دهنگ نێت
ئامادەکردن وەرگێڕان: سۆران نهریمان
نرخی پێداویستی رۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە، رێژەی هەڵاوسان ٥٠٪ زیادی کردوە. خراپی دۆخی کارەبا و کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی کە گەشتوەتە لێواری هەرەس هێنان، کەمی بانزین و پێنەدانی بانزین بە هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی وەکو پاس و تاکسی و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێلەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی، کەمی بانزین وای کرد کە نرخی بانزین لە پڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە.
لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، حکومەت بڕیاریدا کە بەنزین نەفرۆشرێت بە ئۆتۆمبیلی تایبەت و ناپێویست بۆ ماوەی دو هەفتە. ئەمەش یەکەمینجارە کە حکومەتێک ئەو کارە بکات لەوەتەی ساڵی ١٩٧٠ـهوه. قوتابخانەکان داخران و داوا لە خەڵک کرا کە لە ماڵەوە کار بکەن.
بۆچی ئابوری سریلانکا گەیشت بەم قۆناغە؟
یەدەکی دراوی بیانی لە وڵاتدا بەرەو نەمان رۆشت. ئەمەش وایکرد کە پارەی پێویست نەبێت بۆ کڕین و هاوردە کردنی شتومەك لە وڵاتانی ترەوە.
لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، بۆ یەکەمین جار لە مێژویاندا، شکستیان هێنا لە دانەوەی قەرزە دەرەکیەکان. حکومەت پەتای کۆرۆنای کرد بە بەهانە کە کاریگەری هەبوە لەسەر کەرتی گەشتیاری وڵاتەکەیان کە سەرچاوەی سەرەکی دراوی بیانیە لە سریلانکادا. هەروەها تەقینەوەکانی ٢٠١٩ کە لەچەند کەنیسەیەکدا رویدا رێژەی گەشتیاری کەم کردەوە لەو وڵاتەدا. هەرچەندە کە شارەزایان پێیانوایە کە خراپ بەڕێوەبردنی وڵات، سریلانکای بەم دۆخە گەیاند.
لە کۆتایی شەڕی ناخۆی سریلانکا لە ساڵی ٢٠٠٩، حکومەت بڕیاریدا کە هەناردەکردن کەم بکاتەوە بەمەبەستی پڕکردنەوەی بازاڕی ناوخۆ بە کاڵای ناوخۆیی، هەربۆیە داهاتی هەناردەکردن کەمی کرد و خەرجی هاوردەکردن زیادی کرد.
لە ئێستادا سریلانکا، ساڵانە زیاد لە سێ ملیار شتومەك هاوردە دەکات، کە بوەتە هۆکاری کەمبونەوەی دراوی بیانی لە وڵاتدا.
لە ساڵی ٢٠١٩دا یەدەکی دراوی بیانی سریلانکا بریتی بو لە ٧،٦ ملیار دۆلار. لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٢٠ یەدەکیان گەشتە ١،٩٣ ملیار دۆلار. بەم دوایانەش حکومەت رایگەیاند کە یەدەکی دراوی بیانی تەنها ٥٠ ملیۆن دۆلاری ماوە.
حکومەت بو بە ژێر قەرزێکی زۆری وڵاتانەوە لە نێویاندا وڵاتی چین بۆ ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەک کە رەخنەگرەکان پێیوان وایە کە پرۆژەی ناپێویستن.
زۆربەی ناڕەزایەتیەکانیش ئاراستەی گۆتابایا راجاپاکسای سەرۆکی وڵات و ماهیندای برای بو کە بە سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا و پاشان لە مانگی پێنجی ئەمساڵ لە کارەکەی دورخراویەوە.
کاتێک کورتهێنانی یەدەکی دراوی بیانی لە سریلانکا بو بە کێشەیەکی گەورە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ حکومەت بڕیاریدا سنورێک دابنێت بۆ هاوردەکردن، بڕیاری دا کە هاوردەکردنی پەینی کیمایی قەدەغە بکات و بە جوتیارانیان وت پێویستە کە تەنها پەینی کیمایی ناوخۆ بەکار بهێنن. ئەمەش کاریگەری خراپی کردەسەر بەهەمهێنان و هەناردەکردنی چایی.
لە ئێستادا پلانی حکومەت چیە؟
سەرۆکی وڵات رایگەیاند کە دەستی لەکار کێشاوەتەوە. سەرۆک وەزیرانیش رایگەیاند کە ئەویش دەست لەکار دەکێشێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەگرتوی نیشتمانی پێکبهێندرێت.
پرسیار ئەوەیە کە کێ سەرپەرشتی وڵات بکات و کێ دەتوانێت ئاسایش بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات؟
سەرۆکی پەرلەمانی سریلانکا بە بی بی سی راگەیاند: دوای ئەوەی سەرۆکی وڵات دەست لەکار دەکێشێتەوە، هاوپەیمانێتیەک دروست دەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ماوەی هەفتەیەکدا.
سەرۆک وەزیرانی وڵات رایگەیاند کە بۆ ئەوەی بتوانن موچەی کارمەندان بدەن ئەیانەوێت پارەی زیاتر چاپ بکەن و وتیشی کە ئەمەش دەبێتە هەڵاوسانی زیاتر و قەیرانەکان زیاتر دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لەبەرنامەیاندایە هێڵی ئاسمانی وڵات بدەن بە کەرتی تایبەت و داواشیان لە روسیا و قەتەر کردوە کە سوتەمەنی پێویستان بە نرخێکی هەرزان پێبدەن بۆ ئەوەی خەرجی سوتەمەنی کەم بکەنەوە و نرخی سوتەمەنی دابەزێنن.
بڕی قەرزە دەرەکیەکانی سریلانکا چەندە و دەبێت چەند قەرز بداتەوە؟
حکومەتی سریلانکا بڕی ٥١ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەرە کە بڕی٦،٥ ملیار لەو قەرزانە لە وڵاتی چین کردویەتی.
لەمساڵەوە دەبێت ساڵانە بڕی ٧ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی بداتەوە. بانکی جیهانیش دەڵێت: دەتوانن تەنها ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بدەن بە سریلانکا.
وڵاتانی (جی7) کە سەرکردایەتی پێشەسازی جیهان دەکەن (کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، یابان، بەریتانیا و ئەمەریکا) بەڵێنیان داوە کە هاوکاری پێشکەش بە سریلانکا بکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
سەرچاوە: بی بی سی