ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
16 ده‌زگاى میدیایی داواى دەستبەجێ ئازادكردنى پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانەكه‌ى بادینان ده‌كه‌ن

2021/02/20 - 12:52 | 1140 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
16 ده‌زگاى میدیاى له‌ هه‌رێم له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن: تەواو ئاشکرا بوە کە دەسەڵادارانی هەرێمی کوردستان هیچ رێزێک بۆ ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین دانانێن، داواشده‌كه‌ن دەستبەجێ سزای ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە هەڵبووەشێنرێتەوە.
 
ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌
بەیاننامەی ناڕەزایی
١٩-٠٢-٢٠٢١ کوردستانی عێراق
ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە چرکەساتێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت؛ ئێستا تەواو ئاشکرا بوە کە دەسەڵادارانی هەرێمی کوردستان چیتر هیچ رێزێک بۆ ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین دانانێن.
لە دوایین پەرەسەندنی ترسناکدا، دادگای تاوانەکانی هەولێر- کوردستانی عێراق سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی دهۆک و هەولێر دەرکرد، کە پێنج مانگ لەمەوبەر دەستگیركرابون.
بڕیارەكە ناڕەزایی توندی رۆژنامەنوسان، پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارنی بەدواداهات. ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) رۆژی سێشەممە 16ی شوباتی ٢٠٢١ لە دووەم رۆژی دانیشتنی دادگادا بە "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان"، تاوانباركران و بڕیاردرا بە شەش ساڵ زیندانی حوكم بدرێن.
پارێزەرانی دەستگیرکراوان و ئەو چاودێر و ئەندام پەرلەمانانەی لە دادگاییەکەدا ئامادەبون جەختیان لەوە کردۆتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لە دادگا نەخراوەتەڕو کە تۆمەتەکان بەسەر رۆژنامەنوس و چالاکوانەکاندا بسەلمینێت، هەروەها دانپێدانانی هیچ کەسێکیان نەخرایە بەردەم دادوەر سەبارەت بە تۆمەتی جاسوسی و کودەتا وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن. ئەوەی هەیە تەنیا هەندێک چاتی شەخسی فەیسبوک و گروپ چاتی نێوان رۆژنامەنوسان و چالاکوانانە.
پەرەسەندنی لەو شێوەیە مەترسییەکی گەورەیە؛ دادگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەباتی پەنابردنە بەر پیادەکردنی یاسای کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)و یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠) کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوون، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە یاسای (ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣) دادگایی دەکەن کە پاشماوەی ماددەی ١٥٦ی یاسای ژمارە ١١١ی یاسای سزادانی سەردەمی بەعسەو لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کراوە، بۆ ئەوەی توندترین سزایان بەسەردا بسەپێنن و چاوترسێنیان بکەن، لەم رێگەیشەوە بواری ئازادیی بیروڕادەربڕین تا دوا ئاست بەرتەسک بکەنەوە. بەدڵنیاییەوە ئەو پەرەسەندنەش هانی زیاتری سانسۆرکردن و خود-سانسۆرکردن دەدات. شاراوە نیە رژێمی بەعس ئەو یاسایەی بەتایبەت بۆ سەرکوتکردنی ئازادی، لێدان و لەناوبردنی هەموو نەیارێکی خۆی دانابو.
ئێمە ئەو دامەزراوانەی بڵاکردنەوەو راگەیاندن کە لە خوارەوە ناومان هاتوە، داوا لە رێکخراوەکانی پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین دەکەین کە پاڵپشتی هاوکارە رۆژنامەنوس و دامەزراوەکانیان و ڕێکخراوەکانی بواری ئازادی رادەربڕین لە کوردستانی عێراق بکەن تا دەستبەجێ سزای ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە هەڵبوەشێنرێتەوە.
لەم دۆخە ترسناکەدا هەڵوێستی دەستبەجێ، کاریگەری گەورەی دەبێت.
 
ناوی دامەزراوەکان:
دامەزراوەی میدیایی نالیا- سلێمانی
کەرکووک ناو- کەرکووک
دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوەو راگەیاندن- هەولێر
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم- سلێمانی
گۆڤارو ماڵپەڕی سپی میدیا- سلێمانی
دامەزراوەی میدیایی شار پرێس- سلێمانی
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان- سلێمانی
سایتی درەو میدیا- سلێمانی
تۆڕی میدیایی کۆمەڵ- سلێمانی
کەناڵی سپێدە- هەولێر
دەزگای میدیایی وێستگە- سلێمانی
ماڵپەڕو رادیۆو تەلەفزیۆنی ئێستا- هەولێر
رادیۆی دەنگ- کەلار
کەناڵی هیوا- هەولێر
رۆژنامەو ماڵپەڕی ئاوێنە- سلێمانی
راگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,717,966     ژمارەی میوان 716