان داوای لێپێچینەوە لە بەڕێوبەری کشتوکاڵی گەرمیان دەکات

2022/09/04 - 07:34 | 605 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ئیدارەی گەرمیان داوای لێپێچینەوە لە بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان دەکات بەهۆی ئەوەی خۆی و ستافەکەی لەکاتی دەوامی فەرمی دا بەشدارییان لە پرسە کردوە، پرسەکەش هی م. شەماڵ بو کە لە ٢٨ـی ئاب لە کفری تیرۆرکرا.
 
بەپێی نوسراوێکی ئیدارەی گەرمیان بەژمارە (١١/ ١/ ٢٩٦٥) کە لە ٣١/ ٨/ ٢٠٢٢ دەرچوە و ئاراستەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کراوە و وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرباری ئاگادارکردنەوەی چەندەم جارەیان بۆ بەڕێوبەری فەرمانگەکان لە بەشداریی نەکردن لە پرسەدا لە کاتی دەوامی فەرمی، کەچی بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان پێوەی پابەند نەبوە.
 
لە نوسراوەکەدا هاتوە: "بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بەبێ بایەخدان و پابەندبونی بە یاسا و رێنماییەکان لەکاتی دەوامی فەرمی هەستاوە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانیان لە بەرواری (٢٩/ ٨/ ٢٠٢٢) فەرمانگەکەیان بەجێهێشتوە و سەردانی پرسەیان کردوە لە قەزای کفری".
 
دەشڵێت: تکایە بفەرمون بۆ فەرمانتان.
 
ئەو پرسەیەی کە لە نوسراوەکەی ئیدارەی گەرمیان دا ئاماژەی پێکراوە، پرسەی (سهێل خورشید رەشید) بو کە بە م. شەماڵ ناسراوە و رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢ لە بەردەم ماڵەکەی خۆی دا لە کفری تیرۆر کرا. ناوبراو جگە لەوەی نوسەر و لێکۆڵەر و ئەندامی تەڤگەری ئازادی نزیک لە پەکەکە بو، فەرمانبەریش بو لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کفری.
 
لەبەرامبەردا شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان لەبارەی ئەو نوسراوەی ئیدارەی گەرمیانەوە بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو کەسەی ئێمە بەشداریمان لە پرسەکەی کردوە فەرمانبەرمانە و ٤۰ ساڵە خزمەتی هەیە و بەقەد هەمومان خزمەتی کشتوکاڵی کردوە.
 
وتیشی: "لێپێچینەوەش لە هەر فەرمانبەرێکم بکرێت کە لەگەڵم هاوتوە بۆ پرسەکە هەموی ئەخەمە سەر خۆم، ئەگەر عقوبەی شەش مانگیش بێت بەسەربەرزیەوە وەری دەگرم، بۆ ئەو پیاوە هەرچی بکەم کەمە".
 
لەبارەی جێهێشتنی دەوامی فەرمی بۆ چونە پرسە کە پێشتر ئیدارەی گەرمیان بەڕێوبەرەکانی لە قەدەغەبونی ئاگادارکردوەتەوە، شادیە حسێن وتی: من لەگەڵ ستافی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کفری کاتژمێر ٨ـی بەیانی رۆشتمە پرسەکەی کە فەرمانبەری خۆمە و  لە ٩:٤٠ هاتومەتەوە.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,347     ژمارەی میوان 2534