خالد سلێمان
"ئەوەی لە ڕاستی تێناگات گەمژەیە، ئەوەی لێی تێدەگات و خۆی گێل دەکات تاوانبارە". بیرتۆلد برێخت - شانۆنامەی گالیلۆ گالیلی.
سیستمی داگیرکەر، ئەوەندەی لە بەرگریی چەکدارانە دەترسێت، دوو ئەوەندەش لە بەرگری لە رێگەی فەرهەنگ و زمان و ژینگەوە دەترسێت، بەردەوامیش هەوڵیداوە ئەو دەنگانە سەرکوت بکات کە وێنەیەکی ڕەوانی داگیرکراو لە سایەی هەژموونی مێژووی داگیرکەردا دەخەنەڕوو.
بەلای داگیرکەرەوە، گرنگ ئەوەیە داگیرکراو بەزمانی ئەو قسە بکات وئەگەر توڕەبوونیشی بگاتە ئاستی چەکداریی، تەنها دەرەنجامی هەڵچونێکی کاتی بێت نەک بیرکردنەوەیەکی قوڵ و تێگەیشتن لەوەی داگیرکەر چۆن بیردەکاتەوە.
ئەو دەوێت داگیرکراو هیچ شتێک دەربارەی مێژوو، زمان، سروشت و ژینگەی خۆی نەزانێت؛ تەنانەت دەوێت گیانەوەرە کێوییەکانیش بە زمانی ئەو بناسێتەوە نەک بەزمانی دایک. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، سیستمی داگیرکاری تورک دەیەوێت ناوی (ڕێوی کوردستان) لە لیستی جیهانیی ناوی گیانەوەرە کێوییەکاندا بهێنێتەوە دەرەوەو ناوێکی تر لێبنێت، هەر ناوێک بێت جگە لە ناوی کوردستان.
کاتێکیش هۆشیاریی و فەرهەنگی داگیرکراو دەگاتە ئاستی هەڵوەشاندنەوەی مێژووی بەدرۆ بنیادنراوەکەی، ترسی داگیرکەر زیاتر دەبێت. ئەلبێر میمی، نووسەرو ڕۆماننووس و بیرمەندی تونسی، لە کتێبی (وێنەی داگیرکراو)دا بەجوانیی ئەم هاوکێشەیەی باسکردووە. لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، لەزۆر شوێندا ئەم کتێبە قەدەغەکرا، چونکە وەک مەترسی بۆ سەر سیستمی داگیرکەر دانرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەلبێر میمی لەلایەن فەرەنسییەکانەوە تیرۆر نەکرا، بەپێچەوانەوە چەندەها نووسەرو بیرمەندی گەورەی وەک ژان پۆڵ ساتەرو ئەلبێر کامۆ، پشتیوانیان لێکرد، سارتەر پێشەکی کتێبەکەشی بۆ نووسی، ئەمە جیاوازییە گەورەیەکەی لەنێوان ڕووناکبیرانی ناو سیستمی کۆڵۆنیالیزمی کۆنی ئەوروپاو داگیرکەرانی کوردستاندا.
سوهێل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، چەکدار نەبوو، شەڕڤان نەبوو دژی سوپای داگیرکەری تورک، ئەو تەنها نووسەرێک بوو، با لە ڕووی بیرو ئایدیۆلۆژیاوە، نزیکیش بووبێت لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، بەڵام ئەو لە شارێکی بچووکی وەک کفری-دا سەرقاڵی کاری فەرهەنگی ومێژوویی بوو لەسەر کوردستان نەک شتێکی تر.
سیستمی داگیرکەری تورک، ئەمەی پێ ڕەوا نەبوو، بەدووریی سەدان کیلۆمەتر، پلان دادەڕێژێت و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کفری تیرۆری دەکات، ئەگەر دەستی پێیان بگات کتێبەکانیشی دەسووتێنێت و لەناویان دەبات. لە مێژووی بەرەنگاربوونەوەی مۆدێلی عوسمانیەکاندا نموونەی ئەم ڕاستییە زۆرن، ئەوەی هەقیقەتی سیستمەکەی ئاشکرا کردووە، ڕووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە.