ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
پارلەمانتارێک: بە تەلەفۆنی فەرمانبەرێکی بانکی سلێمانی لەگەرمیان موچە دابەشکردن راگیرا

2022/07/26 - 01:27 | 464 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پارلەمانتارێک دەڵێت بە تەلەفۆنی فەرمانبەرێکی بانک لە سلێمانی، موچەی فەرمانبەرانی گەرمیان دابەش نەکراوە، بەڕێوبەری بانکی گەرمیانیش دەڵێت: ئەمە تەنها قسە فڕێدانە.
 
رزگار محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە رادیۆی دەنگی وت: وەکو ئەندامی پەرلەمان دو رۆژ سەردانی بانکی کەلارمان کرد لە کاتی دابەشکردنی موچەدا، بەداخەوە کە دەڵێن پارە نییە یان داهات وەکو پێویست نییە وانیە، ئێمە لە بانکەکە بوین و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان 108 ملیۆن دیناری هێنابو بۆ بانک کە پارەی داهاتی دو رۆژ بو، ئەگەرچی هاتوچۆ داواکارییەکیان هێنابو کە داوای 10 ملیۆن دیناریان دەکرد بۆ خەرجیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کەچی بانک پارەکەیان بۆ خەرج نەکرد.
 
باس لەوەش دەکات “فەرمانبەرێکی بانکی هەرێم لە سلێمانی بە تەلەفۆنێک بە بەڕێوەبەری بانکی گەرمیانی وت موچە رابگڕن، ئەگەرچی پارە لە بانکی کەلار هەبو، بەڵام بەوهۆیەوە موچە دابەشنەدەکرا".
 
دەشڵێت: “خودی بەرێوبەری بانکی گەرمیان  پێیوتم پەیوەندیەکە بۆ ئەوە بوە کە پارە بۆ موچە خەرج نەکرێت، لە کاتێکدا بەبەردەوام بانک داهاتی بۆ دەهات. بۆیە پێم وت کە پەیوەندی بەوەزیری داراییەوە دەکەم”.
 
لەبەرامبەردا بەڕێوبەری بانکی گەرمیان ئەو قسانەی پارلەمانتارەکە رەد دەکاتەوە.
 
ئاریا ئەنوەر، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەوەی کە خەرجکردنی موچە بە تەلەفۆنێک لە کەسێکەوە راگیرابێت، هیچ راست نیە و تەنها قسە فڕیدان بوە.
 
دەشڵێت؛ ئەو داهاتەی پێمان گەیشت لە شارەوانی رزگاری هەمان کات و هەمان رۆژ بۆیان خەرج کراوەتەوە، ئەوەی وتراوە راست نیە و هیچ بنەمایەکی نیە.
 
موچەی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ دوای زیاتر لە ٢٥ رۆژ لەو وادەیەی دیارییکرابو دابەشکرا و دوێنێ پرۆسەکە کۆتایی هات. هێشتاش موچەی مانگی تەموز کە بڕیاربو ٢٥ـی مانگ دابەش بکرێت، دابەش نەکراوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,398     ژمارەی میوان 443