31ى ئاب.. ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌ى یه‌كێتى چاوه‌ڕێ بو پارتی بگرێت و خۆی گرت

2022/08/31 - 10:50 | 854 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
"ئێمه‌ ده‌مانزانى عێراق دێ، پێش ئه‌وه‌ (مه‌به‌ست 31ى ئابه‌) به‌ حه‌فته‌یه‌ك ده‌مانزانى، عێراق له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى دێت". ئه‌مه‌ وته‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى، سكرتێری یه‌كێتى نیشتمانیی كوردستانه‌، له‌ دیداری دا له‌گه‌ڵ (سه‌ڵاح ره‌شید)، ئاماده‌كاری كتێبی (دیدارى ته‌مه‌ن) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ سه‌ربورده‌ى تاڵه‌بانى.
 
پاش تێپه‌ڕینی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر روداوى 31ى ئابى ساڵی 1996 و هێنانى سوپای به‌عس بۆ ده‌رهێنانى هه‌ولێر له‌ بنده‌ستى یه‌كێتى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، زۆر قسه‌وباس له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌متر گوێمان لێبوه‌ و خوێندومانه‌ته‌وه‌، ورده‌كارییه‌كانى ئه‌و روداوه‌ن له‌سه‌ر زارى كه‌سانى باڵاى حزبه‌كان به‌تایبه‌تى تاڵه‌بانى و بارزانى.
 
له‌ كتێبی (دیدارى ته‌مه‌ن) دا، تاڵه‌بانى باسی له‌هه‌ندێك ورده‌كاریی ئه‌و روداوه‌ كردوه‌ كه‌ له‌ كه‌م شوێنى تر باسی لێوه‌كردوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ى دیداره‌كان وابڕیار بون له‌دواى مردنى تاڵه‌بانى بڵاو ببنه‌وه‌، هۆكار بوبن بۆ ئه‌وه‌ى تاڵه‌بانى راشكاوانه‌ تر قسه‌ بكات و گوێ به‌ لێكه‌وته‌ سیاسییه‌كانى قسه‌ و زانیارییه‌كانى نه‌دات، پێچه‌وانه‌ى جارانى تر كه‌ زۆرتر "دیپلۆماسیانه‌" قسه‌ى ده‌كرد.
 
له‌وێدا تاڵه‌بانى واقسه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى یه‌كێتى نیشتمانى، ویستبێتى به‌هێنانى سوپای عێراق، گورزێكى كه‌مه‌رشكێن له‌ پارتى بدات و ئه‌و كه‌مه‌ هێزه‌ و ئه‌و ناوچه‌ سنورداره‌ى به‌ده‌ستییه‌وه‌ مابو، ئه‌ویشی لێبسێنێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌شیان به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چێت كاتێك سه‌ركرده‌كانى سودیان له‌ ئه‌زمونه‌كانى رابردو وه‌رنه‌گرت و هه‌رچی هێلكه‌ى خۆیانه‌ له‌ سه‌به‌ته‌ى گفتى وڵاتانى تر دانا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ خۆیان له‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌ى ببنه‌ حاكمى ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌رى هه‌رێمه‌وه‌، هاتنه‌ سه‌ر واقیعی ئه‌وه‌ى ببن به‌ لانه‌واز و ئاواره‌ى ئێران.
 
تاڵه‌بانى، كتومت له‌و كتێب و دیداره‌دا ده‌ڵێت: "پارتى له‌وه‌ نه‌سڵه‌میه‌وه‌، هاوكارى سوپای عێراق بكات و بیهێنێت بۆ داگیركردنى كوردستان. من دو، سێ مه‌سه‌له‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆت ده‌گێڕمه‌وه‌: ئێمه‌ ده‌مانزانى عێراق دێت، پێش ئه‌وه‌ به‌ حه‌فته‌یه‌ك ده‌مانزانى، عێراق له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى دێت، به‌ڵام هێزى پارتى سڵمان نه‌ده‌كرده‌وه‌". ل 249
 
تاڵه‌بانى، باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ پارتى زۆر ویستویه‌تى به‌پشت به‌ستن به‌هێزه‌كانى خۆی هه‌ولێر بگرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ى بۆ نه‌چوه‌ته‌سه‌ر و له‌دوا هه‌وڵیشی دا توشی شكستێكى گه‌وره‌ بوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ پلانه‌كه‌ى به‌ ئاراسته‌یه‌كى تردا بسوڕێنێت، ئه‌ویش داواكردنى هاوكارییه‌ له‌ سوپای عێراق و رژێمى به‌عس.
 
ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه‌ وه‌كو (تارق عه‌زیز)ى وه‌زیری پێشوترى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و یه‌كێك له‌ روكاره‌ دیاره‌كانى رژێمى به‌عس باسی لێوه‌كردوه‌، مه‌سعود بارزانى هاناى بۆ هێناون بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر رزگار بكه‌ن له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئێرانیه‌كان.
 
* رۆڵی ئه‌مریكا
 
وه‌ك جه‌لال تاڵه‌بانى، له‌و كتێبه‌دا ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، ئه‌وان پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان قسه‌یان كردوه‌ و له‌ هاتنى چاوه‌ڕوانكراوى سوپای به‌عس ئاگاداریان كردونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌ڵێنیان داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێن، لێیان ده‌ده‌ن.
 
ده‌ڵێت: پێشئه‌وه‌ى سوپای عێراق هێرش بكات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان دا قسه‌مان كرد و ئه‌وان به‌ڵێنیان دا و گوتیان "ئه‌گه‌ر سوپای عێراق هێرش بكات ئه‌وا ئێمه‌ لێیان ده‌ده‌ین"، ئێمه‌ پێمان وابو ئه‌گه‌ر سوپای عێراق هێرش بكات و ئه‌مریكا لێیان بدات، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌یانشكێنین، به‌ڵكو ده‌چین چه‌كه‌كانیشیان كۆده‌كه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ پیلانه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ داڕشتبو. ل 250
 
تاڵه‌بانى له‌ دوا دێڕی ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، ده‌ڵێت "پیلانه‌كانمان" كه‌ ره‌نگه‌ مه‌به‌ستی زۆرتر "پلان" بوبێت، به‌ڵام پێده‌چێت "خه‌یاڵ" ده‌سته‌واژه‌یه‌كى ورد تر بێت كه‌ له‌و رسته‌یه‌دا و له‌بری ئه‌و وشه‌یه‌ دابنرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى حیسابی بۆ نه‌كرابو ئه‌وه‌ بو "ئه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا لێی نه‌دا؟"
 
تاڵه‌بانى چه‌ند په‌رگرافێك دواتر، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ ئه‌وان "خۆشباوه‌ڕ" بون كاتێك متمانه‌یان به‌ به‌ڵێنه‌كه‌ى ئه‌مریكا كردوه‌. ده‌ڵێت: "هه‌ڵه‌كه‌ى ئێمه‌ له‌وه‌دابو، نه‌ ده‌بوایه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆش باوه‌ڕ بین به‌ ئه‌مریكا و حسابی هه‌ردو ئحتیمالمان بكردایه‌". ل 251
 
* بۆچی ئه‌مریكا پشتى له‌ یه‌كێتى كرد؟
 
له‌ شرۆڤه‌كردنى هۆكارى "پابه‌ندنه‌بونى" ئه‌مریكا به‌ "به‌ڵێنه‌كه‌یه‌وه‌" بۆ لێدانى عێراق، (تاڵه‌بانى) له‌ بیری خۆیدا سێ ئه‌گه‌رى داناوه‌. "یه‌كه‌م: سیماى ئیداره‌ى (كلینتۆن) شه‌ڕانى نه‌بو، زیاتر خۆی له‌ سیاسه‌تى (ئیحتیوا) و ته‌مێكردنی عێراقدا ده‌بینی. له‌جیاتى تۆڵه‌ له‌ رژێم بكاته‌وه‌، هیچی نه‌كرد و ته‌نها دو ساروخیان گرته‌ بینایه‌كى كۆنى چۆڵكراو".
 
ئه‌گه‌ر و هۆكارى دوه‌میش وه‌ك تاڵه‌بانى باسی ده‌كات "ئه‌وه‌ شه‌ڕى نێوان دو هێزى كوردییه‌، یه‌كێكیان ده‌عوه‌تى حكومه‌تى عێراقی كردوه‌، حكومه‌تى عێراق خۆی به‌ ره‌سمی ئاشكرایكرد كه‌ مه‌سعود به‌رزانى خۆی داواى له‌ (سید الرئیس) كردوه‌ هێز بنێرێت و هه‌ولێر رزگار بكات، ئه‌مریكیه‌كان ئه‌مه‌یان كرده‌ بیانو".
 
ئه‌گه‌رى سێیه‌م و كۆتاییش په‌یوه‌ست ده‌كات به‌ پارتى كرێكارانى كوردستان "په‌كه‌كه‌"وه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته‌ نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان، سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا بو، باسده‌كرێت ئه‌ربه‌كان رێی نه‌داوه‌ بنكه‌ى ئه‌نچه‌رلیك له‌ دژى عێراق به‌كاربێت، چونكه‌ ئه‌ربه‌كان پێی خۆشبو كه‌ یه‌كێتى له‌ هه‌ولێر نه‌مێنێت، ئه‌وكاته‌ سیاسه‌تى توركیا ئه‌وه‌بو، مه‌سعود بارزانى ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌ولێر دا هه‌بێت نه‌ك ئێمه‌، ئه‌وه‌ى دواى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ تاوانبار كراین كه‌ دۆستی PKKین و هاوكاریان ده‌كه‌ین". ل 252
 
به‌ڵام وادیاره‌ (تاڵه‌بانی)ش به‌و هه‌مو ئه‌زمون و ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ى بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كان، هێشتا نه‌یتوانیوه‌ له‌ هۆكارى پشتبه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مریكا حاڵی ببێت، كاتێك له‌كۆتایی ئه‌و بڕگه‌یه‌دا ده‌ڵێت: "ره‌نگه‌ له‌ پاشه‌ ڕۆژدا تیشك بكه‌وێته‌ سه‌ر هه‌ندێ تاریكی له‌وباره‌یه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ زیاتر تێده‌گه‌ین كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ چیه‌ و بۆچی ئه‌مریكا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى وه‌رگرت". ل 252
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,269,072     ژمارەی میوان 905